لە هێرشێكی خۆکوژی ئەم دواییانە لە بەغدا سەدان مەدەنی بێتاوان دەبوونە قوربانی ئەگەر ئەفسەرێکی ئەمنی نەبوایە، کە رێگریکرد لە خۆکوژەکە و خۆشی دواتر لە تەقینەوەکەدا گیانی لهدهستدا.
ملازم رامی زاهیر فلهیح، کە وەك ئەفسەرێکی هەواڵگری بەرپرسی گەڕەکەکانی شوعلە و غەزالیە بوو، ئێستا سیمبۆڵێكی نیشتمانییە و عێراقیەکان ستایشی ئازایەتی و لەخۆبوردوویی ئەو دەکەن.
تەقینەوەیەك گەڕەکی شوعلەی رۆخی بەغدای هەژاند سەرلەبەیانی 24 ئایار، پێنج کەس کوژران و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون. ژن و منداڵ و سێ ئەفسەر لەناو قوربانیەکاندا بوون و یەکێك لەوان فلهیح بوو.
هێرشەکە لە نزیك پارکی سەقلاویە روویدا کە خێزانەکان و گەنجان زیاتر سەردانی دەکەن بۆبردنهسهری شهوانی رهمهزان به یاریی باوی موحەیبس و چالاکی دیکەی رەمەزانان.
![ملازم رامی زاهیر فلهیح، لە رۆژی 24 ئایاردا کوژرا دوای ئەوەی رێگریکرد لە خۆکوژێکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و نەیهێشت سەدان خێزان بکاتە ئامانج لە پارکێکدا له بەغدا. [وێنەكه وەرگیراوە لە پەیجی فەیسبوکی رامی زاهیر فلهیح]](/cnmi_di/images/2018/06/07/12985-rami-fleyih-600_384.jpg)
ملازم رامی زاهیر فلهیح، لە رۆژی 24 ئایاردا کوژرا دوای ئەوەی رێگریکرد لە خۆکوژێکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و نەیهێشت سەدان خێزان بکاتە ئامانج لە پارکێکدا له بەغدا. [وێنەكه وەرگیراوە لە پەیجی فەیسبوکی رامی زاهیر فلهیح]
چەند کاتژمێرێك دوای تهقینهوهكه، "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتهئەستۆ لهسهر تۆڕ كۆمهڵایهتییهكان.
قوربانیدانێك 'بۆ هەموو عێراقیەکان'
فلهیح کە لەدایکبووی 1993 بوو باوکی دوو منداڵی بچوکیش بوو.
زاهیر فلهیح، باوکی ئەو ئەفسەرە، بۆ دیارونا دوا و باسی ئەو رۆژەی کرد.
وتی: "کوڕەکەم دەهاتەوە بۆ ماڵەوە لەکاتێكدا زانیاریی هەواڵگری پێگەیشتبوو کە خۆکوژێك بەتەمایە خۆی بتەقێنێتەوە لە پارکی شوعلە."
باوكی ئەفسەرەکە وتی كوڕهكهی "یەکسەر رۆیشتبوو بۆ شوێنەکە بەبێ ئەوەی بیر لە مەترسیەکەی بکاتەوە، هەرچەندە لە دەوامیشدا نەبوو."
"هەر کە دەگاتە شوێنەکە، خۆکوژەکە دەناسێتەوە بەو وێناکردنەی پێیدرابوو، دواتر دەیگرێت و زۆر توند باوشی پێدادەکات بۆ ئەوەی نههێڵێت بچێتە ناو پارکەکەوە بەر لەوەی خۆکوژەکە خۆی بتەقێنێتەوە."
باوکی ئەفسەرەکە وتی: "ئەو کاتە رێك چارەکێك دوای نیوە شەو بوو."
زاهیر کە خۆی ئەفسەرێکی سەربازیی خانەنشینە، وتی کوڕەکەی قوربانییدا بۆ ئەوەی ژیانی زیاتر لە 300 ژن و منداڵ و گەنج رزگار بکات کە سەرقاڵی یاری موحەیبس بوون.
وتی: "کوڕەکەم شەهیدێکە، کە هەرچەندە ژیانی خۆشدەویست بەڵام بەخشی بۆ ئەوەی رێگربێت لە روودانی تراژیدیایەکی گەورەتر."
زاهیر وتی ئەو قوربانیدانەی کوڕەکەی "بۆ هەموو عێراقیەکانە نەك تەنیا بۆ مەزهەبێك یان گروپێك".
سیمبۆڵی قوربانیدان و جوامێری
ناوبراو وتی: "ئازایەتی رامی هەموومانی یەکخستووە و هەستێكی بەهێزبوونی پێداوین پەیوەست بە گرێدراویمان بەم وڵاتەوە و خۆشەوسیستی خۆنەوسیتیمان بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەی و شکۆمەندیەکەی."
وتیشی: "کە پرسەمان دانا، خەڵكی هەموو گەڕەکەکان، بەتایبەتی شوعلە، هاتن سەرەخۆشییان لێکردین و شانازیان بە کوڕەکەمەوە دەکرد کە ئێستا بووە بە سیمبۆڵی قوربانیدان و جوامێری."
جگە لە کارەکەی وەك ئەفسەری ئەمنی، رامی لە پۆلی چوارمی پەیمانگاش بوو لەبەشی خوێندنی زانستی کۆمپیوتەر.
باوکی وتی رامی خۆی ئامادەدەکرد بۆ دەرچوون و "خواست و ئامانجەکانیشی بێسنووربوون، زۆر خۆشحاڵبوو بە پاراستنی خێزان و وڵاتەکەی و گەیشتە دوا پلەی شەهادەت".
رۆژنامەوان و خاوەنی رۆژنامەی کونوز عێراقیە، موهەنەد مونشید، وتی: "لە منداڵیەوە رامیم دەناسی چونکە دراوسێ بووین [لە گەڕەکی حوڕییەی بەغدا] و پەیوەندیی توندوتۆڵم هەبوو لەگەڵ باوکی و مامی."
مونشید بە دیارونای وت: "شەهید رامی هەر لە منداڵیەوە بە ئازایهتی ناسرابوو. زۆریشی حەز لە قوتابخانە و زانیاری بوو."
وتی: "خوێنەرێکی بەردەوامی رۆژنامەکەم بوو، هەندێكجاریش بە وتارەکانی بەشدارییدەکرد."
وتیشی: "شەهیدبوونی رامی وانەیەکی بێبەرامبەری قوربانیدان و خۆنەویستیە. قوربانیدانی ئەو لە ئاستێكی ئەفسانەییدایە و پڕە لە مانا."
'تیرۆریستەکان ناتوانن ژیان راگرن'
سەرهكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی 27 ئایار فەرمانی شکۆداریی بۆ رامی فلهیح دەرکرد و پلەکەی بۆ نەقیب بەرزکردەوە. دوو ئەفسەری دیکەی پۆلیسیش کە لە هێرشەکەدا کوژرابوون -- هیشام عیدان حەسەن و حسێن جاسم حەمید -- پلەکانیان بەرزکرانەوە.
لیوا تەحسین خەفاجی وتی دهربارهی رامی فلهیح "هیچ وشەیەك نیە لەخۆبوردهیی ئەم ئەفسەرە پێناسە بکات."
خەفاجی بە دیارونای وت: "سەرمان دادەنوێنین لەبەردەم ئەو قوربانیدانەی ئەودا کە دەچێتە مێژووەوە."
خەفاجی وتی ئهو ئەفسەرەی گیانی سپارد کوڕی خێزانێکی سەربازییە، کە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە شەڕکردندا دژ بە تیرۆریزم.
وتیشی: "تا جوامێری ئاوامان هەبێت وڵاتەکەمان پارێزراو دەبێت."
رۆژێك دوای هێرشەکە، خێزانەکان گەڕانەوە پارکی شوعلە بۆ ئەوەی رەتیبکەنەوە رێبدرێت بە تیرۆریزم شەوانی رەمەزانیان لێتێكبدات.
قاسم رەحیم، 54 ساڵ، کە لە پارکەکە بوو لەگەڵ خێزانەکەیدا، بە دیارونای وت:" تیرۆریستەکان ناتوانن سەرکەون لەوەی ژیان رابگرن."
وتیشی: "سەردانکردنی پارکەکە وەڵامێكی زۆر توندە بۆ تاریكبینان و رۆحی بەرگریشمان وەکو ئەوەی شەهید رامی وایە، کە رۆحی ئێستا لەناوماندایە."
خۆكردنه قوربانی باڵاترین شته. ئهوههر خواپهرستیی كرد. خودا رهحمت پێبكات، ئهی پاڵهوان! عێراق خاكی پاڵهوانهكانه.
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت
بۆچی نانوسن شەهید؟ ئەو بەرگریی لە خوێن و وڵات و گەلمان کرد. خوا رەحمی پێبکات! تکایە پیشەییانە و دادپەروەرانە بنوسن دەربارەی سەرباز و ئەفسەرە شەهیدەکانمان کە ژیانی خۆیان کردۆتە قوربانی بۆ ئێمە. سڵاو و رێز بۆ نوسەری راپۆرتەکە.
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت