هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ژمارەی قوربانیانی تیرۆریزم لە عێراق لە نزمبوونەوەیەکی بەرچاودایە

خالید تائی

هێزەکانی عێراق ئەندامێکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) دەستگیردەکەن لە ناوچه‌ی بوهریزی پارێزگای دیالە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق ئەندامێکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) دەستگیردەکەن لە ناوچه‌ی بوهریزی پارێزگای دیالە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ئاماره‌ نوێكانی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق (یونامی) ئاماژە بە کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەکەن لە ژمارەی قوربانیانی تیرۆریزمدا و ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەیه‌ی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەیبوو، کەمبۆتەوە.

ئاماری قوربانیان کە لە 2 ئایار لەلایەن یونامیەوە بڵاوکرایەوە نیشانیدەدات لە مانگی نیساندا 68 عێراقی کوژران و 122 برینداربوون بەهۆی کردەی تیرۆریستییەوە.

ئەم ئامارەش کەمترینە لە 2003وە، چونکە قوربانیانی ساڵانی رابردوو زۆرجار ئەگەیشتنە سەروو 1,000 لە مانگێکدا.

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر سەباح نوعمان بە دیارونای وت: "کەمبوونەوەکە پەیوەندیی هەیە بە چەندین هۆکارەوە، لەپێشترینیان شکستی بەناوبانگی تیرۆریزمە لە شه‌ڕی رزگاریدا."

وتی: "داعش هیچ نفوز و دەسەڵاتێکی بەسەر یەك ملیمی خاکەکەمانەوە نیە. توانیمان هەموو شارەکانمان بگرینەوە و کۆتایی بە هه‌ڕه‌شه‌ی ئەو گروپە دڕندەیە بهێنین."

نوعمان وتی: "ئەوانەی هێشتا زیندوون بەدوایان دەکەوین و دەیانگەیەنین بە دادگا." وتیشی: "بەسەردادانی بەردەوام بەسەر تۆڕە نهێنیەکانی تیرۆریستاندا هەیە لە شار و ناوچە بیابانیه‌كان و خەریکە سوودی دەردەکەوێت."

وتیشی دۆخی سەقامگیری ئێستا باوە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا و ئاماژەیکرد بەوەی کە دژەتیرۆر "ئۆپەراسیۆنی بەدواکەوتن و گرتن" ئەنجامدەدات بۆ نەهێشتنی سەرکردە راکردووەکانی داعش و ئەندامانیان و پوچەڵکردنەوەی شانە نوستووەکان.

داعش 'هەموشتێکی لەدەستداوە'

نوعمان وتی زانیاری و راپۆرتی هەواڵگری کە لەلایەن خەڵکەوە ده‌درێن یارمەتی هێزە ئەمنیەکانیان داوە بەدوای حەشارگەکانی داعش و چەك و جبەخانەکانیاندا بڕۆن.

وتیشی: "ژمارەی کەمی قوربانیانی کردەی تیرۆریستی بەدڵنیاییەوە جێی دڵخۆشی ئێمە نیە." به‌ڵكو ئاماژەیکرد بەوەی کە "ئامانجمان ئەوەیە مانگێك تێپەڕێنین بەبێ تۆمارکردنی یەك قوربانیی رووداوی تیرۆریستی".

نوعمان وتی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە پێویستی بە بەرنامەی راوێژ و رێنمایی نیشتیمانی هەیە بۆ لەڕیشەکێشانی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی.

پسپۆڕی ئەمنی فازل ئەبوڕەغیف بە دیارونای وت کەمبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی تیرۆریزم "ئەنجامی سروشتیی سەقامگیریی بەردەوامی دۆخی ئەمنیە لە هەموو شارەکانی وڵاتدا دوای شکستی باندەکانی داعش".

وتی گروپەکە "هەموشتێکی لەدەستداوە"، لە چەکدارانیەوە بۆ ئامراز و تواناكانی بۆ راکێشانی چەکداری نوێ بۆ نێو ریزەکانی.

وتیشی: "پێشکەوتن و دەستکەوتی مەزن بەدەستهاتووە لەڕووی ئەمنیەوە، بەڵام نابێت لەوێدا بوەستین." ئاماژەشیکرد بەوەی كه‌ هەوڵە هەواڵگرییەکان گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ رۆژانی داهاتوو.

باشتربوونی دۆخی ئەمنی لە عێراق

پسپۆڕ لە بواری گروپە توندڕەوەکاندا، هاشم هاشمی، وتی پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق "فاکتەرێکی گرنگ و کاریگەرە" کە یارمەتی هێزەکانی عێراقی داوە باشتر بتوانن رووبەڕووی هەڕەشەی داعش ببنەوە.

هاشمی بە دیارونای وت باشتربوونی دۆخی ئەمنی دەکرێت بەهۆی "تێکەڵکردنی چەند فاکتەرێکەوە بێت، لەنێویاندا کەمبوونەوەی تووندیی گوتاره‌كان و قەیرانه‌ سیاسییه‌كان کە دەبوونە هۆی هەڵگیرسانی ناکۆکی تائیفی".

ئاماژەشی کرد به‌ ئەزمون و توانای زیاتری هەموو هێزە ئەمنیەکان -- سوپا و پۆلیس و هەواڵگری -- کە کارامەتر بوون لە به‌دوکەوتنی داعش و بەرگرتندا بە هەڕەشەکەی.

وتی: "ئێستا هاوڵاتیان دەزانن ئەمنیەت و سەلامەتییان بڕیار و بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەیە کە ئەوانیش بەرپرسن لێی نەك تەنیا هێزە ئەمنیەکان. دەبێت ئەوپەڕی پاڵپشتی و هاریکاریی هێزە ئەمنیەکان بكه‌ن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500