ژمارەی خێزانە ئاوارە گەڕاوەکان کە گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگای نەینەوا لەوکاتەوەی لە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراوە لەئێستادا 201,080 کەسە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دووشەممە (23 تەمموز) رایگەیاند.
یاریدەدەری بەڕێوبەری فهرمانگهی کاروباری لقهكانی وەزارەت، عەلی جەهانگیر، وتی هێزە ئەمنیەکانی عێراق ئاسانکارییان بۆ گەڕانەوەی 123,396 خێزان کرد لەکاتێکدا 77,684 خێزانیان لەلایەن دەزگاکانی سەربە وەزارەتەوە گەڕێندرابوونەوە.
خێزانەکان بۆ شەش شاری گەورەی نەینەوا گەڕاونەتەوە: موسڵ، گەیارە، حەمدانیە، تەلەعفەر، شەنگال و مەخمور.
جەهانگیر وتی: "شاری موسڵ گەورەترین ئاستی گەڕانەوەی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێك کۆی 71,737 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ بەشی خۆرئاوای شارەکە و 58,187 بۆ بەشی خۆرهەڵات."
وتیشی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی خێزانەکان بەبێ پچڕان بەردەوامە.
ههروهها ئاماری وەزارەت دەربارەی هاوڵاتیە گەڕاوەکان "ئاماژەدهكات بە داکشانێكی نوێ لە ژمارەی خێزانە ئاوارەکانی خەڵکی نەینەوادا لەنێو کەمپ و شێڵتەرەکاندا یاخود له ناوچەكانی هەرێمی کوردستان".
جەهانگیر وتی 40,997 خێزانی خەڵکی موسڵ هێشتا ئاوارەن و وتیشی بەسەر 13 کەمپدا دابەشبوون لە پارێزگای نەینەوا، بەرچاوترینیان کەمپەکانی جەددە، حەمام عەلیل، حەسەن شام و سەلامیەن.
وتی ژمارەی گەڕاوەکان لە دوای رزگارکردنیهوه ساڵی پار، برەوی سەندووە، دوای بەگەڕخستنەوەی خزمەتگوزارییه گشتییهكان.
ئاماژەی بەوەش کرد كه لە هەر شوێنێك کە خزمەتگوزاری بنەڕەتیی وەك ئاو و کارەبا نۆژەنکرابێتەوە، خەڵکی ناوچەکە وردهوورده دەستیانكردووه بە گەڕانەوە.
وتی: "خۆرئاوای موسڵ زۆرترین کاریگەریی ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆریزم و شەڕی بەرکەوتووه، بەتایبەتی موسڵی کۆن. بەڵام خزمەتگوزارییەکان باشتردەبن و تۆماری نوێمان هەیە لە گەڕانەوەی خەڵکەکە."
وتیشی وەزارەت کۆمەکی خۆراك و فریاگوزاری خێرا پێشکەشی هەر خێزانێك دەکات كه بگەڕێتەوە و یارمەتی هەر دەزگایەك دەدات کە کار لەسەر دابینكردنی کۆمەك بکات بۆ گەڕاوەکان و یارمەتییان بدات تا لە ناوچەکانی خۆیان نیشتەجێببنەوە.