هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ژنانی داعش دەیانەوێت لە مێردەکانیان جیاببنەوە

خالید تائی

ژنانی ئاوارەی عێراقی ناویان تۆماردەکەن بۆ هاوکاريی حکومەت. [خاوەنەی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

ژنانی ئاوارەی عێراقی ناویان تۆماردەکەن بۆ هاوکاريی حکومەت. [خاوەنەی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

دادگاکانی باری کەسێتی لە شارە رزگارکراوەکانی عێراق شەپۆلێك داواکاریيان پێگەیشتووە لەو ژنانەوه‌ كه‌ دەیانەوێت لە چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) جیاببنەوە.

زۆربەی ئەو ژنانە بەزۆر هاوسەرگیرییان لەگەڵ چەکدارانی داعشدا کردووە و نایانەوێت ئەو هاوسەرگیرییەیان بەردەوامبێت.

هاوسەرگیری بەزۆر، بەتایبەتی لە رەوشی فرەژنیدا، بەشێكە لە میراتی توندوتیژی سێکسی چەکدارانی داعش دژی ژنان، له‌پاڵ رفاندن و دەسدرێژیکردنە سەریان و کڕین و فرۆشتنی ژنان وەك کۆیلە.

نور، 28 ساڵ، كه‌ ناوەکەی گۆڕاوە، بە دیارونای وت بەزۆر هاوسەرگیریی لەگەڵ چەکدارێکی داعش کردووە بەرلەوەی گروپەکە موسڵ بگرێت لە 2014.

وتی: "دوای چەندین جار رەتکردنەوەی هاوسەرگیریکردن، كۆڵمدا دوای ئەوەی هەڕەشەی کوشتنیان لە خۆم و خێزانەکەم کرد (...) هاوسەرگیرییەکی زۆر ناتەبا بوو و زۆر کێشەمان هەبوو."

وتیشی: "هەرگیز دڵخۆش نەبووم بە رەفتار و بیرکردنەوەکانی." هه‌روه‌ها وتی هاوسەرەکه‌ی "سەرچاوەی شەرمەزاری بوو، نامەوێت هەرگیز جارێکی دیکە پەیوەندیم پێیەوە هەبێت".

نور وتی لە کۆتایی 2016 وە هەواڵی نەبیستووە، لەوکاتەی شەڕی موسڵ دەستیپێکرد و ئێستاش داوای جیابوونەوە دەکات و چاوەڕێی بڕیاری دادگایە.

'توندوتیژی'

سەرۆکی دەزگای سه‌رپه‌رشتیی ژنان و منداڵان له‌ وەزارەتەکە، عەبیر چەلەبی، وتی: "هاوسەرگیری بەزۆر بەشێك بوو لە توندوتیژی دژ بە ژنان."

چەلەبی بە دیارونای وت: "ئەندامانی داعش زۆریان لە کچەکان دەکرد هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بکەن بەبێ مەرج و کچەکان و خێزانەکانیشیان هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە په‌سه‌ندکردن، چونکە رەتکردنەوە مانای کۆتایهاتنی ژیانیان بوو."

وتی داواکاری ئەو ژنانە بۆ جیابوونەوە "بەڵگەیەکی بەهێزە کە تیرۆریستەکان لەلایەن ژنەکانیان و خێزانەکانیانەوە و تەواوی کۆمەڵگاوە په‌سه‌ندنەکراون. "

وتیشی چەکدارانی داعش دەسدرێژییانكرده‌ سەر کەرامەتی ژنان و تەنیا وەك "موڵكێك سه‌یریانده‌كردن و دەسدرێژی بەکۆمەڵیش دژی کچە گەنجەکان تاوانێکی دیکەیانە (...) تاوانەکانیشیان هەموو به‌هایه‌كی ئایینی و مرۆڤایەتیی پێشێلکرد."

ژمارەی تەواوەتی ژنەکانی داعش نەزانراو بەڵام چەلەبی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه‌ 800 ژنیان لە شێڵتەری ژنانن لە باکور و رۆژهەڵاتی عێراق و لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەژین.

"زۆربەی ئەو ژنانەی هاوسەرگیرییان لەگەڵ ئەندامانی داعشدا کردووە رووبه‌ڕووی فریداون و توندوتیژی بوونەتەوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیرییەکە په‌سه‌ندبکەن،" نوحا دەروێش وتی، کە وانەی ده‌روونناسی دەڵێتەوە لە زانکۆی بەغدا.

وتی هەندێك ژنیش هەن خۆیان رازیبوون هاوسەرگیری بکەن و وتیشی: "ئەو ژنانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و لەوانەشە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆریزم سزابدرێن."

هاوسەرگیری نایاسایی

دەروێش وتی زۆربەی ئه‌و هاوسەرگیریانه‌ی بەزۆر ئەنجامدراون لەو کاتەدا بووە کە داعش کۆنترۆڵی تەواوه‌تی شارەکانی کردووە و دانیشتوانەکەی بە زەبروزۆر بەڕێوەبردووە.

وتیشی: "ئەو هاوسەرگیرییانە هیچ بارێکی فەرمییان نیە و بە مۆڵەتی نافەرمی تۆمارکراون."

هه‌روه‌ها وتی ئەو مۆڵەتانە "لەلایەن دادگاکانی داعشەوە دەرکراون بە ناسناوی پیاوەکان لەبری ناوی راسته‌قینه‌یان، چونکە تیرۆریستەکان بەئاگابوون لەوەی ناسنامەی راسته‌قینه‌یان ئاشکرانەکەن،" ئەوەش وا دەکات هاوسەرگیرییەکە نایاسایی بێت.

دەروێش وتی هەموو ئه‌و ژنانه‌ی بوون بە تەڵەی چەکدارانی داعشەوە و مافەکانیان پێشێلکراوە پێویستە هاوکاری بکرێن.

وتی: "ناتوانین بە تەنیا جێیانهێڵین (...) دەبێت باوەشیان بۆ بکەینەوە و بیانگۆڕین."

سەرۆکی پارتی ئەحرار شێخ عەبدوڵا جوغەیفی، کە پێشتر فەرماندەی هێزەکانی حەشدی خێڵه‌كی بووە لە ئەنبار، وتی: "چەکدارانی داعش نەك هەر لەلایەن کۆمەڵگەوە، بەڵكو لەلایەن خێزان و خێڵەکانیشیانەوە رەتکرانەوە."

جوغەیفی بە دیارونای وت: "هەموو خێڵەکان حاشایان لەو پیاوانەیان کرد کە چوونە ناو داعشەوە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ هەر کاتێك خێڵێك دڵنیابێت یەکێکیان چووەتە ناو گروپەکەوە، یەکسەر دەسەڵاتی لێ ئاگادار دەکه‌نەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500