بەمدواییانە ئەنبار یەکەمین نوسینگەی دەرکردنی ناسنامە نیشتمانیە نوێکەی کردەوە لە بهڕێوبهرێتی رهگهزنامه و باری مەدەنی لە فەلوجە.
پێش کردنەوەکە، نوسینگەکە هەموو راخەر و سیستمێکی پێویستی تێدا جێگیرکرا و ژمارەیەك ئەفسەر و کارمەند راهێنانیان پێکرا لەسەر دەرکردنی کارته یەگرتووهكه.
بەڕێوبەری بهڕێوبهرێتی رهگهزنامه و باری مەدەنی لە فەلوجە لە ئەنبار عەمید عامر محەمەد دلێمی وتی ئەمە دڵنیایی دەدات لەوەی ناسنامەكان بەگوێرەی ئەو زانیارییانه دەبەخشرێن كه لە داتابەیسهكاندا خەزنکراون.
بە دیارونای وت: "دەرکردنی ناسنامەی نیشتمانی بۆ دانیشتوانی فەلوجە یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەی لێکچوونی ناوی دانیشتوان دەدات، لەکاتێکدا ژمارەی بەڵگەنامە تاکەکەسییەکان کەمدەکاتەوە."
وتی ئەم ناسنامە نوێیە جێگەی ناسنامەی تاکەکەسی و بەڵگەنامەکانی هاوڵاتیبوون دەگرێتەوە و تەنیا ناسنامەیەکی یەکخراوە بە زانیارییه تاکەکەسییەكانهوە، لهوانه سکانی چاو و مۆری پەنجە.
وتی: "ستافی بهڕێوبهرێتی رهگهزنامه و باری مەدەنی لە فەلوجە لەئێستادا دەستیانکردووە بە پێشوازیکردن لە هاوڵاتیان و دەرکردنی ناسنامەی نیشتمانی بەگوێرەی لیستی ئەلفبێ و ژمارەی تۆمارکراو لە بهڕێوبهرێتیهكه."
وتیشی هەموو هەوڵێك دەدرێت تا دڵنیایی بدرێتە دانیشتوانی ئەنبار بەوەی لەکاتی سەردانەکانیاندا لە بهڕێوبهرێتیهكه تووشی دواکەوتن نابن.
'دەستکەوتێکی گەورە بۆ پارێزگاکە'
بەڕێوبەری بهڕێوبهرێتی رهگهزنامه و باری مەدەنی لە فەلوجە عەقید محەمەد جومەیلی وتی: "کردنەوەی نوسینگەی دەرکردنی ناسنامەی نیشتمانی لە شارەکە دەستکەوتێکی سەرەکییە بۆ ئەنبار."
بە دیارونای وت ئاماژەی ئەوەیە کە ژیان ئاسایی بۆتەوە لە پارێزگاکەدا لەوکاتەوەی رزگارکراوە لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و دوای گەڕانەوەی خەڵکە ئاوارەکەی.
وتی لە سەردەمی داعشدا "هەموو تۆمار و بەڵگەنامەکانی بهڕێوبهرێتی رهگهزنامه و باری مەدەنی لە فەلوجە پارێزران لە تێکدان و دەستیکاریکران".
وتیشی داعش نەیتوانی ئەم بەڵگەنامانە بدۆزێتەوە، "چونکە گوێزرابوونەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو پێشئەوەی گروپەکە شارەکە بگرێت".
جومەیلی وتی: "کادرەکانی بهڕێوبهرێتی رهگهزنامه و باری مەدەنی لە فەلوجە، لەنێویاندا ئەفسەر و کارمەندان، سێ مانگ لەمەوبەر راهێنانیان پێکراوە دەربارەی چۆنێتی دەرکردنی ناسنامەی نیشتمانی یەکخراو و چۆنێتی زانیاری خستنە نێو سیستمە کۆمپیتەرییەکە."
