ژمارەیەکی بەرچاو لە كاندیدی مێیینەی ئاستبەرز کێبڕکێدەکەن بۆ بردنەوەی کورسییهكی پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراقدا کە بڕیارە 12 ئایار ئهنجامبدرێت.
کاندیدی هاوپەیمانێتی بڕیاری عێراقی، مەنال موعتەسەم، وتی: "زۆر دەنگدەر ئێستا متمانەیان بە توانا و لێوەشاوەیی کاندیدە مێیینەکان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کارای وڵات و پێشەنگکردن لە هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و چاکسازیدا."
موعتەسەم بە دیارونای وت: "ئەمە تەنیا دروشم نیە و راستیە. ژنانی عێراق سەلماندویانە بەتوانان لە پێشەنگیکردن لە هەموو بوارەکانی حکومەتدا و رێزی خەڵکیان بەدەستهێناوە."
وتی لەکاتێکدا ژنان رۆڵی چالاکتر دەبینن لە کۆمەڵگەدا، ئەمە سەریکێشاوە بۆ ئەوەی "کاندیدی مێیینەی زۆر بچنە کێبڕکێوە بۆ پەرلەمان".
موعتەسەم متمانەی خۆی دەربڕی بە توانای ژنان بۆگۆڕانکاری کردن لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی کێشە ئاڵۆزەکان کە چەندین ساڵە وڵاتەکەیان داغانکردووە.
وتی: "گۆچانی جادوییمان پێنیە، بەڵام وەك ژنان ناکرێت بێکار دابنینیشین و هەموو شتێك دەکەین کە له تواناماندا بێت بۆ ئەوەی خەڵك دەیەوێت بەدەستیبهێنین لەڕووی خزمەتگوزاری و بنیاتنانەوە و هەموو بوارەکانی دیکەوە."
دەنگدەران دەبێت وریایانە هەڵبژێرن
موعتەسەم داوای لە دەنگدەران کرد کاندیدەکان وریایانە هەڵبژێرن بە پێداچونەوەی دەستکەوتەکانیاندا تا بزانن چیانکردووە لە خزمەتی وڵاتەکەیاندا.
وتی: "بژاردەی راست دەستپێکە بۆ گۆڕانکاری."
لەژێر سیستمی هەڵبژاردنی عێراقدا، ژنان کۆتای لهسهدا 25ی کورسیەکانی پەرلەمانیان هەیە.
کۆی 2,592 ژن خۆیان بۆ ئەو نوسینگە گشتییە کاندیدکردووە لە وڵاتدا كه نزیکەی لهسهدا 35ی کۆی گشتی ژمارەی کاندیدەکانه، کە پێكهاتووه له 7,367.
زەینەب عومەر محەمەد سیراج، کاندید لە هاوپەیمانێتی هاوکاری، وتی ژنان بەرپرسیارێتیەکی گەورەیان هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دەستپێکی داهاتویەکی باشتر.
سیراج بە دیارونای وت: "کێشەکان زۆر و ئاڵۆزن، بەڵام باوەڕمان وایە گەر پێکەوە کاربکەین، پیاوان و ژنان، دەست لەناو دەست، دەتوانین بەسەر هەموو بەربەستەکاندا زاڵ ببین."
سیراج جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی "ژنانی نانپەیداکەر لەگەڵ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی تیرۆریزم و توندوتیژییەوە".
وتی: "ئامانجمان ئەوەیه كه چیمان پێدەکرێت بۆ ئەم توێژانەی کۆمەڵگەی بکەین چونکە شایەنی سەرنجدان و گرنگیپێدانی بەرچاون". هیواشی خواست بەوەی ژنان باشتر نوێنەرایەتی بکرێن لە حکومەتی داهاتوودا.
سیراج وتیشی: "ژنان بوونێکی بەهێزیان هەیە لە پەرلەماندا و دەبێت هەمان شتیش لە لقی جێبەجێکردندا هەبێت."
'رۆڵی کاریگەر بۆ ژنان'
پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەیلا بەرزنجی، وتی: "بەهیواین ئەو ژنانەی دەچنە کایەی سیاسییەوە گۆڕانکاری ریشەیی بچەسپێنن کە لە خزمەتی گشتیدا بێت."
بەرزنجی بە دیارونای وت: "نامانەوێت بونێکی پەراوێزخراومان هەبێت کە هەر بەناو بوون بێت. بەهیواین رۆڵێکی چالاك و کاریگەری ژنان ببینین."
وتی: "ژنان چەندین دەستکەوتیان هەبووە لە گەشتی عێراقدا تائێستا و ئەمەش دەستپێکێكە." ههروهها ئاماژەیکرد بەوهی ژنان بەردەوامدەبن لە بەشداریکردن بە ئاراستەی گەشەپێدانی کۆمەڵگەکانیاندا.
عەزیز عابید، 53 ساڵ، خهڵكی گەڕەکی بەلەدیەی بەغدا، بە دیارونای وت کە دەنگدەدات بە شیاوترین کاندید، بێئەوەی حساب بۆ رەگەزی نێر یان مێ بکات.
وتی زۆر کاندیدی مێیینە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە خزمەتکردنی وڵاتەکەیاندا و وتیشی "لهوه ناسڵهمێتهوه دەنگبدات بە یەکێك لەوان" بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە پەرلەماندا.
روئەی حسێن، 37 ساڵ، لە گەڕەکی دۆرەی بەغدا، بە دیارونای وت دەنگی خۆی دەداتە گونجاوترین و لێوەشاوەترین کاندید و هیوای خۆی دەربڕی بەوەی ژنی زیاتر پۆستی باڵاتر وەرگرن لە حکومەتدا.