تەنیا 10 رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق و هێزەکانی عێراق هەڵمەته ئەمنییهكانیان لە پارێزگای کەرکوك زیادترکردووە بۆ هەڵکوتانە سەر پاشماوەی ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
هێزێکی هاوبەشی پۆلیسی فیدراڵ و سوپا سێشەممە (1 ئایار) ئۆپەراسیۆنێکی یەكڕۆژەیان ئەنجامدا بۆ كردنه ئامانجی پاشماوەکانی داعش کە خۆیان لە حەویجە، باشوری خۆرئاوای کەرکوك، شاردۆتهوه.
بە کارکردن لەسەر هەواڵگریی دروست دەربارەی بوونی پاشماوەی داعش لە حەویجە، هێزە هاوبەشەکان حەشارگەکانی گروپەکەیان کردە ئامانج لە گوندەکانی عوزەیبە و شەریفی و دەستیانگرت بەسەر چەك و تەقەمەنیدا.
چەند تونێلێکی نهێنیشیان رووخاند کە توندڕەوان هەڵیانکەندبوون تا بەبێ ئەوەی پێیانبزانرێت، هاتوچۆ بکەن.
بەڕێوبەری پۆلیسی کەرکوك، عەمید عەلی کەمال عەبدولڕەزاق، بە دیارونای وت لە دوو هەفتەی رابردوودا هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆ حەوت کەسیان دەستگیرکرد کە بە تۆمەتی تیرۆریزم داواکرابوون.
وتی ئەوانه لە بازگەکان دەستگیرکران لەکاتێکدا دەیانویست بێنە کەرکوکەوە، وتیشی کە پلانیان وابوو هێرشبکەن پێش هەڵبژاردنەکان.
هەوڵه هاوبەشهكان
عەبدولڕەزاق وتی: "پۆلیسی کەرکوك هەماهەنگی هەوڵەکان دەکات لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و سوپا بۆ هێشتنەوەی سەقامگیریی پارێزگاکە."
وتی: "هەموومان وەك یەك دهسته کاردەکەین بۆ پاراستنی کەرکوك و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی تیرۆیستی دژی خەڵکی پارێزگاکە، کە خۆیان ئامادەدەکەن لە 12 ئایار بەشداری هەڵبژاردنی نیشتمانی بکەن."
وتی هەڵمەتی ئەمنی دژی حەشارگەکانی تیرۆریزم بەردەوامدەبێت، بەتایبەتی لە گوند و شارۆچکەکانی حەویجە.
وتیشی: "هەر کە ئۆپەراسیۆنێك تەواوبوو، دانەیەکی دیکە دەستپێدەکات تا هیچ دەرفەتێك نەدرێت به چەکداران بۆ هەناسەدان و خۆڕێکخستنەوە."
وتی هێزی ئەمنی لە هەموو شوێنێك جێگیرکراوە و ئاماژەشیکرد بەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن باش بەڕێوەدەچێت بەهۆی هەوڵە ئەمنیەکانەوە.
لە ئامادەکاریدا بۆ رۆژی هەڵبژاردن، 323 وێستگەی دەنگدان لە تەواوی کەرکوکدا کراونەتەوە.
عەبدولڕەزاق وتی هەموو وێستگەکان و ناوچەکانی دەوروبەریان بەچڕی پاسەوانیدەکرێن بۆ رێگرتن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی لەکاتی پرۆسەی دەنگداندا.