وەزارەتی نەوتی عێراق توانی سەرکەوتووانە ئاگری دواههمین بیرە نەوت بکوژێنێتەوە كه "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) گڕی تێبەردابوو.
بەرپرسانی عێراقی دەڵێن ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ژینگە و ئابوری چونکە ئاگرەکان زیانی ماددی و پیسبوونی زۆری ژینگەیان لێکەوتەوە.
وتەبێژی وەزارەتەکە عاسم جیهاد بە دیارونای وت: "توانیمان ئاگری دواههمین بیرە نەوت بکوژێننەوە کە تیرۆریستەکان گڕیان تێبەردابوو."
وتی: "تەکنیکار و شارەزایانی کۆمپانیای نەوتی باکور و بەڕێوبەرێتی بەرگری شارستانی لەگەڵ دەزگاکانی دیکەدا بەرپرسیاربوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان لە بیرە نەوتەکانی باکور."
![تەکنیکارە عێراقیەکان کێڵگەی نەوتی عەجیل چاکدەکەنەوە دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تێكیدا. [خاوەنی وێنە: کۆمپانیای نەوتی باکور]](/cnmi_di/images/2018/05/24/12609-Iraq-Ajil-oilfield-600_384.jpg)
تەکنیکارە عێراقیەکان کێڵگەی نەوتی عەجیل چاکدەکەنەوە دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تێكیدا. [خاوەنی وێنە: کۆمپانیای نەوتی باکور]
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "هەموو هەوڵەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکان تەنیا لەلایەن عێراقیەکانەوە دراون". وتیشی: "کادرە نیشتمانیەکانمان زۆر پێشكهوتوون و یەکسەر دەزانن چی بکەن لەو رەوشانەدا."
نۆژهنكردنهوه دەکرێت دەستپێبکات
جیهاد وتی ئاگرەکان لەگەڵ کێڵگە نەوتیەکان چەند ملیار دۆلار زیانی ئابورییان داوە و زیاتریش دەبوو ئەگەر بەردەوام کڵپەیان بسەندایە.
وتی پشتبەستن بە سەرچاوە نیشتمانیەکان، هاوکاریی حکومەتی عێراقی كرد ئەو پارەیهی بۆ بمێنێتهوه كه دهبوو بدرێته کۆمپانیای بیانی بۆئەوەی ئەو کارە ئەنجامبدەن.
وتیشی ئێستا ئاگرەکان کوژێندراونەتەوە و ژێرخانی نەوت دەکرێت ببوژێندرێتەوە و نەوتی خاو لەو کێڵگە نەوتیانەوە بڕوات کە داعش تێكیدابوون، بۆیە ئەم بەشە تایبەتەی مێژوو ئێستا دەکرێت دابخرێت.
داعش دەستیکرد بە گڕبەردانە بیرە نەوتەکان دوای ئەوەی دەستیكرد بە پاشەکشە بۆئەوەی بەربەست لەبەردەم پێشڕەیی هێزەکانی عێراقدا درووستبکات و رێبگرێت لە هێرشی ئاسمانی لەڕێی دوکەڵێكی قورسی رەشەوە.
ئەم تاکتیکە بوو بە بەشێك لە سیاسەتی "خاكی سوتاو"ی گروپەکە، واته خاپورکردنی ههموو شتێتك پێش کشانەوەی.
وەزارەتی نەوت لە 2016 ەوە دەستیکردوە بە کوژاندنەوەی ئاگر و توانیوێتی ئاگری چەندین بیرە نەوت بکوژێنێتەوە لە باکور، کە لە هەموویان ناسراوتر کێڵگە نەوتیەکانی گەیارە و عەجیل بوون.
جیهاد وتی وەزارەتەکە "ئەمڕۆ کاردەکات بۆ چاکردنەوەی بیرە تێکدراوەکان لەگەڵ کێڵگە نەوتیەکان و ئهو ئامێرانهی لەلایەن چەکدارەکانەوە تێکدرابوون."
قۆناغی نوێی بنیاتنانەوە
شارەزای بواری نەوت، هومام شەما، بە دیارونای وت شارەزایهتی عێراق سەلماندی کە بەتوانایە لە کوژاندنەوەی ئاگری بیرە نەوتەکاندا.
ناوبراو ستایشی رۆڵی تیمەکانی وەزارەتی نەوت و فەوجەکانی ئاگركوژێنهوهی کرد و وتی: "لە روانگەیەکی تەکنیکیەوە، ئەو ئاگرانە ئاسایی نین و شارەزایی قوڵ و ئامێری پێشکەوتوویان پێویستە بۆئەوەی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵبکرێن."
وتی ئەو تیمانە "پێشکەوتنی بەرچاویان" بەخۆیانەوە بینیووە سەرباری کەمیی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستیاندان و ئەمەش "هەلی رەخساندووە بۆ قۆناغێکی نوێ بۆ بنیاتنانەوە و دروستکردنەوەی ئەو ژێرخانەی تیرۆریستەکان تێکیاندا".
ئەمەش لە بەرامبەردا رێخۆشدەکات بۆ بەرهەمهێنانی نەوت.
سادق بههادلی، کە پرۆفیسۆری بانك و داراییە لە زانکۆی موستەنسریەی بەغدا، وتی: "کوژاندنەوەی ئاگری بیرە نەوتەکان کۆتایی بەم کێشە گەورەیە هێنا، کە دەرئەنجامی ژینگەیی و ئابوریی خراپی هەبوو."
بههادلی بە دیارونای وت داعش ویستی لەڕێی گڕبەردانەوه له بیرە نەوتەکان، ئابوریی عێراق تێکبدات کە بودجهكهی زۆر بەندە بە داهاتی نەوتەوە.
وتیشی کوژاندنەوەیان "بەڵگەی تواناکانمانە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاستهنگهكان و كارهساتی شهڕدا".