هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان له‌ باشوری دیمه‌شق ده‌گه‌ن به‌ ئاگربەست

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

تانکێکی رژێمی سوریا بەسەر شەقامێکی باشوری دیمەشقدا دەڕوات. [خاوەنی وێنە: بەها سەهلی]

تانکێکی رژێمی سوریا بەسەر شەقامێکی باشوری دیمەشقدا دەڕوات. [خاوەنی وێنە: بەها سەهلی]

دوای چەندین ساڵ لە شەڕکردن لەگەڵ رژێمی سوریا، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە شارۆچکەکانی یه‌ڵدا و بابیلە و بەیت سەحم لە باشور، یەکشەممە (29 نیسان) گەیشتن بە رێککەوتنێكی ئاگربەستی هەمیشەیی لەگەڵ هێزەکانی رژێم.

میدیای دەوڵەت یەکشەممە رایگەیاند كه‌ رێککەتنێکی دیکە کرا بۆ گواستنەوەی کەمپی یەرموکی فەلەستینیەکان کە چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەوێ لە باشوری دیمەشق خۆیان تێدا شاردۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا رایگەیاند كه‌ گواستنەوەی "گروپە تیرۆریستیەکان" بۆ ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری خۆرئاوای سوریا دووشەممە دەستپێدەکات، بەبێ ئەوەی ناوی توندڕەوانی داعش بهێنێت.

چالاکوانێكی ناوچەکە، بەها سەهلی، بە دیارونای وت ئەو لیژنەیەی ئەرکی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتەوایی پێدرابوو لەنێوان گروپەکانی ئۆپۆزسیۆندا لە شارۆچکەکانی یەڵدا و بابیلە و بەیت سەحم، بەیانی یەکشەممە رێککەوتنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی راگەیاند، لەژێر سەرپەرشتی روسیادا.

وتی بەندە بنەڕەتیەکانی رێککەوتنەکە هاوشێوەی ئه‌و رێککەوتنانەی دیکەیە کە به‌گوێره‌یان چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ناوچەکەیان به‌جێهێشت.

وتیشی: "بەهەمان مەرج، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو مەدەنیانەی دەخوازن بڕۆن، دەگوێزرێنەوە بۆ باکوری سوریا."

سەهلی وتی لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە زانیویەتی کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ سێ ناوچە دەڕۆن: جەرابلوس، بۆ جەیش ئیسلام؛ دەرعا، بۆ لیوای ئەبابیل حۆران؛ لەگەڵ ئیدلیب بۆ گروپەکانی دیکە، لەنێویاندا هاوپەیمانێتی توندڕەوی تەحریر شام.

وتی چاوەڕواندەکرێت گواستنەوەکان تا سێشەممە تەواوبکرێن، هاوکات سوپای رژێمی سوریا دەچێتە ئەو سێ شارۆچکەیەوە.

بەندەکانی رێککەوتنەکە

سەهلی وتی "دانوستانکارانی نوێنەری سێ شارۆچکەکە سووربوون لەسەر ئەوەی گه‌رەنتییان پێبدرێت کە میلیشیاکانی سەربە رژێم ناچنە شارۆچکەکانەوە، چونکە ئەوە سەردەکێشێت بۆ تۆڵەکردنەوەی تائیفی" دژی خەڵکی ناوچەکە.

وتی داوای شەش مانگ بەخشینیشیان کرد بۆ ئەو کەسانەی نەیانتوانیوە خزمەتی سەربازی بەزۆر بکەن لە سوپای سوریادا.

وتیشی دەرگا کراوەیە بۆ ناونوسکردنی خۆبەخشانە لە سوپای سوریادا بۆ ئەوانەی دەیانەوێت پەیوەندیبکەن دوای ئەوەی پشکنینی ئەمنییان بۆ دەکرێت.

سەهلی وتی رێککەوتنەکە دوای هەوڵێك دێت لەلایەن داعشەوە بۆ پێشڕەوی بەرەو سێ شارۆچکە لە چەند رۆژی رابردوودا.

وتی گروپە توندڕەوەکە سەرکەوتووبوو لە دەستگرتن بەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژیدا، بەتایبەتی لە کەناری یەڵدا، هاوسێی کەمپی یەرموك.

گروپەکە توانی دەستبگرێت بەسەر نەخۆشخانەی ژاپۆنی و ناوچەکانی حاریسەشدا.

پێشتر رێککەوتنێك کرابوو بۆ گواستنەوەی چەکدارانی برینداری ئۆپۆزسیۆن بۆ باکور، بە یاوەریی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور.

سەهلی وتی هەر شەڕێکی بەردەوام لە باشوری دیمەشق "تەنیا لەنێوان داعش و جەیش ئەبابیلدایە لەلایەك و لەلایەکی دیکەوە رژێم و میلیشیا سوری و لوبنانی و عێراقی و فەلەستینیەکان لەلایەکی دیکەوە".

وتیشی ئەمە لە ناوچەیەکدایە کە 10 کیلۆمەتری چوارگۆشە زیاتر نابێت، كه‌ به‌زۆری لە کەمپی یەرموك و ناوچەکانی هاوسێیدایه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500