هه‌واڵه‌كانی عێراق
رەمەزان

دوای داعش، دانیشتوانی رەققە نەریتەکانی رەمەزان زیندوودەکەنەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دوکانداران سەوزە و میوە دەکڕن لە دوکانێکی نێو شاری رەققە و لە رۆژی یەکەمی رەمەزاندا. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

دوکانداران سەوزە و میوە دەکڕن لە دوکانێکی نێو شاری رەققە و لە رۆژی یەکەمی رەمەزاندا. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

دانیشتوانی پارێزگای رەققەی سوریا ئەمساڵ دەتوانن ئازادانە و دوور لە دەسەڵاتی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەزمونی رەمەزان بکەن و جارێکی دیکە چێژوه‌رگرن له‌ نەریتەکانی شارەکە لە به‌ربانگكردنه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵ و پارشێوكردن.

گروپەکە لەکۆتایی2017 لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە لە شاری رەققە دەرکرا.

لەوکاتەوە،چەرخی ژیان دووبارە و بەهێواشی دەستیکردۆتەوە بە گەڕانلە شارەکەدا له‌گه‌ڵ به‌رده‌ستبوونی پێداویستیە سەرەکیەکانی ژیان و کاریش بەردەوامە بۆ نەهێشتنی مین و داروپەردووه‌كان و بەردەوامیدان به‌ هەوڵەکانی بنیادنانەوە.

محەمەد ئەمین، دانیشتویه‌كی شارەکە کە دوای رزگارکردنی لەدەست داعش گەڕایەوە، وتی: "ئەو خەڵکەی رەققە کە گەڕاونەتەوە بۆ شارەکە دڵخۆشن بەوەی ئەمساڵ ئازادانە نەریتەکانی رەمەزان ئەنجامدەدەن."

لاوانی سوریا کۆدەبنەوە لە کافێیەك لە شاری رەققە لەکاتی رەمەزاندا دوای شکستی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

لاوانی سوریا کۆدەبنەوە لە کافێیەك لە شاری رەققە لەکاتی رەمەزاندا دوای شکستی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

ناوبراو بە دیارونای وت کەشی راستەقینەی رەمەزان گەڕاوەتەوە بۆ شارەکە و ئاماژەی بەوەش کرد کە چەند بازاڕێك رازێنراونەتەوە کە بەمدواییانە کراونەتەوە.

وتیشی به‌ربانگی بەکۆمەڵ، یەکێكه‌ لە نەریتە سەرەکیەکانی رەققە لەکاتی رەمەزاندا لەلایەن دانیشتوانەوە ئەنجامدەدرێت و ژەمی خۆڕایی دەدرێتە ئەوانەی پێویستیانە.

وتی لەکاتی دەسەڵاتی داعشدا ئەو دیمەنانە بەهیچ شێوەیەك نەدەبینران.

هه‌روه‌ها وتی ئێستا دانیشتوان دەتوانن "بچنە مزگەوتەکان و ئازادانە نوێژبكه‌ن، ئه‌و نەریتانه‌ی بەسەریاندا سەپێنرابوو كه‌ زۆرجار خۆیان لێلادەدا بەهۆی ستەمی ئەندامانی گروپەکەوە".

ئەمین وتی شەوان بۆ پارشێو دەمێننەوە، لە کەشێکی پشوبەخشدا لە رێستۆرانت و کافێکان کۆدەبنەوە لە شارەکەدا کە دانیشتوانەکەی دەیان ساڵە بەوە ناسراون.

وتی هاوکات نرخی خواردن لە ئاستێکی ئاساییدایە و ئاماژەشیکرد بەوەی "وەك هاریکارییەك لەگەڵ گەڕاوەکان، بازرگانان تەنیا سوودێکی کەم دەخەنەسەر شمەکەکانیان".

