هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمدواییەی عێراق بۆ كردنه ئامانجی پێگەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە سوریا پێشهاتێکی گرنگن لە هەوڵەکانی شەڕی دژی ئەو گروپەدا، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت.
هەوڵێکن بۆ بنەبڕکردنی هەڕەشەی ئەو گروپە بۆ سەر خەڵکی هەردوو دیوی سنوورهكه، بە رێگرتن لەوەی ئەندامانی خۆیان رێکبخەنەوە و توانای شەڕ پەیدابکەنەوە.
فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق رۆژی6 ئایار هیرشێکیان دژی فەرماندەکانی داعش لە خۆرهەڵاتی سوریا ئەنجامدابە فەرمانی سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی.
نوسینگەی سەرەکوەزیران رایگەیاند كه هێرشە سنوربڕەکە "کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی داعشی لە باشوری دوشاشیە کردە ئامانج لەنێو خاکی سوریادا".
دوشاشیە لە ناوچەیەکی بیابانیی پارێزگای حەسەکەی سوریادایە، کە لەوێ هێزەکانی سوریای دیموکرات شەڕی داعش دەکەن.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی، بە دیارونای وت هێرشەکەی عێراق "گردبوونەوەیەکی گەورەی چەکدارانی داعشی کردە ئامانج" کە پلانیان دادەنا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سنوربڕ بۆ نێو عێراق.
وتی هێرشەکە ئەنجامدرا بۆ "رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان و پاراستنی ژیانی مەدەنیەکان".
'پێویست و حهتمی'
فڕۆکە جەنگیەکانی عیراق دووشەممە (14 ئایار) چەندین پێگەی داعشیان تێکشکاند لە پارێزگای حەسەکەلە سێیەمین هێرشیاندا لە نیساندا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "فڕۆکە جەنگیە F-16کانی عێراق لە فەرماندەییەکی داعش و ناوەندێکی پاڵپشتیی لۆجستیان دا لە دوشاشیە، لەنێو سوریادا و بەتەواوی تێکیانشکاند."
هێزەکانی عێراق لە 19 نیسان گردبوونەوەیەکی فراوانی ئەندامان و سەرکردەکانی داعشیان لە دەوروبەری دێرەزوور کردە ئامانجو لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمییان دا لە 25 کیلۆمەتر نێو خاکی سوریادا، فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق، فەریق ئەنوەر حەمە ئەمین، بە دیارونای وت.
هێرشەکە له نزیك شاری هەجین، 36 ئەندامی داعشی کوشت.
ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، سەعد مەتلەبی، وتی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیەکانی عێراق چەندین پێگەی چەکدارانی داعشیان کردە ئامانج "کە وەك پێگەی دەسپێکی ئۆپەراسیۆن بەکاریاندەهێنان".
مەتلەبی بە دیارونای وت هیرشەکان "پێویست و حهتمیین".
وتی: "ناتوانین بێ وەڵام بین لەکاتێکدا داعش پلانەکانی جێبەجێدەکات بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان لە پێگەکانیەوە لە شارۆچکە سنوریەکانی سوریا." وتیشی هێرشەکان "پێویستە بەردەوام بن تا هەڕەشەی تیرۆریستی مابێت".
مەتلەبی باسی لە بایەخی گەمارۆدانی داعش کرد "لەسەر زەمین و لە ئاسمانەوە" و ئاماژهی بهوهش کرد كه دهشێت ئەو ئەمنیەتە رێژەییەی ئەمڕۆ لە عێراق ئەزموندەکرێت، ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان بێت بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش.
قۆناغێکی نوێ لە شەڕەکەدا
پسپۆڕی ئەمنی، جاسم حەنون، بە دیارونای وت: "ئێمە بەرەو باشی دەچین و گۆڕانی بەرچاو ئەزموندەکەین لە هەوڵەکاندا بۆ شەڕ و لەڕیشە هەڵكێشانی هۆکارەکانی تیرۆریزم."
وتی: "پێشتر شەڕی تیرۆریستانمان لە ناوخۆی وڵاتدا دەکرد و ئەمڕۆ سەرکەوتوانە لە دەرەوەی سنوورەکان راوەدوویان دەنێین."
حەنون وتی هێرشە ئاسمانیەکانی سوریا "سەرکەوتوانە هەڕەشەی داعشیان کەمکردۆتەوە بە تێکشکاندنی بنکەکانیان کە کۆبوونەوەی لێدەکەن و پلان دادەنێن و بەرپرسیارێتی ئەندامانیان دیاریدەکەن".
تێبینی ئەوەشی کرد كه لەنێو شوێنە بەئامانجکراوەکاندا "جبەخانەیەکی چەك و تەقەمەنی هەبوو، لەگەڵ شوێن و کارگەی بەرهەمهێنانی بۆمب و پەیوەندیگرتن، پشتگیریی دارایی و ئامێر دروستکردن".
وتی بەڵام سەرکەوتنی گرنگی ئەم هێرشانە بنەبڕکردنی فەرماندە باڵاکانی داعشە، ئەوەی بە "قورسترین زیان" دانا بۆ گروپەکە.
هاریکاریی نێودەوڵەتی
پسپۆڕی ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی، بە دیارونای وت سەرکەوتنی ئەم هێرشە ئاسمانیانە بەهۆی "هاریکاریی ئاستبەرز و رێککەوتنەوەیە" لەنێوان فەرماندەیی سوپای عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.
وتی هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەوانانی عێراقی و بە بوونی راداری روماڵکردن، پاڵپشتی لۆجستی و بەدواداچوونی راستەوخۆ لە هێزەکانی هاوپەیمانانەوە ئەنجامدراون.
وتیشی: "ئەوەی ئەم هێرشانە جیادەکاتەوە کوالیتیەکەیانە نەك زۆروبۆرییان، چونکە پێگەی دیاریکراو دەکەنە ئامانج بە بوونی هەواڵگری و چاودێریی ورد."
ئاماژهی بهوهش کرد كه ئامانجەکە رێگرتنە لەوەی داعش توانای شەڕکردن بەدەستبهێنێتەوە.
وتی داعش هەوڵدەدات پێگەی بەهێز دابمەزرێنێت لەهەندێك شوێنی دیاریکراوی سوریادا کە نزیك بە سنوری عێراقن و وادەکات بتوانێت هێرش ئەنجامبدات بۆسەر هێزەکانی پاسەوانی سنووری عیراق و دزەبکاتە نێو سنووری عێراقەوە.
شەریفی وتی: "بەڵام ئەم ستراتیژە پێشگرە کە هێزەکانمان پەیڕەوی دەکەن تیرۆریستان و پلانەکانیان تێکدەشکێنێت."
دەبوو چەند ساڵێك لەمەوبەر قەڵغانی بەرگرتنتان بەکاربهێنایە و دەبوایە بهئاشكرا بەسەر تاوانبارانتاندا بدایە.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت