کەمپی ئاوارە فەلەستینیهكانی یەرموك لە باشوری دیمەشق و پێگەکانی دیکە لە ناوچەکە رووبەڕووی هێرشێکی چڕوپڕی رژێمی سوریا و هاوپەیمانانی بوونەوە، کە چەندین گروپی ئۆپۆزسیۆنی چەکداریان کردبووە ئامانج، چالاکوانان بە دیارونایان وت.
وتیان ناوچەکانی ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، هاوپەیمانێتی توندڕەوی تەحریر شام و چەندین گروپی چەکداری دیکە رووبەڕووی تۆپبارانی چڕ و هێرشی ئاسمانی بوونەتهوە.
روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند یەکشەممە (22 نیسان) لانیکەم پێنج مەدەنی کوژران، کە بەمەش لەوکاتەوەی شەڕەکە تەشەنەی سەندووه لە پێنجشەممەوە، ژمارەی مەدەنیە کوژراوەکان گەیشتە 11.
چالاکوانێكی ناوچەکە بەها سەهلی بە دیارونای وت زۆری تر برینداربوون بەهۆی تۆپبارانی قورس و هەڕەمەکی و هێرشی ئاسمانیەوە.
یەرموك لەژێر ئاگردا
رژێم و هاوپەیمانانی یەکشەممە هێشتا لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشیان دەدا، ههروهها چەند ناوچەیەکی هاوسێ بهو ناوچانهی هێشتا لەلایەن گروپەکانی دیکەوە کۆنترۆڵکراون.
سەهلی وتی یەڵدا، بهبیلا و بەیت سەحم هێرشیان کرایهسەر و ئەوانەی سەختترین هێرشیان لەسەربوو گەڕەکەکانی سەلیحە و دەعبول بوون لە شەقامی تەزامون، گەڕەکی حەجەر ئەسوەد و عەسالی و مەدانیەش لە ناوچەی قەدەم.
سههلی وتی شەڕی سەخت لە ناوچەی ریجه لەنێوان هێزەکانی رژێم و تەحریر شامدا بەردەوامە، لەگەڵ ناوچەی قەدام.
وتیشی: "رژێم و هێزە هاوپەیمانەکانی توانیویانە پێشڕەوییەکی کەم بەدەستبهێنن لە گەڕەکی زەین [له یەرموك]، کە شارۆچکەی یەڵدا جیادەکاتەوە لە گەڕەکی ئەسوەد."
وتەبێژی ئاژانسی ئاوارە فەلەستینیەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، کریس گهنێس، وتی بۆمبارانەکە وایکردووە زۆربەی دانیشتوانی یەرموك هەڵبێن لە ماڵەکانیان و دوایین نەخۆشخانەی ناوچەکەش لەکاربکەوێت.
گهنێس یەکشەممە وتی: "لە دەستپێکی شەڕەکەوە چوار رۆژ لەمەوبەر، زۆربەی ئەو 6,000 مەدەنیەی لە کەمپی یەرموك بوون بەزۆر ئاوارەکراون بۆ گەڕەکی هاوسێی ناوچەی یەڵدا. دوایین نەخۆشخانەش كه لهنێو یەرموكدا لهكاردابوو، نەخۆشخانەی فەلەستین، ئێستا بەتەواوەتی لەکارخراوە."
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه گهنێس داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێگە بە مەدەنیەکان بدەن بە سەلامەتی بڕۆن، تا نەخۆش و بریندار بگوازرێنەوە و رێبدرێت به کارمەندانی فریاگوزاری مرۆیی تا خۆراك و کاڵای تەندروستی دابەشبکەن.
چەکدارانی داعش کوژران
سەهلی بە دیارونای وت جگه لە قوربانیانی مەدەنی، ژمارەیەك چەکداری داعش لە چەند رۆژی رابردوودا کوژران.
لەنێویاندا ئەبو هیشام خابوری، ئەمیری داعش لە ناوچەی باشوری دیمەشق و ئهندامانی دیکە کە ناسراون بە ئەبو نەفشە، ئەبو فاتمە مەقدیسی، ئەبو جیهاد مەدەنی، ئەبو هەجرەس، ئەبو عوبەیدە قەناس و ئەبو عومەر ئەندەلوسی.
وتیشی: "دانوستان بەردەوامە لەنێوان رژێمی سوریا و میلیشیاکاندا لە هەموو ناوچەکان بۆ رێکخستنی ئاگربەستێك، کە وادەکات چەکداران و خێزانەکانیان بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکە، وەك ئەوەی لە ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشق روویدا."
وتی بەڵام ئەو جۆرە رێککەوتنانە زۆر سەختییان لەبەردەمدایە، چونکە سەدان چەکدار داوای گواستنەوە دەکەن بۆ ناوچەکانی ژێردەستی داعش لە خۆرهەڵاتی سوریا، کە گروپەکە ئامادەییەکی بەردەوامی هەیە لەو ناوچەیە.