پێشبڕکێ بۆ هەڵبژارندی پەرلەمانی عێراق کاندیدی وای بۆلای خۆی راکێشاوە کە لە دەرەوەی دونیای تەقلیدی سیاسیەوە هاتوون و کاندید و دەنگدەران دەڵێن دەکرێت سەردەمێکی نوێ بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی لەگەڵ خۆیاندا بێنن.
7,367 کاندید خۆیان پاڵاوتووە بۆ هەڵبژاردنهكانی 12 ئایار بۆ کێبڕکێکردن بۆ 329 کورسی پەرلەمان.
ئهو کاندیدانهی له بواره کولتووری و وەرزشییهكانهوه دێن نزیکەی چارەکێکی کاندیدەکان پێكدەهێنن و زۆربەیان لەسەر لیستی مەدەنی و هاوپەیمانیەکان خۆیان هەڵبژاردووە.
ئەکتەر مازن محەمەد مستەفا کە لە سەر لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا خۆی کاندیدکردووە وتی عێراق پێویستی بە "سیستمێکی دینامیکی سیاسی هەیە" کە تیایدا کەسایەتیە گشتیەکان بوونیان بەهێزبێت.
وتی لە ساڵانی رابردوودا سیاسەت تەنیا بۆ ئەو کەسانە بووە کە نوێنەرایەتی حیزبە سیاسیەکانیان دەکرد و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه "بەشداری ئێمە ئەمڕۆ وەك هونەرمەند نەخشەیەکی سیاسی نوێ درووستدەکات."
وتی: "خەڵك گۆڕانکارییان دەوێت لەڕێی هەڵبژاردنەوە بۆئەوەی سەرکەوین بەسەر کێشە زۆرەکانی بەدەستیانەوە دەناڵێنین. ئەو گۆڕانکارییەی ئێمە دەیخوازین لەڕێی مافی دەنگدانەوە دێتە ئاراوە."
'ئەرکە گرنگەکان'
مستەفا وتی بردنەوەی کورسییەك لە پەرلەمان مانای چەندین ئەرکی گرنگە و لە هەمووی گرنگتر پاراستنی مافی هاونیشتمانیانە لەگەڵ شەڕکردن دژی مەزهەبگەرایی و گەندەڵی بۆ باشکردنی ئەدای حکومەت لە هەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاریدا.
وتیشی: "سەرنجی سەرەکی حکومەتە یەك لە دوای یەکەکانی پێشتر لەسەر ئەمنیەت و تیرۆریزم بووە و ئەوانەش ئەرکی زۆر گرنگن."
وتی: "بەڵام پێمانوایە کولتوور دەبێت سەرنجی زیاتری لەسەر بێت .ناتوانین شەڕی دژ بە تیرۆریزم بکەین تەنیا بەچەك، دەبێت هزر و هونەریش بەکاربهێنرێن."
ههروهها وتی: "دەبێت کاری زۆر بکەین بۆ داهاتوویەکی رووناکتر."
سەرمەد عەبدوڵلا، کە پێشتر مەلەوان بووە و کاندیدە لەسەر لیستی هاوپەیمانی نەسر، وتی نوێنەرەکان لە پەرلەمان "دەبێت خەڵكی بەئەزموون و شایستەیان تێدابێت بۆئەوەی کارەکان بەباشی بەڕێوەببەن."
وتی پەرلەمانی عێراق لە چەند لیژنهیهك پێکهاتووە و هەریەکەیان کاریان تێڕوانینه له کاروبارهكانی كهرتێكی دیاریكراو.
وتیشی: "لەڕێی لیژنهكانی وەرزش و گەنجانەوە هەوڵدەدەین سێکتەری وەرزش بەرەو پێشەوە بەرین لە وڵاتەکەدا. دەمانەوێت یاسا دەرکەین لە خزمەتی وەرزشوانان و گەشەبدەین بە تواناکانی گەنجان و ئاگامان لە وەرزشوانە پیشەییەکانیش بێت."
ههروهها وتی ئهو لیژنهیه ئامانجی پاراستنی مافەکانی وەرزشوانه پیشەییەکان دەبێت لەگەڵ درووستکردنی یانە و تیمەکان و دامەزراوە وەرزشیەکان.
شوێنکردنەوەی ئەوانەی تازە هاتوون
عەبدوڵا وتی بەشداریکردنی ئەو کاندیدە جیاوازانە لە هەڵبژاردنەکەدا وەكو ئەوە وایە "بەردێك فڕێبدهیته گۆمێكی مەنگەوە".
وتیشی: "شوێنکردنەوە بۆ رکابەری نوێ بە پابەندبوون بە شکۆمەندی کایە سیاسیەکەوە بووە بە پێویستییهك."
رۆژنامەوان هادی جهلو میرحی، کاندیدی لیستی پارتی مەدەنی، وتی دەیەوێت ببێتە بەشێك لە "فراکسیۆنی بەرگری" لە پەرلەمان بۆ ئەوەی رێگربێت لە هەر لادانێك لە درووستکردنی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی.
میرحی بە دیارونای وت: "ئێستا کاتی هێنانە ئارای چاکسازی سیاسی گەورەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە قوڵەکانی گەندەڵی و خراپیi خزمەتگوزاریە گشتیەکان و گەشەپێدان بەو ئابورییە چەقبهستووە."
وتی هەموو حیزبە سیاسیەکان دروشمی چاکسازییان لە کەمپینەکانیاندا بەرزکردۆتەوە وەك ئامانجێکی دەستبەجێ بەڵام هەندێكیان تەنیا بهمهبهستی بردنەوە بەکاریدەهێنن.
میرحی وتی ئەگەر هەڵبژێردرێت هیوادارە ژیانی عێراقیەکان باشتربکات بە رۆژنامەوانان و پیشەوەرانی میدیاکانیشەوە.
وتیشی: "دەمانەوێت یاسای نوێ بهێنن کە بەڕاستی پارێزگاری لەو چینە بکات و رێگایان بۆ خۆشبکات ئازادی رادەربڕینیان بەکاربهێنن."
ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد كه "نزیکە 50 رۆژنامەوان تەنیا لە پارێزگای نەینەوا لەلایەن تیرۆریستانەوە کوژراون و چەندانی دیکەش بێسەروشوێنن".