هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەنابەران

بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، عێراق کەمپەکان دادەخات

خالید تائی

لەم وێنەیەدا کە 3 ئازار لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەو لۆرییانە دەبینرێن کە ئاوارەکان کەمپه‌كانی ئه‌نبار جێدەهێڵن و ده‌گوێزرێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانی خۆیان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

لەم وێنەیەدا کە 3 ئازار لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەو لۆرییانە دەبینرێن کە ئاوارەکان کەمپه‌كانی ئه‌نبار جێدەهێڵن و ده‌گوێزرێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانی خۆیان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

حکومەتی عێراق هەینی (20 نیسان) رایگەیاند کە 20 کەمپی ئاوارەکانی داخستوە و لەئێستادا ئەو خێزانانەی لەوێ دەژیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی پێشوویان.

حکومەت رایگەیاند كه‌ گەڕانەوەی ئەو خێزانانەی بەهۆی هێرشی 2014ی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە ئاوارەبوون ئامانجێکی ستراتیژییە بۆ عێراق.

بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی ئەمە، بەرپرسان هەوڵدەدەن بەسەر هەموو بەربەستەکاندا زاڵبن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکاندا، بەتایبەتی بە چاککردنەوەی ژێرخانی زیانلێکەوتووی ناوچە ئازادکراوەکان.

عەلی عەباس جەهاکیر لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وتی: "20 کەمپمان داخستوە، زۆربەیان لە پارێزگاکانی بەغدا و ئەنبار و سەلاحەدین."

جەهاکیر بە دیارونای وت کەمپەکان کاتێك داخران كه‌ هەموو ئەو خێزانانەی لەوێ دەژیان گەڕانەوە ماڵەکانیان لە شارە رزگارکراوەکان، دوای هەوڵی پاککردنەوەی ئەو ناوچانە لە تەقەمەنی و پاشماوەی شەڕ و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری سەرەتایی.

وتی وەزارەت ئامادەکاری دەکات بۆ داخستنی پێنج کەمپی دیکە و "پلانی هەیە بۆ یەکخستنی چەند کەمپێکی دابەشبوو لەنێو پارێزگا جیاوازەکاندا بۆ ئاسانکاریی بەڕێوەبردنیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری نیشتەجێبوون."

جەهاکیر وتی بە کۆی گشتی 125 کەمپی ئاوارەکان هەبووە، زۆربەیان لە پارێزگای نەینەوا.

وتیشی زۆر ناوچەی رزگارکراو، بەتایبەتی لەوانەی خۆرئاوای موسڵ، هێشتا ئامادەنین لەڕووی خزمەتگوزارییەوە و زۆربەی ماڵەکانی ئەو ناوچانە روخێنراون.

گرنگیدان بە خەڵکی ئاوارە

جەهاکیر وتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەرپرسیارێتی لەخۆگرتنی ئاوارەکان لەو کەمپانە هەڵدەگرێت بە دابینکردنی خۆراك، شوێنی مانەوە و چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزاری خوێندن.

وتیشی: "کاتێك کە دەتوانین ئەو خێزانانە بگەڕێنینەوە، لە کەمپەکانەوە دەیانگوازینەوە بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونیان بە هەماهەنگی له‌گه‌ڵ وەزارەتی گواستنەوە."

وتیشی وەزارەت یارمەتی و پشتیوانییان بۆ دابیندەکات لەکاتی نیشتەجێبونەوەیاندا لە شوێنەکانی پێشوویان و چوونەوەسەر ژیانی ئاسایی خۆیان.

جەهاکیر وتی بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتەکە، رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەکان گه‌یشتۆته‌ له‌سه‌دا 57 و ئاماژەشیکرد بەوەی لە شوباتدا وەزارەت رایگەیاند كه‌ 2.6 ملیۆن لە نزیکەی پێنج ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوه‌ ماڵەکانی خۆیان.

هه‌روه‌ها وتی پرۆسەی گەڕانەوە "بەشێوەیەکی خێرا بەردەوامە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا".

عێراق هەوڵدەدات زۆرترین ژمارەی ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەکانیان پێش هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەکە، کە بڕیارە 12 ئایار ئه‌نجامبدرێت.

جەهاکیر وتی بەرپرسان کاردەکەن تا دڵنیابن لەوەی ئاوارەکان مافی دەنگدانیان لەدەستنادەن و "250,000 ناویان داوەتە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە مافی دەنگدانیان هه‌یه‌ و هێشتا لە کەمپەکاندا دەژین".

وتیشی ئەم لیستانە ئامادەکراون تا "کارتی دەنگدان بۆ ئاوارەکان دروستبکرێت و رێگەیانبدات بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500