چالاکوانێك دەڵێت جەیشی خالیدی کوڕی وەلید، کە هەواداری "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ە، دەستی کردووە بە بەکارهێنانی مەدەنیەکان وەك قەڵغانی مرۆیی لە ناوچەکانی ژێردەستیدا لە حەوزی یەرموك لە باشوری سوریا.
لهكاتێكدا رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی نزیكدهبنهوه له سنوورەکانی ئەو ناوچەیەی ژێردهستی، گروپەکە تا ئەو رادەیەش رۆشتووه كه ناوچەکەی ژێردەستی وەك "ویلایەتی یەرموك" رابگەیەنێت -- واته پارێزگایەكی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی.
چالاکوانێكی ناوخۆ، موسعەب عەساف بە دیارونای وت لە کاتێكدا ئەم ههنگاوه ئەگەری هێرشێکی سەرتاسەری بۆ سەری زیاددەکات، جەیشی خالیدی کوڕی وەلید دەستیکردووە بە رێگریکردن لە مەدەنیەکان لە بهجێهێشتنی ناوچەکانی ژێردەستی لە حەوزی یەرموك.
وتی بڕیاری قەدەغەکردنی دهرچوون له ناوچهكه شەوی سێشەممە (11 تەمموز) دەرچوو، هەر ئەو کاتەش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەمەش دوای ئەوە هات کە 10,000 مەدەنی هەڵهاتن بۆ ناوچه گوندنشینهكانی قونەیترە.
ئەو ناوچانەی ژێردهستی جەیشی خالیدی کوڕی وەلید پێکهاتوون لە 15 شارۆچکە و گوند لەگەڵ چەند کێڵگەیەکی بچووك لەسەر سنووری ئهردهن، كه دیارترینیان شارۆچكهكانی سەهم ئەلجۆلان و شەبراق و عەدەوانن.
زۆربەی باشوری پارێزگای دەرعا لە هەینیەوە بێدەنگە، ئەمەش دوای ئەوەی ئاگربەستێك لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی پشتبەستوو بە روسیادا کۆتاییهێنا بە هێرشە سێ هەفتەییەکەی حکومەت.
جەیشی خالیدی کوڕی وەلید بەشێك نیە لەو رێکەوتنە.
توندوتیژی زیاددەکات
گروپەکە سێشەممە هێرشێکی خۆکوژیی لەناکاوی ئەنجامداكه هێزەکانی رژێم و ئۆپۆزسیۆنی کردە ئامانج لە شارۆچکەی زەیزون، کە لکاوە بە ناوچەکانی ژێردەستی لە رۆژئاوای دەرعا، ئەوەش بووە هۆی کوشتنی 14 کەس و زۆر کەسی دیکەش برینداربوون.
عەساف وتی دوای هێرشەکە، هەندێك لە چەکدارانی سوپای سوریای ئازاد کە لە ناوچەکە بوون هاوکاریی بریندارەکانی سوپاکەی رژێمیان کرد و بردیانن بۆ نەخۆشخانە مەیدانیەکانی نزیکیان و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ئەو کارە "كهشێكی ئەرێنیی هێنایهكایهوه لە هەرێمەکەدا".
ئاژانسی فرانس پرێس رایگهیاند كه شەوی پێنجشەممە جەیشی خالیدی کوڕی وەلید گوندی حەیتی نزیك سنووری ئهردهنی لە دەست ئەو چەکدارانەی ئۆپۆزسیۆن دهرهێنا کە رێکكەوتبوون رژێم بچێتە ناویەوە.
سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولرەحمان، وتی: "دوای پێکدادانە توندوتیژەکە، جەیشی خالیدی کوڕی وەلید توانیی حەیت بگرێت، سەرباری ئەوەی رژێم و روسیا هێرشی ئاسمانییان لە دژیان ئەنجامدا."
وتی شەڕەکە لە چوارشەممەوە کوشتنی 16 چەکداری ئۆپۆزسیۆن و 12 توندڕەوەی لێکەوتۆتەوە، كه دوانیان خۆکوژ بوون.