وەزارەتی بەرگری رایگهیاند كه هێزی ئاسمانی عێراق پێنجشەممە (16 ئاب) ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ی لەسەر خاکی سوریا نزیك بە سنووری عێراق تێكشكاند.
وەزارەتەکە رایگهیاند كه هێرشەکە "فەرماندە باڵاکانی" لەناوبرد کە پلانیان هەبوو "هێرشی تیرۆریستی گەورە" ئەنجامبدەن لەناو عێراقدا بەر لە جەژنی قوربان و لەکاتی جەژندا.
وتەبێژی وەزارەتەکە، عەقید تەحسین خەفاجی وتی: "فڕۆکە جەنگییە F16 كانی هێزی ئاسمانی عێراق دوێنی هێرشێکی سەرکەوتوویان لە خاکی سوریادا ئەنجامدا، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان (سەرهكوەزیران حەیدەر عەبادی)."
خەفاجی بە دیارونای وت هێرشەکە بهپشتبهستن به زانیاری هەواڵگریی دەزگا ئەمنیەکان ئەنجامدرا کە هۆشدارییاندابوو لەسەر کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ئەلبوکەمال، کە شارۆچکەیەکی سورییە نزیك بە سنووری عێراق.
![فڕۆکەیەکی جەنگیی عێراقی هەڵدەستێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێك دژی پێگهیهكی داعش وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت، کە 16 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەی وێنە: هێزی ئاسمانی عێراق]](/cnmi_di/images/2018/08/17/14080-Iraqi-fighter-jet-600_384.jpg)
فڕۆکەیەکی جەنگیی عێراقی هەڵدەستێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێك دژی پێگهیهكی داعش وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت، کە 16 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەی وێنە: هێزی ئاسمانی عێراق]
وتی هێرشەکە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنەکانی تێكشكاند کە سەرکردەکانی داعش تێیدا کۆببوونەوە لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی پلەباڵای گروپەکە.
وتی ناسنامەی ئەو کهسانە لەکاتێكی دواتردا رادەگەیەنرێت.
هێرشی بهرگری
خەفاجی وتی: "دەزگاکانی هەواڵگری ماوەیەکی زۆرە بهدواداچوون دهكهن بۆ جوڵەی تیرۆریستەکان و چاودێری هەوڵە بەردەوامەکانیان دەکەن بۆ خۆدروستكردنهوه و ههروهها شانە نووستوەکانیشیان."
وتیشی: "هێرشەکە لەوکاتەدا ئەنجامدرا کە کۆببوونەوە بۆ پلانکردنی هێرشی تیرۆریستی گەورە پێش جەژنی قوربان و لەکاتی جەژندا."
بنکەی زانیاری ئەمنیی عێراقیش لە بەیاننامەیەکی پێنجشەممەدا رایگهیاند ئەو سەرکردانەی داعش کە کۆببوونەوە "پلانیان هەبوو ئۆپەراسیۆنی تاوانکارانە ئەنجامبدەن بە پشتێنی بۆمبڕێژكراو دژی خەڵكی بێتاوان."
خهفاجی وتی لە چەند مانگی رابردوودا، فڕۆکەکانی عێراق و هاوپەیمانان زنجیرەیەك هێرشی بهرگرییانهیان ئەنجامدا کە قەڵاکانی داعش و گردبوونهوهكانیان کردە ئامانجلە ناوچە سنوورییەکە.
وتیشی هەندێك لەو ناوچانە "هێشتا ئەمنیەت تێیاندا لاوازە و بوونەتە بنكهیهك بۆ چەکدارەکانی داعش کە لێیانەوە دزەبکەنەوە ناو وڵاتەکە".