هەرچەندە "دەوڵەتی ئیسلامی" تەنیا پارچەیەکی بچوکی بەدەستەوە ماوە لەو خاکەی پێشتر لەژێر دەستیدا بوو، بهڵام خێزانێکی زۆری لە ژماردن نەهاتوو بەردەوام دەناڵێنن بە کاریگەریەکانی دوای داگیرکاریەکانیهوە.
محەمەد حەسۆ، کە كارمهندێكی کۆمەك بەخشە، وتی دوای ئەوەی گروپەکە چەند ناوچەیەکی کۆنترۆڵکرد لە سوریا، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی دێرەزوور و رەقە، زۆربەی دانیشتوانەکە هەڵهاتن.
حەسۆ بە دیارونای وت داعش دوای ئەوەش کە لەو ناوچانەی کۆنترۆڵیکردبوون دەرکرا، وێرانەیەکی وای دوای خۆی بەجێهێشتووە تا ئێستاش رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان.
وتی شاری رەققە بووە بە کێڵگەیەکی مین و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كهزۆربەی گەڕەکەکان پڕن لە تەقەمەنی دەستکردكه گروپەکە بەر لە هەڵهاتنی چاندبوونی.
حەسۆ وتی ئەوەش گەڕانەوەی ئاوارەکانی دواخستووە و زۆربەیان لە کەمپی ئاوارەکاندان.
وتی: "خۆڵ و خاشاکی بینا رووخاوەکانی شەڕی دژی گروپەکە پێویستە لاببرێن لەگەڵ تەرمەکان، کە زۆربەیان لەژێر وێرانەی بیناکاندان."
وتیشی ناوچەکانی دیکەی حەسەکە و دێرەزوور و رەققەش هەمان كێشەیان هەیە.
داعش شوێنیکی گچکۆکەی دوورە دەستی بەدەستەوە ماوە لەسهر رۆخی روباری فورات لەنزیك ئەلبو کەمال و چەند ناوچەیەکی دیکە لە بیابانی رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سنووری عێراق، هەرچەندەبەردەوام لەژێر هێرشدایە لەو ناوچانهشدا.
ئاوارەکان دەناڵێنن
مەیادە عەبود سەلمان، کە خەڵكی مەیادینە و ئێستا لە کەمپی ئاوارەکانی سەدە، بە دیارونای وت مێردەکەی سووربوو لهسهر ههڵهاتن لە شارەکەیان دوای ئەوەی داعش شارەکەی گرت، چونکە ترسی گیانی خۆیان و دوو کەچەکەیانی هەبوو.
وتی: "ئەوە دەزانرێت کە کچان گهنجینهیهكی پڕبههان بۆ چەکدارانی گروپەکە و [زۆربەشیان] بەزۆر هاوسەرگیرییان پێدەکرێت لەگەڵ چەکدارەکاندا."
وتیشی "قەدەرێکی تاریك" چاوەڕوانی کچەکانی دەکرد ئەگەر ئەو رووداوەیان بەسەردا بهاتایە.
خاتوو مهیاده وتیشی خێزانەکەی نەیتوانی هیچ لەو کەلوپەلانە بفرۆشێت کە هەیانبوو بەرلەوەی هەڵبێن، چونکە ئەوە وایدەكرد هەوڵهكانی دەربازبوونیان ئاشکراببێت.
بەرپرسێکی مانگی سووری کوردی لە عەفرین، ئازاد دودێکی، وتی ئهو سوریانهی لە کەمپەکاندان "بهدەست نەبوونی کۆمەكهوه دەناڵێنن"، ئەمەش لە کاتێکدایە چاوڕێن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
ناوبراو بە دیارونای وت: "زۆربەی رێکخراوە مرۆییەکان رەتیانکردۆتەوە هاوکاری بنێرن لە ترسی مەترسی لەسەر ژیانی کارمەندەکانیان،" لەکاتێکدا دانیشتوانی کەمپەکە دەشناڵێنن بهدهست نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستییهوه.
وتی منداڵان و بەساڵاچوان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لە مەترسی زۆردان و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه سەرباری کێشە تەندروستیەکان، رووبەڕووی "نەبوونی ئاو و کێشەی ئابوریش" بوونەتەوە.
دودێکی وتی: "زۆربهی دانیشتوانی ئهو ناوچانهی داعش داگیریكردوون، لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا کاریانکردووە و ههندێكیشیان کاری حکومییان هەبووە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان لەدەستداوە دوای هەڵهاتنیان لە گروپەکە.