هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق پاشماوەکانی داعش لە سامەڕا دادەبڕن

خالید تائی

سەربازانی عێراق لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بەدوای ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا دەگەڕێن لە دوورگەی سامەڕا لە حوزەیراندا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازانی عێراق لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بەدوای ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا دەگەڕێن لە دوورگەی سامەڕا لە حوزەیراندا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ئۆپەراسیۆنی گەڕان و کنەکردن لە دەوری سامەڕا لە پارێزگای سەلاحەدین "پاشماوەکانی تیرۆری دابڕیوە" لە شارەکە، قائیمقامی سامەڕا مەحمود خەڵەف دووشەممە (6 ئاب) بە دیارونای وت.

راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانی ئەمدواییانە ئاماژە بەوە دەکەن پاشماوەی ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ماوەیەکە هەوڵدەدەن پەناگە لە دورگەی سامەڕا بدۆزنەوە دوای ئەوەی لە بیابانی ئەنبار جێیان پێلەقکرا.

خەڵەف وتی لە کۆتایی تەمموزەوە، هێزەکانی عێراق "مەفرەزەی ئەمنیی کاریگەر" بەڕێدەخەن بەشێوەیەکی رۆژانە لە چەندین ناوچەی سامەڕا.

وتی ئەوان "بنکەکانی تیرۆریستان لە چەندین ناوچە دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی لە بیابانی خۆرئاوای سامەڕا، کە ناسراوە بە دورگەی سامەڕا".

وتیشی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق، بەهەماهەنگی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا لە 2 ئاب ئۆپەراسیۆنێکی شوێنپێهەڵگرتنی چڕوپڕی بۆ پاشماوەکانی داعش ئەنجامدا لە باشوری سامەڕا.

هه‌روه‌ها وتی ئەمە سەریکێشا بۆ لەناوبردنی 15 توندڕەو کە چەکی سوکیان پێبوو دوای ئەوەی شوێنپێیان هەڵگیرا و کوژران بە موشەکی ئاراستەکراو و چەکی ئۆتۆماتیك و وتی بنکەکانیانیشیان تێکشكێنران.

ئۆپەراسیۆنەکە دوو رۆژ دوای بەسەردادانێکی گەورەی هێزە هەواڵگری و سەربازییەکان هات بۆ سەر بنکەیەکی داعش لە دورگەی سامەڕا، کە پێنج خۆکوژیان کوشت و تیرۆریستێکیان دەستگیرکرد.

خەڵەف وتی خۆکوژەکان پلانیان دانابوو بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنیەکان و بنکە ئەمنیەکان.

لە دوو هەفتەی رابردوودا هێزە ئەمنیەکان دەیان بۆمبی دەستکردیان تەقاندۆتەوە و دەستیانگرتووە بەسەر چەك و موشەکدا، لە ناوچەکانی لاین و میلح و جەزیرە.

خەڵەف وتی ئەم ئۆپەراسیۆنانە "پەیامێکی بەهێز دەنێرن بۆ هێزەکانی تیرۆریزم کە راوەدوونانیان بەردەوامە و هەرگیز ناوەستێت".

وتیشی: "ئێمە دڵنیاین لەوەی کە هێزەکانمان دەتوانن کۆتایی بە بوونی تیرۆریزم بهێنن لە هەر کوێیەك بێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمدواییە بەڵگەی ئەوەن."

وتی "سنوورە کارگێڕیەکانی شارەکە [سامەڕا] و دەروازەکانی لەهەموو لایەکەوە ئەمنیەتیان دابینکراوە" و "هەموو جوڵە سەربازییه‌كان پشتده‌به‌ستن به‌ زانیاری هەواڵگریی ورد، هەربۆیەش هەر هەوڵێك بۆ دزەکردن و تێکدان شكستدەهێنێت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500