پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئێستا لە ناوچەیەکی بچوکی نزیك سنوری عێراق گیریانخواردووە، کە لەوێ لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە کراونەتە ئامانج.
وتەبێژی هاوپەیمانان عەقید رایان دیلۆن وتی لە کۆتایی نیساندا داعش تاڕادەیەك "بەتەواوی شکستی پێهێنرا" لە بەری خۆرهەڵاتی دۆڵی رووباری فوراتی ناوهند.
هێزەکانی سوریای دیموکرات هەماهەنگیدەکەن لەگەڵ هێزەکانی عێراق بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ لەسەر پاشماوەکانی داعش و بەرگرتن بە هەوڵی دزەکردنیان بۆ سنووری عێراق.
ئەفسەرێكی هێزەکانی سوریای دیموکرات، فەرهاد خۆجا، بە دیارونای وت: "داعش دوایین هەناسەکانی لە سوریا هەڵدەکێشێت، کە ئێستا لەوێ پاشماوەکانی گیریانخواردووە لە چەند ناوچەیەکی دۆڵی رووباری فوراتی ناوهند و چەند ناوچەیەکی جیاجیا لە خۆرهەڵاتی سوریا."
وتی گروپەکە لەنێوان عێراق و سوریادا گیریخواردووە، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەوڵدەدەن فشاریان بخەنەسەر وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنی زریانی جەزیرە، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق هەموو ئەو دەروازە سنوورییانە دەگرن کە دەکرێت گروپەکە هەوڵبدات وەك دەرچەی هەڵاتن بەکاریانبهێنێت.
وتیشی پاشماوەکانی داعش لە سوریا بەنێو چەند بەشێکی باشور و باشوری خۆرئاوای پارێزگای دێرەزووردا بڵاوبوونەتەوە و هەندێك ناوچەی خۆرهەڵاتی شاری حومسیش، لەگەڵ کەنارەکانی سنووری شارۆچکەی ئەلبوکەمال.
قهڵاكهی بیابان گەمارۆدراوە
خۆجا وتی گرنگترین بنکەی ماوەی گروپەکە ناوچەی دەوروبەری دەشیشەیە لە ناوچە بیابانییەکانی پارێزگای حەسەکە.
وتی بەڵام ناوچەکە بەتەواوی گەمارۆدراوە، کە وادەکات ئەستەمبێت بۆ ئەندامانی داعش هەڵبێن و "هیچ چارەسەرێکیان نامێنێت: دهبێت یان خۆیان رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن یان لە شەڕدا بمرن".
وتیشی ناوچەکانی دیکە کە بەدەست داعشەوە ماون بریتین له هەجین، ئەبو حهمزە، توەیمین و تەل جایرن و ئاماژەشیکرد بەوەی ئەم ناوچانە بەتەواوی لەلایەن هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە گەمارۆدراون.
شەڕەکان بەڕێوەدەچن لەسەر بنەمای سیاسەتی بهرفراوانكردنی خاك و پێشڕهویكردنی بەشێنەیی كه تێیدا ناوچەکان بەتەواوی پاکدەکرێنەوە و دواتر بەرەو ناوچەی دیکە دەڕۆن.
وتی هێزە ئەمنیەکان دەبوو خۆ بگونجێنن لەگەڵ خاکی بیابان کە تەنراوە بە حەشارگەی داعش و دەبوو مین و بۆمبی دەستکرد پاکبکەنەوە کە گروپەکە چاندوونی لە پێشڕەوییاندا.
خۆجە وتی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان بۆسەر چالاکییه بینراو و پشتڕاستکراوەكان لەلایەن ئەندامانی داعشەوە زۆر گرنگ بووە بۆ پێشڕەویی ئۆپەراسیۆنەکە.
وتیشی گوندی باغوز تەحتانی (باغوزی خواروو) لەدوایین ناوچە رزگارکراوەکانە، بەجۆرێك هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشڕەوییانکردووە بەرەو باغوز فەوقانی (باغوزی سهرروو).
هەماهەنگی ئەمنیی سەرکەوتوو
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا بالی، وتی هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەماهەنگی دەکەن لە کارەکانیاندا لەژیر سەرپەرشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لەڕێی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانەوە کە دوای چەندین کۆبوونەوە دامەزرێنراوە.
بالی بە دیارونای وت: "ئەم هەماهەنگییە گرنگە بۆ پاککردنەوهی ناوچەکە لە داعش و دواتریش دابینکردنی ئەمنیەتی سنووری نێوان دوو وڵاتەکە بۆ رێگرتن لە دزەکردن لە هەر بەرێکەوە بێت."
وتی: "جوگرافیای خاکەکە ئەم هاریکارییەی کردە پێویستییهك کە ئەنجامی ئەرێنی هەبووە بۆ هەردووبەر." ئاماژەشیکرد بەوەی شارۆچکەی دەشیشە لەئێستادا "بەتەواوی گەمارۆدراوە".
چالاکوانی بواری میدیا له حەسەکە، عەمار سەلاح، بە دیارونای وت پاشماوەکانی داعش لە ناوچەی بیابانی نێوان پارێزگای حەسەکە و دێرەزوور "بەتەواوی گۆشەگیرکراون و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دەرکراون".
وتی دانیشتوانی ئەو ناوچانە "بەتەواوی گروپەکە رەتدەکەنەوە" و هەر چالاکیەکی گومانلێکراو ببینن، هێزەکانی سوریای دیموکراتی لێ ئاگادار دهكهنهوه.
وتیشی: "زۆربەی مەدەنیهکان لەو ناوچانە هەڵاتوون کە هێشتا لەژێردەستی داعشدان و چاوەڕوانی بنەبڕکردنی بوونی داعشن پێشئەوەی بگەڕێنەوە بۆسەر موڵکەکانیان."
Yes need apical album
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت