داگیرکاریی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بۆ چەند بەشێکی عێراق لە 2014 و ئەو شەڕانەی بەدوایداهات بۆ دەرکردنی گروپەکە لەو ناوچانه، بووههۆی ئهوهی داعش زۆرینەی سەرکردە باڵاکانی لەدەستبدات.
پسپۆڕی ئەمنی جاسم حەنون بە دیارونای وت لە ماوەی شەڕەکەدا، "داعش 43 لە 48 سەرکردە دامەزرێنەرەکانی لەدەستدا، کە لە سەرەوەی پلەبەنەدی رێکخراوەکە بوون و رۆڵێکی هەستیاریان هەبوو".
حەنون وتی داعش فەرماندە بژاردە مەیدانییەکانیشی لەدەستدا و ئەوانەش کە "بەرپرسی پاراستنی سەرچاوەی دارایی داعش بوون" و ئاماژەشیکرد بەوەی ئهو هێرشە ئاسمانیانهی ئهو سهركردانهی کردە ئامانج "وایکرد پەیکەربەندی رێکخراوەکە شکستبهێنێت".
سەرکردە بەناوبانگەکان کوژران
بەناوبانگترین لەنێو ئەو سەرکردانەی داعشدا کە کوژران ستراتیژدانەر و پروپاگەندەکاری باڵای داعش بوو لەژێر نازناوی ئەبو محەمەد عەدنانیدا.
عەدنانی، کە ناوی راستەقینەی تەها سوبحی فەلاحە بوو، لە حەلەب لە ئابی 2016 بە هێرشی ئاسمانی کوژرا، پنتاگۆن پشتڕاستیکردەوە.
مانگێك پێشتر، گروپەکە مەرگی فەرماندەی باڵا ئەبو عومەر شیشانی پشتڕاستکردەوە، کە ناوی راستەقینەی تەرخان باتیراشڤیلی بوو، لە شارۆچکەی شەرگاتی عێراقی.
فەرماندەی مەیدانیی داعش شاکر وەهابیش لە ئەنبار کوژرا، کە ناسرابوو بە ئەبو واهیب فەهداوی دولەیمی.
فازل ئەحمەد عەبدوڵا حەیالی، کە سەرپەرشتی داگیرکاریی شارە عێراقیەکانی داعشی دەکرد، لە 2015 بە هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان کوژرا. حەیالی چەندین نازناوی بەکاردەهێنا، لەنێویاندا ئەبو موسلیم تورکمانی، حاج موعتەز و ئەبو موعتەز قورەیشی.
جێگری ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی داعش، عەبدولڕەحمان قەدولی، کە نازناوەکەی ئەبو عەلا عەفری بوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی عێراقدا لە 2015 کوژرا.
سەرکردەی باڵای داعش عەدنان ئیسماعیل نەجم عەبدوڵا دولەیمی، کە بە نازناوەکەی ئەبو عەبدولڕەحمان بەیلاوی دەناسرا، لە 2014 لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە کوژرا. دولەیمی بەرپرسی بەناو ئەنجومەنی سەربازی گروپەکە بوو.
نەبوونی سەرکردایەتی
حەنون وتی: "کەمین و هێرشی تاکهتاکهی ئەمدواییانەی داعش ئامانجیان ئەوەبوو بە جیهان بڵێن هێشتا هەندێك هێزیان پێماوە."
وتی بەڵام ئەم هێرشانە دەریدەخەن كه "سەرکردایەتییهكی ناوەندییان بۆ پلاندانان نیه" و ئاماژەشیکرد بەوەی هێرشی بچوك بۆسەر ئامانجی ئاسان لەلایەن پاشماوە هەڵاتووەکانی داعشەوە ئەنجامدەدرێت.
پسپۆڕی ئەمنی فازل ئەبو رەغیف وتی داعش گەڕاوەتەوە بۆسەر شێوازی كاری پێشووی خۆی کە هەر ئەندامێك یان شانەیەك بەسەربەخۆیی کاردەکات بێ بوونی هیچ سەرچاوەیەکی رێنمایی یان بڕیارێك كه لەلایەن سەرکردەکانی گروپەکەوە درابێت.
ئەبو رەغیف بە دیارونای وت گروپەکە دەستیکرد بەمجۆرە لە کارکردن دوای ئەوەی ژمارەیەك لە سەرکردەکانی کوژران و ئاماژەشیکرد بەوەی بەغدادی "ئێستا وەك هەڵاتوو دەژی، کە دەبێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە شوێنکەوتوانی بڕوات".
وتیشی ئێستا سەرۆکی داعشناتوانێت سەرکردایەتی گروپەکە بکاتو هیچ کەسێكی نیە پشتی پێببەستێت.
ئەندامی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب، باسی لە گرنگی شەڕکردن دژی ئایدۆلۆژیای داعش کرد، لەگەڵ دەرکردنی پاشماوەی چەکدارانی.
شەبیب بە دیارونای وت: "توند مامەڵەنەکردن لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیا توندڕەوە و رێنەگرتن لە تەشەنەکردن بۆ نەوەی نوێ مانای وایە نەوەیهكی داهاتوو لە تیرۆریست و سەرکردەکانیان دەبینین."
وتی: "ئەم شەڕی ئایدۆلۆژیایانە دەبێت هەنگاوی داهاتوومان بێت، دوای لەناوبردنی سەرچاوە مرۆیی و داراییەکانی تیرۆریزم."