هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراق پێشنیازی رۆژێكی جیهانی ده‌كات بۆ هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی داعش

خالید تائی

پیاوێکی عێراقی وێنەیەکی کوڕەکەی بەدەستەوەیە، کە لە هێرشەکەی حوزەیرانی 2016 کوژرا لە بەشی کەڕادەی بەغدا. بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە ئەستۆگیرا. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراقی]

پیاوێکی عێراقی وێنەیەکی کوڕەکەی بەدەستەوەیە، کە لە هێرشەکەی حوزەیرانی 2016 کوژرا لە بەشی کەڕادەی بەغدا. بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە ئەستۆگیرا. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراقی]

پەرلەمانی ئه‌وروپا پێشنیازێكی عێراقی په‌سه‌ندکرد بۆ تەرخانکردنی رۆژێكی جیهانی بۆ هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی دەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، وەزارەتی دەرەوەی عێراق یەکشەممە (24 حوزەیران) رایگەیاند.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "پەرلەمانی ئەوروپا لە دانیشتنی گشتیی خۆیدا له‌ 20 حوزەیران پێشنیازێکی باڵێۆزخانەی عێراقی لە برۆکسل په‌سه‌ندکرد بۆ تەرخانکردنی رۆژێكی جیهانی بۆ قوربانیانی داعش."

راشیگەیاند كه‌ پێشنیازەکە لەکاتی دانیشتنێکی پەرلەمانی ئەوروپادا دەنگی لەسەر دەدرێت کە بڕیاره‌ لە ستراسبۆرگ ببەسترێت لە 2 تا 6 تەمموز.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "باڵێۆزخانە لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا هەماهەنگی دەکات بۆ هەڵبژاردنی رۆژێکی شیاو کە دەبێتە یادکردنەوەی ساڵانەی قوربانیانی داعش لە عێراق و جیهان."

وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، عەلی بەیاتی، وتی تەرخانکردنی رۆژێكی جیهانی بۆ قوربانیانی داعش "دەستپێشخەرییەکی ئەرێنی و سەرکەوتووە".

بەیاتی بە دیارونای وت: "ئەم رۆژە دەبێتە بۆنەیەکی ساڵانەی گرنگ بۆ یادخستنەوەی ستەمکارییه‌كانی ئەو گروپە دڕندەیە لەدژی خەڵکی بێتاوان."

وتی هەنگاوێکی لەو جۆرە "پێویستە بۆ راگەیاندنی دژایەتیمان بۆ تاوانە تیرۆریستیەکان لەژێر هەر پاساوێكدا بووبێت و بۆ زیاترکردنی هەوڵەکان بۆ رێگرتن لە دووبارەبونەوەیان".

بەیاتی وتی یارمەتی "ئاشناكردنی نەوە نوێكانیش ده‌دات به‌و کارەساتە مرۆییانە کە تیرۆریستان ئەنجامیانداون".

هیواشی خواست کە رۆژی جیهانیی هاوسۆزی ببێتە بۆنەیەك بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی داعش و جەختکردنەوە لە پابەندێتی بە پاڵپشتیکردنیانه‌وه‌.

بەیاتی وتی قایلبونی ئەوروپا بە پێشنیازەکەی عێراق بۆ تەرخانکردنی رۆژێك بۆ قوربانیانی داعش "دەستکەوتێکی گرنگە بۆ دبلۆماسیەتی عێراقی و هەنگاوێكە بەرەوپێشەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500