هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەستیانکردووە بە پلانێکی نوێ بۆ پاراستنی رێگای سەرەکی کەرکوك-بەغدا دژی هێرشەکانی ئەمدواییەی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
هەوڵەکان تەرکیز دەکەنەسەر "کۆتاییهێنانی یەکجاری بەو پێشێلکاریانە،" سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، بورهان عاسی، هەینی (22 حوزەیران) بە دیارونای وت.
عاسی وتی ئەو رووداوانە "بەشێکن لە هەوڵەکانی تێرۆریستان بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەناو خەڵكدا و پڕوپاگهندهكردن به وێنەیەکی ناڕاستهقینهی ئۆپەراسیۆنهكانیان و ئامادەییان کە ئێستا بووەتە رابردوو."
وتیشی: "هیچ زیادبوونێکی تیرۆریزم لەئارادا نیە بەڵکو ئەمانە رووداوی سنووردارن کە کردەوەی گروپی بچوكی ترسنۆکانەی تیرۆرستین کە تەنیا دەتوانن لەشەودا بجوڵێنەوە."
ئەندامانی داعش لە 17 حوزەیران بۆسەیەکیان لەسەر رێگای سەرەکی کەرکوك-بەغدا دانا و سێ کەسیان کوشت، لەنێویاندا ئەفسەرێك، لەنزیك ناوچەی ئەنجانە لە حەمرین، پارێزگای دیالە.
لە هێرشێکی دواتردا هەمان رۆژ ئەندامانی داعش شەش کەسیان رفاند لەهەمان خێزان کە ئۆتۆمبیلێکی مەدەنییان پێبوو و بەرەو هەولێر دەرۆیشتن.
پڕکردنەوەی بۆشاییەکان
یەکێك لە رێکارە سەرەكیەکانی پلانەکە زیادکردنی هەڵمەتی سەربازییە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی شانە نوستووەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان لەسەرانسەری رێگاکەدا.
عاسی وتی ئەو ناوچانە کراوەن و ناوچهیهكی پڕ له شیوودۆڵه کە دهرفهت دهداته تیرۆریستان هێرشی لەناکاو ئەنجامبدەن و بەخێرایی بگهڕێنهوه بۆ حهشارگهكانیان.
وتیشی: "هەوڵەکان بۆ شهڕكردن دژی شانە نوستووەکان لەوێ بەردەوامدەبن بەبێ خاوبوونەوە." جەتیشی لەوە کردەوە كه زیادکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دۆزینەوە و شوێنپێهەڵگرتن "پێویستە بۆ وشککردنی سەرچاوەی تیرۆریزم."
عاسی وتی هێزەکانی عێراق جێگیرکردنی هێزی سەربازییان زیادکردووە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و ئەو رێچکانەی چەکداران بەکاریاندەهێنن بۆ گەیشتن بە رێگای سەرەکی كەرکوك-بەغدا.
روونیشیکردەوە كه ئەو رێچکانە رێگای نافەرمین کە لەژێردەستی هێزە ئەمنیەکاندا نین.
پلانەکە هەروەها هەماهەنگی نێوان پۆلیس و هێزە سەربازیەکان زیاددەکات کە بەرپرسیارن لە پاراستنی رێگا سەرەکیەکە و راگەیاندنی ژورێکی عەمەلیاتی هاوبەش بۆئەوەی چاکتر ئاسایش بەڕێوەببرێت.
هەروەها رێگا سەرەکیەکە لەرێی ئاسمانەوە دەپارێزرێت به فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پشکنینی بەردەوامی هەوایی بۆ چاودێریکردنی ناوچە بیابانیەکان.
عاسی وتی: "رووداوە تیرۆرستیەکان لەسەر رێگاکە بەزۆری لەدەرەوەی سنوری ئیداریی پارێزگای کەرکوك روودەدەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی نزیکن لە گردەکانی حەمرینەوە."
وتیشی شاری کەرکوك ئەمڕۆ ئارامە سوپاس بۆ هەوڵی هێزەکانی دژەتیرۆر بۆ سەپاندنی ئاسایش "بەڵام ناوچەکانی رۆژئاوا و باشوری پارێزگاکە هێشتا چالاکی پاشماوەکانی داعش بەخۆیانهوه دەبینن."
ههروهها وتی: "هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی هەوڵی زۆر دەدەن بۆ پشکنینی گوندە دوورەدەستەکان و هێرشدەکەنە سەر مۆڵگە و شانە نووستوەکانی چەکداران."