رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەیان ژن و منداڵی رفاند کاتێك هێرشی کردەسەر گوندێك لە سوەیدای سوریا، دانیشتوانی ئەو پارێزگایەی باشور و رێکخراوێکی چادوێری دووشەممە (30 تەمموز) رایانگەیاند.
سوەیدا، کە زیاتر لەژێردەستی حکومەتدایه و ئەندامانی کەمینەی سوریی دروزی لێدەژین، لە 2011ەوە تاڕادەیەکی زۆر بەدووربووە لەو شەڕەی لە وڵاتەکەدا هەڵگیرساوە.
بەڵام چوارشەممە، زنجیرەیەك تەقینەوەی خۆکوژی و تهقهكردن کە داعش بەرپرسیارێتی لێ راگەیاند زیاد لە 250 کەسی کوشت، كه زۆربەیان مەدەنی بوون، لە پایتەختی پارێزگاكه، نزیك بە گوندەکانی.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ و دانیشتوانی سوەیدا دوای هێرشەکە، توندڕەوانی داعش بە دەیان ژن و منداڵیان لە گوندێك رفاند.
روانگەکە رایگەیاند كه 36 ژن و منداڵی دروز رفێنران، بەڵام لەوکاتەوە چوار ژن توانیویانە هەڵبێن و دووانی دیکە مردوون.
بەڕێوبەری روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی بەوجۆرە 14 ژن و 16 منداڵ هێشتا دیلی داعشن، 17 پیاوی دیکەش دیارنین، بەڵام روون نیە ئاخۆ رفێنراون یان نا.
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ههواڵی بهناوی سوەیدا 24، چوارشەممە 36 مەدەنی رفێنران لە گوندی شەبکی، لە ناوچە دوورهدهستهكانی پارێزگای سوەیدا.
سوەیدا 24 و بڵاوکراوە ئینتەرنێتیەکانی دیکە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە دەریدەخات یەکێك لە بارمتەکان داوا ئاراستەی حکومەتی سوریا دەکات، گوایە بەناوی داعشەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس نەیتوانی راستیی ڤیدیۆکە پشتڕاستبکاتەوە، بەڵام چەندین دانیشتووی سوەیدا پشتڕاستیانکردەوە کە ئەو ژنەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت لەنێو ئەوانەدا بوو کە دوای هێرشەکان ونبوون.
گفتوگۆ لهسهر بارمتەكان
رۆژنامەنوس نور رەزوان کە سوەیدا 24 بەڕێوەدەبات، وتی بارمتەکان زیاتر لە دوو خێزانی گەورەی شەبکین.
وتی ئەو گوندە دوورەدەستە لە کەناری خۆرهەڵاتی پارێزگای سوەیدایە و هێرشەکانی چوارشەممە لە کوشندەترین توندوتیژییەکان بوون، کە تەنیا لە شەبکی زیاد لە 60 مەدەنییان کوشت.
رەزوان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "زۆربەی دانیشتوانەکەی جوتیارن و لە تفهنگی راو زیاتریان نیە وەك چەك، بۆیە بەرگریی زۆر لە شەبکییەوە نەبوو بەراورد بە گوندەکانی دیکە."
وتیشی: "کاتێك داعش ئەوەی بینی، یەکەم گروپی خەڵکی لە ماڵەکانی خۆیان رفاند و بەرەو خۆرهەڵاتی بردن بەرەو بادیە، بەگوێرەی رزگاربووان."
بادیە بیابانێكی فراوانی سوریایە، کە لە نێوەندی وڵاتەکەوە درێژدەبێتەوە بەرەو سنووری خۆرهەڵاتی لەگەڵ عێراق و چەندین مۆڵگهی لێكدابڕاوی ژێردەستی داعش لهخۆدهگرێت.
داعش بە وێنە و ڤیدیۆش پەیوەندییکردووە بە خێزانی رفێندراوەکانەوە.
رەزوان وتی توندڕەوان داوا لە حکومەتی سوریا دەکەن بەرامبەر ئازادکردنیان "خەڵکی پەیوەندیدار بە داعش ئازادبکەن، کە ژمارەیان لەئێستادا دانوستانی لەسەر دەکرێت".
وتی داعش داواش دەکات هێرشهكانی رژێمی سوریا بۆ سەر پێگەکانی توندڕەوان بوەستێت.
رەزوان و سەرچاوەیەکی دیکە لە ناوچەکە کە زانیارییان هەبوو، بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت سهركرده ئایینییهكانی دروز لەوکاتەوە هاتوونەتە ناو بابهتهكهوه.
سەرچاوە ناوخۆییهكه وتی: "تا یەکشەممە، بارمتەکان هێشتا لە بادیە بوون. دانوستان لەنێوان داعش و شێخەکانی دروزدا دەستیپێکردووە."
داعش ناوچە شارنشینەکانی سوریای لەدەستداوە، بەڵام هێشتا چەند بەشێکی بادیەی لەژێردەستدایه، لەنێویاندا ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵات لە سوەیدا و ههندێك خاكیش لهسەر سنووری عێراق.
توندڕەوان چەند ناوچەیەکیشیان لەژێردەستدایه لە پارێزگای دەرعا، رێك له خۆرئاوای سوەیدا.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سوریا رایگەیاند كه هێزەکانی سوریا دووشەممە دەستیانکرد بە ئۆپەراسیۆنی بۆمباران پێش هێرشێك بۆسەر شارۆچکەیهكی سەرەکیی ژیردەستی داعش، ئهلشەجەرە لە دەرعا.