هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پۆلیسی فه‌لوجه‌ هه‌وڵه‌كانی داعش بۆ راووڕووت داده‌پڵۆسێت

عه‌لا حه‌سه‌ن له‌ به‌غدا

وێنه‌یه‌ك له‌ 3 كانونی دووه‌می 2017 گیراوه‌ له‌ فه‌لوجه‌، عه‌قید جه‌مال جومه‌یلی پیشانده‌دات، كه‌ فه‌رمانده‌ی پۆلیسه‌ له‌م شاره‌ی خۆرئاوای عێراق. [سه‌باح عه‌رعه‌ر\ئاژانسی فرانس پرێس]

وێنه‌یه‌ك له‌ 3 كانونی دووه‌می 2017 گیراوه‌ له‌ فه‌لوجه‌، عه‌قید جه‌مال جومه‌یلی پیشانده‌دات، كه‌ فه‌رمانده‌ی پۆلیسه‌ له‌م شاره‌ی خۆرئاوای عێراق. [سه‌باح عه‌رعه‌ر\ئاژانسی فرانس پرێس]

ئه‌ندامانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) و بانده‌كانی تاوانكاری چه‌ندین هه‌وڵی راووڕووت و به‌زۆر پاره‌سه‌ندنیان داوه‌ له‌ شاری فه‌لوجه‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار، به‌رپسانی ناوخۆ به‌ دیارونایان وت.

له‌ یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه‌دا، كه‌ له‌ ژماره‌ 31 ی گۆڤاری قه‌زا (یاسا \ القضاء)دا تۆماركراوه‌، پۆلیسی فه‌لوجه‌ بۆسه‌یه‌كی دانابوو به‌پشتبه‌ستن به‌ زانیاریی به‌ده‌ستهاتوو، تێیدا سه‌ركرده‌یه‌كی داعشی ده‌ستیگیركردبوو كه‌ هه‌وڵیدابوو به‌زۆر پاره‌ له‌ كاسبكارێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بسێنێت.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی داعش به‌رپرسی میدیای گروپه‌كه‌ بووه‌ كاتێك فه‌لوجه‌ی له‌ژێرده‌ستدا بوو، دوای رزگاركردنی گه‌ڕابووه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌، به‌گوێره‌ی گۆڤاره‌كه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای یاسای عێراقه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی گۆڤاره‌كه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ له‌گه‌ڵ دوو هاوكاریدا كاریده‌كرد.

له‌ گۆڤاره‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ هه‌رسێكیان په‌یامێكی هه‌ڕه‌شه‌یان ناردووه‌ بۆ كاسبكاره‌كه‌ی فه‌لوجه‌ و داوای پاره‌یان لێكردووه‌، پێیانوتووه‌ كه‌ ده‌بێت كۆمه‌كی داعش بكات یان رووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بێته‌وه‌. دواتر ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی داعش ددانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ سێهه‌مین ئۆپه‌راسیۆنی له‌و جۆره‌ بووه‌ كه‌ ئه‌نجامی دابوو.

هه‌روه‌ها ته‌قه‌مه‌نی ده‌ستكردیان له‌نزیك ماڵی كاسبكاره‌كه‌ چاندبوو تا بیترسێنن، به‌ڵام نه‌ته‌قییه‌وه‌.

سه‌ركرده‌كه‌ی داعش داوای 10,000 دۆلاری له‌ كاسبكاره‌كه‌ كردبوو. ئه‌و شوێنه‌ی له‌سه‌ری رێكه‌وتبوون بۆ پێدانی پاره‌كه‌، كه‌ چه‌ند جارێك گۆڕیبوویان، له‌نزیكی رێستۆرانتێك بوو كه‌ كاسبكاره‌كه‌ پاره‌ی "فدیه‌"كه‌ی له‌وێ دانابوو، پاشان رۆیشتبوو.

سه‌ركرده‌كه‌ی داعش چووبوو به‌ره‌و پاره‌كه‌ و بۆیده‌ركه‌وتبوو كه‌ سندوقه‌كه‌ به‌تاڵه‌. له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ پۆلیس په‌یدابوون و ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیریانكرد.

داعش ئێستا 'نائومێده‌'

فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فه‌لوجه‌، عه‌قید جه‌مال جومه‌یلی، به‌ دیارونای وت ئه‌م هه‌وڵی پاره‌سه‌ندن و ده‌ستگیركردنه‌ ته‌نها رووداوی له‌و شێوه‌یه‌ نیه‌.

وتی: "دانیشتوانی فه‌لوجه‌ كه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریزمدان بوێریی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هاوكاریی پۆلیس بكه‌ن به‌ پێدانی زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن به‌زۆر پاره‌یان لێبسێنن."

وتیشی داعش ئێستا هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی دارایی له‌ده‌ستداوه‌ و پاشماوه‌كانی گروپه‌كه‌ ئێستا كورتبوونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌وڵدانی نائومێدانه‌ بۆ به‌زۆر پاره‌سه‌ندن.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار، فه‌هد میشعان، وتی بانده‌كانی تاوانكارییش زۆر له‌ دانیشتوان ده‌كه‌ن بۆ پاره‌دان و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ دانیشتوان بووه‌ته‌ پێویستییه‌ك بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و تاوانكارانه‌ و كۆتاییهێنان به‌م كێشه‌یه‌.

میشعان به‌ دیارونای وت قه‌ڵاچۆكردنی كێشه‌ی راووڕووت و به‌زۆر پاره‌سه‌ندن كۆمه‌كده‌كات به‌ ئابوریی ئه‌نبار، چونكه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران له‌و شارانه‌ دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی ئه‌منیه‌تیان تێدایه‌.

وتی: "ئێستا ئه‌نبار ئاماده‌یه‌ ده‌رگاكانی بكاته‌وه‌ به‌ڕووی وه‌به‌رهێنه‌راندا، به‌تایبه‌تی له‌ كشتوكاڵ و ده‌رهێنانی كانزاكان و به‌رهه‌مهێنانی شوشه‌ و بواره‌كانی تردا."

پێویست به‌ كۆمه‌كی حكومه‌ت هه‌یه‌

ئابوریناس نه‌بیل جه‌عفه‌ر به‌ دیارونای وت كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق پشتگیریبكات له‌ ئابوریی شاره‌ رزگاركراوه‌كان بۆ چاككردنی باری ژیاریی دانیشتوانیان.

وتی ئاستێكی به‌رزتری خستنه‌سه‌ركاری لاوان دووریانده‌خاته‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان و بانده‌كانی تاوانكارییه‌وه‌.

وتیشی: "ئه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ته‌ كه‌ رۆڵێكی ناوه‌كی ببینێت له‌ پشتگیریكردنی بواری تایبه‌تدا به‌ هه‌موو رێگایه‌ك له‌ هه‌موو عێراقدا و به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كاندا."

وتی به‌شێك له‌و پشتگیرییه‌ش بریتییه‌ له‌ مسۆگه‌ركردنی هه‌لی كار كه‌ رۆڵی ده‌بێت له‌ هێنانه‌كایه‌ی ئاستێكی به‌رزتری ئاسایش و سه‌قامگیریدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500