هێزەکانی عێراق بەپشتیوانی ئاسمانی شوێنپێی شانەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەڵدەگرن لە ناوچە دوورەدەستەکانی باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێکی بهرفراوان کە دووشەممە (6 ئاب) دەستیپێکرد.
بەگوێرەی کاربەدەستێکی ناوچەکە، هێزە هاوبەشەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، یەکەکانی سوپا و پۆلیسی خۆجێی بەپشتگیریی ئاسمانی لە فڕۆکە جەنگیەکانی عێراقەوە، ئۆپەراسیۆنەکەیان بەدرێژایی دوو رێگە دەستپێکرد.
یەکەمیان لە باکوری شاری خانەقینەوە درێژدەبێتەوە بەرەو باکوری جەلەولا و دووەمیان ناوچەکانی باکوری میقدادیە رووماڵدەکات.
ئەم دوو رێگەیە چەندین گوند و باخی کشتوکاڵیی چڕیان لەسەرە، لەگەڵ ناوچەیەکی ئاڵۆز کە دۆڵ و ئەشکەوتی تێدایە.
ئەم هەڵمەتە نوێیە بەشێکە لە زنجیرەی چەند هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ بنەبڕدنی ئەو توندڕەوانەی کە ناوچە دوورەدەستەکانی دیالە، بەتایبەتی لە گردەکانی حەمرین، بەکاردەهێنن بۆ خۆشاردنەوە لە هێزە ئەمنیەکان و ئەنجامدانی هێرش لە تاریکیدا.
قائیمقامی قەزای خانەقین، محەمەد مەلا حەسەن، سێشەممە (7 ئاب) بە دیارونای وت تائێستا لەم ئۆپەراسیۆنەدا سێ "حەشارگە"ی داعش تێکشکێنراون کە چەردەیەك چەك و ئامراز و شمەكیان تێدابوو.
وتی پاشماوەکانی داعش لە دەوروبەری خانەقین جێگیربوون و هەوڵدەدەن جارناجارێك هێرشبکەن.
وتی بەڵام هێزە ئەمنیەکان ئامادەن بۆیان و بەردەوام دەیانکەنە ئامانج.
وتیشی بەمدواییانە ژمارەیەك هاوڵاتی بڕیاری جێهێشتنی گوندی مەردانیان داوە لە دەوروبەری خانەقین بەرەو ناوەندی شار لە ترسی هەڕەشەی تیرۆریزم، بەڵام ئەم ژمارەیە "سنووردارە" و "هێندە زۆر نیە کە راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان باسی دەکەن".
ههروهها وتی: "دۆخەکە سەقامگیرە و پاشماوەکانی تیرۆریزم هێشتا ناتوانن کاریگەریی جدییان هەبێت."
وتیشی: "شارەکە، پێش دەرکەوتنی داعش و لەکاتی فراوانخوازیی گروپەکەدا لە شارە هاوسێکانی خانەقین، وەك جەلەولا و سەعدیە و حەمرین، شوێنی لەخۆگرتنی نزیکەی 120,000 ئاوارە بوو لەنێو خودی پارێزگای دیالەوە."
بەگوێرەی مەلا حەسەن، دوای دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردن، ژمارەی ئاوارەکان کەمبووهوە بۆ کەمتر لە 40,000، كه ئاماژەیەكه بە باشتربوونی ئەمنیەتی دیالە و تەواوی عێراق.