هه‌روه‌ها وتی ئەنجومەنی خۆجێیی شارەکە به‌سەختی کاردەکات بۆ پێدانی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی بە گەڕاوەکان وەك ئاو، کارەبا، خۆراك و سوتەمەنی و چاودێریی نرخەکان دەکات تا رێگربێت لە قۆستنەوەی کەمیی هەندێك کاڵا.

هاوکاری لەگەڵ دانیشتوانە ئاوارەبووەکە

بە هەزاران ئاوارەی سوری هێشتا ماونەتەوە لە کەمپی عەین عیسادا بۆ ئاوارەکان، کە زۆر دوورنیە لە رەققەوە.

دانیشتوویه‌كی کەمپەکە، مەحمود عەلی سالم، بە دیارونای وت دۆخی نێو کەمپەکە سەختە.

وتی رێکخراوە مرۆییەکان پشتیوانییه‌كانی خۆیان بڕیوە، بەتایبەتی کۆمەکی خۆراك و ئه‌و چێشتخانە فریاگوزارییه‌ی سەرچاوەی سەرەکی خۆراك بوو بۆ زۆرێك لە دانیشتوانی کەمپەکە و ماوەیەك لەمەوبەر داخرا.

سالم وتی بەڵام بە دەستپێکی رەمەزان، کارگێڕیی کەمپەکە گەیشتۆتە رێككه‌وتنێك لەگەڵ رێکخراوێکی مرۆیی بۆ خستنه‌وه‌گه‌ڕی دووبارەی چێشتخانە فریاگوزارییه‌كه‌ و وتیشی لەئێستادا ژەمی ئیفتار پێشکەشده‌كات بە دانیشتوانی کەمپەکە.

وتیشی زۆرێك لەوانەی گەڕابوونەوە بۆ شارەکانیان سەردانی کەمپەکەیان کردووە لەکاتی رەمەزاندا بۆ دابینکردنی ژەمی به‌ربانگ وەك ئاماژەیەك بۆ هاریکاریی کۆمەڵایەتی.

تەبقە نەریتەکانی رەمەزان نوێدەکاتەوە

لە شاری تەبقەی ئەو نزیکانە، وادەردەکەوێت دۆخەکە تەنانەت باشتریش بێت لە رەققە.

فەتحی سەلوم، جوتیارێكی خه‌ڵكی تەبقە، وتی دۆخی شارەکە بەخێرایی دەگەڕێتەوە بۆ باشتر لەبەرئەوەی شارەکە زیانی کەمتری بەرکەوت لە رەققە.

سەلوم بە دیارونای وت: "خزمەتگوزارییه‌ سەرەتاییه‌كانی وەك ئاو و کارەبا و پاکژی دەستیانكردۆته‌وه‌ بە کار."

وتی بازاڕەکان پڕن لە كڕیار لەکاتی رەمەزاندا، بەجۆرێك کە بیرخەرەوەی قۆناغی پێش داعشە کاتێک بازاڕەکانی تەبقە جەنجاڵبوون بە دانیشتوانی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری.

سەلوم وتی: "یه‌كێك لەو دیمەنە جوانانەی گەڕاونەتەوە بۆ شارەکە به‌ربانگی بەکۆمەڵه‌ کە لەسەر شەقامەکان و مەیدانە گشتیەکان دەکرێت."

دانیشتوان، كڕیاران، سەردانکەران و گەشتیاران کە بەنێو شارەکەدا دەڕۆن کۆدەبنەوە بۆ به‌ربانگی بەکۆمەڵ.

وتی: "ئەوە نەریتێکە شارەکە بەدرێژایی مێژوو پێی ناسراوە. ئەمڕۆ گەڕێندراوەتەوە دوای قەدەغەکردنی لەلایەن داعشەوە وەك بەشێك لە یاسا تونده‌كان و ئه‌و قەدەغانه‌ی ئەمیرەکانی گروپەکە بەسەر خەڵکی شارەکەیاندا سەپاندبوو."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500