هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق به‌دوی پاشماوەکانی داعش دەکەوێت لەودیو سنووری سوریاوه‌

عەلا حسێن لە بەغدا

ستكرینشۆتی ڤیدیۆیەك بنکەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) نیشاندەدات کە لەلایەن فڕۆکەیەکی عێراقەوە کرایە ئامانج لە سوریا 19 نیسان. [خاوەنی وێنە: بنکەی زانیاری ئەمنیی عێراق]

ستكرینشۆتی ڤیدیۆیەك بنکەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) نیشاندەدات کە لەلایەن فڕۆکەیەکی عێراقەوە کرایە ئامانج لە سوریا 19 نیسان. [خاوەنی وێنە: بنکەی زانیاری ئەمنیی عێراق]

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بەردەوامه‌ لە راوەدوونانی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەناو سوریادا و دەزگا ئەمنیەکانی عێراقیش ئەمنیەتی سنوورەکانیان توندتر کردووە بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ رێگریکردن لە دزەکردن.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت عێراق هەوڵە هەواڵگریەکانی زیاترکردووە بۆ کردنە ئامانجی چەکداران و بنکەکانی داعش لە ناو سوریادا.

وتی: "هێرشە ئاسمانییە سەربازیەکانی هێزی ئاسمانی عێراق دژی ئامانجه‌كانی داعشله‌ 19 نیسان به‌پشتبه‌ستن به‌ زانیاری هەواڵگری ئەنجامدران."

وتیشی فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 ی عێراق بنکەکانی داعشیان خاپوورکرد له‌ودیوی سنوورەکە و 36 چەکدار و فه‌رمانده‌ی گروپەکەیان کوشت.

رەسوڵ وتی هێزەکانی عێراق ئەمنیەتیشیان باشترکردووە لە ناوچە سنووریەکانی نێوان عێراق و سوریا بۆ رێگرتن لە دزەکردنی پاشماوەکانی داعش.

وتی: "رێیان پێنادەین بگەڕێنەوە عێراق و کاتیان نادەینێ تا بنکەی نوێ لەسەر سنووره‌ هاوبه‌شه‌كه‌ دابمه‌زرێنن."

هه‌روه‌ها وتی ئه‌و هێرشە ئاسمانییە و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی عێراق ئەنجامییاندەدەن لە سەرانسەری هەرێمی جەزیرەدا بەشێكن لە هەوڵه‌کان بۆ پاکردنەوەی تەواوەتیی ناوچەکە بۆ دڵنیابوونەوه‌ له‌وه‌ی پاشماوەی گروپەکە نەماوە، چونکە سێ ساڵ لەمەوبەر ئەو ناوچەیە پەناگەی داعش بوو.

رەسوڵ وتی: "هیچ پەناگەیەك نەماوە لە عێراقدا بۆیان و دەزگاکانی هەواڵگریش رێیاننادەن پەناگەیان هەبێت لە سوریا."

ئامێری پێشکەوتوو پێویستە

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كه‌عود، وتی داعش ئیتر ئەو مەترسیە نییە وابکات شارێکی عێراقی بکەوێت وەك سێ ساڵ لەمەوبەر.

ناوبراو بە دیارونای وت چەکدارە پاشماوەکانی داعش دەکرێت هێرشی سنووردار ئەنجامبدەن لەڕێی دەربازبوون لە سنوورەکەوه‌ بە ژمارەی کەم و هاوئاهەنگیکردنیان لەگەڵ شانە نوستووەکانیان لەناو عێراقدا.

وتی کێشەی دزەکردنی سنوور دەکرێت چارەسەربکرێت لەڕێی دانانی ئامێری چاودێری پێشکەوتووه‌وه‌، وەك کامێرای دەرخستنی گەرمی بەدرێژایی سنوورەکە لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

وتیشی دەکرێت لەڕێی "زۆرکردنی ژمارەی هێزەکان و پێدانی چەکی پێشکەوتووه‌وه‌ و پشتیوانی ئاسمانی" چارەسەربکرێت" و جه‌ختیشی له‌ گرنگی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگریەکان كرده‌وه‌.

شرۆڤه‌کاری سەربازی عێراقی، سەفا ئەعسەم، وتی ستراتیژی عێراق بۆ نەهێشتنی ئه‌و مەترسییه‌ی داعش دروستیده‌كات لە سوریا، تەنیا جه‌ختده‌كاته‌ سەر لایەنە هەواڵگریەکە و کۆنترۆڵكردنی سنوورەکە و ئەگەری په‌نابردنه‌ به‌ر ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیش.

ئەعسەم بە دیارونای وت هێزە زەمینییەکان ناچنەناو خاکی سوریاوە "بە پابەندبوون بە فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی هێزه‌ چەکدارەکان (سەرۆك وەزیرانی عێراق) حەیدەر عەبادی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

واو!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

هادی حوسی و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵیدان ده‌بێت له‌سێداره‌بدرێن.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