هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئایین

کەشی جەژن باکوری سوریا ده‌گرێته‌وه‌

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

منداڵان لەکاتی جەژندا جۆلانێ دەکەن لە شاری عەتاریبی پارێزگای حەلەب. [خاوەنی وێنە: فەیسەڵ ئەحمەد]

منداڵان لەکاتی جەژندا جۆلانێ دەکەن لە شاری عەتاریبی پارێزگای حەلەب. [خاوەنی وێنە: فەیسەڵ ئەحمەد]

خۆشیی جەژنی رەمەزان باکوری سوریای گرته‌وه‌، سەرەڕای دۆخی دوودڵی بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی رژێمی سوریا و شەڕی نێوخۆی بێوچانی نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ لە ناوچەکەدا، چالاکوانانی ناوخۆیی وتیان.

چالاکوان فەیسەڵ ئەحمەد بە دیارونای وت چەند گردبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاهەنگگێڕانی جەژن دەبینرێت، بەتایبەتی ئه‌و چالاکیانه‌ی تایبەتن بە منداڵانەوە.

ناوچەکانی باکور، لەنێویاندا پارێزگای ئیدلیب و حەلەب لە خۆرئاوا، هەینی (15 حوزەیران) ئاهەنگی جەژنی رەمەزانیان گێڕا، بەجۆرێك هەندێك ناوچە تا سێشەممە بەردەوامبوون.

ئەحمەد وتی هەندێك شار و شارۆچکە بە دیکۆراتی جەژن رازاونەتەوە و فرۆشیارانی شیرینیه‌كانی جەژن بەنێو شەقامەکاندا بڵاوبوونەتەوە.

فرۆشیارانی شیرینی بوژانەوەی لەپڕی كاسبیه‌كه‌یان سه‌رنجدا لە شاری مەعەرەت نوعمانی پارێزگای ئیدلیب، کە شوێنێکی بەناوبانگە بۆ دانیشتوانی دەوروبەری ئیدلیب لەکاتی بۆنەکاندا. [خاوەنی وێنە: هانی نوعمان]

فرۆشیارانی شیرینی بوژانەوەی لەپڕی كاسبیه‌كه‌یان سه‌رنجدا لە شاری مەعەرەت نوعمانی پارێزگای ئیدلیب، کە شوێنێکی بەناوبانگە بۆ دانیشتوانی دەوروبەری ئیدلیب لەکاتی بۆنەکاندا. [خاوەنی وێنە: هانی نوعمان]

وتی بەشێکی زۆری ئاهەنگه‌كانی جەژن ته‌رخانكراون به‌ منداڵان، بە رێكخستنی چەند بۆنە و چالاکیەکی تایبەتی بۆ خۆشگوزه‌رانیی ئەوان، وەك نمایشی شانۆیی و ئه‌و شاری یارییه‌ گەڕۆكانه‌ی بۆ ئه‌م بۆنه‌یه‌ هێنراون.

وتیشی منداڵان تاڕادەیەکی زۆر دەردەکەون لەم چالاکیانەدا، کە نیشانیدەدات "پێویستیی زۆریان هه‌یه‌ بە خۆشی لە کەشێكی پێکدادانی بەردەوامدا".

ئاهەنگه‌كان لە عەتاریب

ئەحمەد وتی گەورەترین ئاهەنگەکان لە شاری عەتاریبی خۆرئاوای پارێزگای حەلەب بوون، کە چەند شارێکی یاریی بچوك دامەزرێنرابوون بۆ منداڵان كه‌ لە دەوروبەری حەلەب و ئیدلیبەوە هوروژمیان هێنایە نێو شارەکە لەگەڵ خێزانەکانیان.

شارەکە زۆر قەرەباڵغ بوو، ئەو شەقامانەی کە بەرەو ئەو مەیدانە دەڕۆیشتن کە ئاهەنگەکانی تێدا دەگێڕدرا بەتەواوی داخرابوون بۆ ئۆتۆمبیل.

چالاکوان هانی نوعمان وتی لە ئیدلیب، گردبوونەوەیەکی کاتبەسەربردن بۆ منداڵان و دایکوباوکان ئەنجامدرا لە شاری جسر شوغور، کە خەڵات و یاری دابەشکرا به‌سه‌ر منداڵاندا لەلایەن هەندێك رێکخراوی ناوخۆییەوە.

نوعمان بە دیارونای وت: "کوڕان و کچانی لاوی ناوچەکە، خۆبەخشانە کاریانکرد لەم چالاکیانەدا، کە بە باشی لەلایەن دانیشتوانەوە پێشوازییان لێکرا."

نوعمان وتی بازاڕەکانیش قەرەباڵغ بوون و چالاکییەکی تاڕادەیەك ئاساییان تێدابوو، "هەرچەندە فرۆش تاڕادەیەك کەمبوو، بەهۆی نرخی بەرز و هەژاریی بەربڵاوه‌وه‌ لەنێو دانیشتواندا".

فرۆشیارانی شیرینی بڵاوبوونەوە لە شەقامە سەرەکیەکانی ئیدلیب و ئه‌و شارە سەرەکیانه‌ی دیکەدا كه‌ ناسراون بە شیرینی، وەك مەعەرەت نوعمان، کە شەقامەکانی پڕبوون لەو دانیشتوانه‌ی شارۆچکە و گوندە نزیکەکان کە دەهاتن بۆ شتومەك کڕین.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500