وتی ئەمە بەستراوە بە سیستمی سەرەکییەوە لە رەمادی و بەغدا و وتیشی هەرکاتێك داواکارییەکە تۆمارکرا و راییکرا، ناسنامەکە لەماوەی 10 رۆژدا دەردەچێت.
ههروهها وتی ناسنامە نوێکە ناوی هەڵگر، رۆژی لەدایکبوون، شوێنی نیشتەجێبوون، مۆری پەنجە، سکانی چاو، ناوی هاوسەر و زانیاریی دیکەی پێویستی تێدایە کە پێویستن لەکاتی سەردانکردنی بەشە حکومی و ئەمنیەکاندا لە ئەنبار و عێراق.
'خزمەتگوزارییەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو'
قائیمقامی فەلوجە عیسا سایهر بە دیارونای وت: "فەلوجە یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی ئەنبار و ژمارەیەکی دانیشتوانی گەورەی هەیە کە بەردەوام و هەموو ساڵێك زیاددەکات."
وتی: "کردنەوەی نوسینگەی ناسنامەی نیشتمانی بەشداردەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییهكی مۆدێرن و پێشکەوتوودا بە هاوڵاتیان."
وتیشی: "قۆناغی داهاتوو کردنەوەی نوسینگەی کارتی نیشتمانی دیکە دەبێت لە قەزاکانی کەرمە، سەقلاوییە و عامریە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بهڕێوبهرێتی رهگهزنامه و باری مەدەنی لە فەلوجە."
ههروهها وتی فەلوجە پێویستی بە نوسینگەی بەڕێوبەرێتی پاسپۆرت هەیە.
وتیشی بۆ ئەو مەبەستە، حکومەتی خۆجێی شارەکە داواکاریی فەرمی ناردووە بۆ پارێزگاری ئەنبار و کاربەدەستانی پەیوەندیدار بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیان لەوەی توشی هیچ دواکەوتنێك نابن بههۆی ئهوهی لە رەمادی بكهن داوای پاسپۆرت بكهن.
دانیشتوویهكی فهلوجه، عادل سەلاح، بە دیارونای وت: "ئەو ناسنامانهی لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانەوە ههڵدهگیرێن زۆر کۆنن." ئاماژەی بەوەش کرد کە کارتە نوێکە بچوکترە و زانیاریی زیاتریشی لەسەرە.
وردەکاریی زیاتر و بیرۆکراسی کەمتر
سەلاح وتی: "کێشەی لێکچوونی ناو لەگەڵ کەسانی داواکراودا زۆر باوە بەهۆی تەنیا بەکارهێنانی ناوی سیانییهوه لەسەر ناسنامە کۆنەکان و نەبوونی نازناو لەسەر زۆربەی بەڵگەنامە کۆنەکان."
چارەسەرەکە کارتێکی ناسنامهی یەکخراوە کە زانیاریی تەواوی تاکەکەسی تێدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لێکچوونی ناوەکان.
ههنا ئەیاد کە مامۆستایە لە فەلوجە وتی هەر هاوڵاتیەك چوار جۆر بەڵگەنامەی تاکەکەسی هەیە: ناسنامەی باری كهسی، رهگهزنامه، ناسنامەی نێشتەجێبوون و كۆپۆنی خۆراك.
ناوبراو بە دیارونای وت ئهنجامدانی کاروبارهكانی دەزگاکانی حکومەت بۆ هەریەك لەم کارتانە "بارێکە بەسەر هاوڵاتیان و کارمەندانەوە و کارتێکی یەکخراو کۆتایی بەو کێشەیە دەهێنێت".
وتی: "بەهیواین حکومەتی ئەنبار خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشبکات، بەتایبەتی زیادکردنی نوسینگەیەکی دیکەی دەرکردنی ناسنامە و کردنەوەی نوسینگەی مۆڵهتی شۆفێری لە فەلوجە."
ئەم خزمەتگوزارییە لەئێستادا تەنیا له ناوچەی کیلۆ-7 لە خۆرئاوای رەمادی هەیە، کە هەوڵ و کاتی دەوێت بۆ گەیشتن بەو قەزا دوورەدەستە.