لە وەڵامی هەڕەشەی دزەکردنی توندڕەواندا، هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆی رەققە بۆ ماوەی دوو رۆژ قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند لەو شارەی باکوری سوریا کە بەیانی یەکشەممە (24 حوزەیران) دەستیپێکرد و بڕیارە كاتژمێر 5 ی بەیانی سێشەممە کۆتایی پێبێت.
هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ رایانگەیاند كه ئەو بڕیارەیانداوە دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتوە کە ئەو گروپە توندڕەوانەی لەگەڵ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کاردەکەن پلاندادهنێن بۆ دزەکردنە ناو شارەکە و ئەنجامدانی هێرش.
هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند كه پشتیوانی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ دهكهن لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکاندا، کە بوونەتە هۆی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەك كهسی تێوەگلاو لە پیلانه تیرۆریستیهكاندا.
ژمارەیەك چەك و جبەخانەش دۆزرانەتەوە.
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا بالی، بە دیارونای وت: "بڕیاری سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە رەققە دوای راوێژی چڕوپڕ دێت لەنێوان هێزە ئەمنیەکانی شارەکه و هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی مەدەنی رەققەدا."
وتی بڕیارەکە بۆ پاراستنی ژیانی دانیشتوانە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، کە بهرپاكراوه بۆ دۆزینهوهی ئهو حەشارگانەی لەلایەن داعش و دزەکارانیەوە بەکاردەهێنرێن.
ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکە ئێوارەی شەممە دەستیپێکرد، تاڕادەیەك هاوکات بە راگەیاندنی قەدەغەکە.
بالی وتی دوای چەند كاتژمێرێك لە ئۆپەراسیۆنەکە، ئەنجامی باشی داوه بەدەستەوە.
وتیشی چەند دۆکۆمێنت و بەڵگەی دیکە دەستیانگیراوه بەسەردا کە پشتڕاستیدەکەنەوە هەندێك خەڵك لە کردەی تیرۆریستییهوه تێوەگلاون و وتی ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دهخرێنهڕوو دوای ئەوەی تەواوبوو.
بڵاوبوونەوەی چڕوپڕی هێز
بالی وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ هەموو دەروازەكانی شاریان گرتووە و لەنێو گەڕەکەکاندا بەچڕی بڵاوبوونەتەوە هاوکات بە ئۆپەراسیۆنی شهنوكهوكردنی بەردەوام.
وتیشی بەسەردادانەکان ئامانجیان شانە نوستووەکانە کە بەمدواییانە چەندین تەقینەوە و تەقەکردنیان دژی مەدەنیەکان و هێزە ئەمنیەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامداوە.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، داعش هەینی وتی كه یەکەمین هێرشی خۆی لە رەققە ئەنجامدا لەوکاتەوەی کە دەرکرا لە تشرینی یەکەم و لەڕێی کەناڵێکی میدیایی پروپاگەندەوە رایگەیاند كه بۆمبێکی لەسەر رێگەیەك تەقاندۆتەوە لە باکوری خۆرهەڵاتی شارەکە.
لە هێرشێکدا کە بهگوێرهی روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لهلایهن داعشهوه ئهنجامدرا، چەکدارێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە 15 حوزەیران لە بازگەیەکی باکوری رەققە کوژرا.
پێشتر، لەم مانگەدا، پێنج ئەفسەری پۆلیس کە پەیوەندییان ههبوو بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، لە تەقینەوەیەکی سەر رێگەیەكدا کوژران لەکاتی گەڕانی ئاساییاندا بەنێو شاری رەققەدا.
داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هیچ کام لەو رووداوانە رانەگەیاند.