هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

مەدەنیەکانی حومس و حەما کەوتونەتە نێوان دوولایەنی شەڕکەرەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەکدارانی لایەنی ئۆپۆزسیۆنی جەیش عیزە شەڕی رژێمی سوریا دەکەن لە حومس. [خاوەنی وێنە: فەیسەڵ ئەحمەد]

چەکدارانی لایەنی ئۆپۆزسیۆنی جەیش عیزە شەڕی رژێمی سوریا دەکەن لە حومس. [خاوەنی وێنە: فەیسەڵ ئەحمەد]

رژێمی سوریا هۆشداریی داوەتە مەدەنیەکان لە حومس و حەما کە ناوچەکانیان جێبهێڵن و بەرەو بازگەکانی رژێم بێن گەر دەیانەوێت ژیانی خۆیان بپارێزن.

چالاکوانان بە دیارونایان وت دانیشتوانی ئەو دوو پارێزگایەی باکور نیگەرانییان دەربڕیوە لەو هۆشدارییە، كه‌ مانای وایە کەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشەوە.

یان دەبێت هەڵبێن بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی رژێم، کە وادەکات رووبەڕووی ئەگەری لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ و دەستگیرکردن ببنەوە، یان لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی رژێم و رووبەڕووی مەترسیەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ببنەوە.

بۆ جاری دووەم چوارشەممە (25 نیسان) کۆپتەرەکانی رژێم نامیلکەیان بەردایەوە بەسەر شارۆچکە و گوندەکانی حومس و حەمادا و داوایان لە مەدەنیەکان کرد بەخێرایی ناوچەکانیان جێبهێڵن و بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی رژێم بڕۆن.

چالاکوان فەیسەڵ ئەحمەد بە دیارونای وت نامیلکەکان رێنمایی دەکردن راستەوخۆ بڕۆن بەرەو بازگەکانی رژێم، پێش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی پلان بۆ دانراو.

وتی "لەمکاتەدا سەختە بۆ مەدەنیەکان شوێنگۆڕکێ بکەن،" چونکە هەر ناوچەیەکی دیکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی رژێم بێت تووشی هێرشی ئاسمانی و هێرشی تر دەبێتەوە. زۆربەشیان لەوە دەترسن رووبەڕووی دەستگیرکردن یان سزای دیکە ببنەوە هەرکات بگەنە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم.

له‌گه‌ڵ وەستانی دانوستانه‌كاندا پێکدادان بەردەوامە

باکوری حومس و باشوری حەما ناوچەیەکن کە لەلایەن ژمارەیەك گروپی ئۆپۆزسیۆنی چەکدارەوە کۆنترۆڵکراون، بەتایبەتی تەحریر شام، گەورەترین و بەهێزترین هاوپەیمانێتی لە ناوچەکەدا، کە لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشووەوە کۆنترۆڵکراوە.

ئەحمەد وتی هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکە شەڕدەکەن لەژێر یەك ژووری ئۆپەراسیۆندا کە سەرەتای نیسان دامەزرا، "فەرماندەیی یەکگرتوو لە هه‌رێمی ناوەندی".

وتی: "شەڕەکە لە چەندین بەرەوە بەردەوامە، بەتایبەتی عیزەدین سەلیم حەمرات، لەگەڵ کەناری خۆرئاوای سالمیە، کە هێزەکانی رژێم هەوڵیاندا پێشڕەوی لێبکەن و تووشی قوربانی بەرچاو بوون."

وتیشی: "ئەمە لەکارێکی تۆڵەسەندنەوە دەچێت لەلایەن رژێم و میلیشیا هاوپەیمانەکانەوە."

هەفتەیەك لەمەوبەر، هەندێك پێکدادان لەو ناوچانە روویاندا و هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەئێستادا وەستێنراون، چونکە رژێم هەوڵدەدات لەڕێی روسیاوە لەگەڵ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن بە رێککەوتن بگات.

وتی هەر رێککەوتنێك بکرێت شێوازێکی هاوشێوەی ئەوانەی دەبێت لەگەڵ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدران لە غوتەی خۆرهەڵاتو قەلەمون.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ رژێم چوارشەممە دەستی بەسەر خۆرهەڵاتی قەلەموندا گرتەوە دوای ئەوەی دوایین چەکدار و مەدەنی بە پاس برانە دەرەوەی ناوچەکە بەگوێرەی رێککەوتنێك.

ئەحمەد وتی بەڵام دانوستانەکان لە حومس و حەما وەستاون، بەهۆی ژمارەیەك لە ناکۆکییه‌وه‌ دەربارەی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، بەتایبەتی دەربارەی رادەستکردنی چەك و گواستنەوە بۆ باکوری سوریا.

هیچ وادەیەکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەیان دانەنراوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500