هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئۆپۆزسیۆنی سوریا غوتە رادەستدەکات و سەرکردەکەی هه‌رێمه‌كه‌ جێدەهێڵێت

ئاژانسی فرانس پرێس

سەربازێكی سوری لە هێزەکانی حکومەت لەگەڵ ژنێك قسەدەکات کە دەیەوێت خانوەکەی بدۆزێتەوە لە گەڕەکێکی وێرانبووی شارۆچکەی زەمالکە لە غوتەی رۆژهەڵات، کە پێشتر لە ژێردەستی یاخبووەکاندا بوو. [یوسف کاروەشان/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەربازێكی سوری لە هێزەکانی حکومەت لەگەڵ ژنێك قسەدەکات کە دەیەوێت خانوەکەی بدۆزێتەوە لە گەڕەکێکی وێرانبووی شارۆچکەی زەمالکە لە غوتەی رۆژهەڵات، کە پێشتر لە ژێردەستی یاخبووەکاندا بوو. [یوسف کاروەشان/ئاژانسی فرانس پرێس]

چەکادارانی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی رۆژهەڵات چەکە قورسەکانیان رادەستکرد و سەرکردەکەشیان هه‌رێمه‌كه‌ی جێهێشت، بە وتەی دەزگایەکی چاودێری پێنجشەممە (12 نیسان)، ئەمەش نیشانەی کۆتایهاتنی یەکێك لە خوێناویترین شەڕەکانی جەنگی حەوت ساڵەی سوریایە.

ئاڵای سوریا دەشەکێتەوە بەسەر مزگەوتی ناوەندی دوماوه‌، ئەو شوێنەی دەوتریت هێرشی کیمیای كراوه‌ته‌سه‌ر و توڕەیی و هەڕەشەی هێرشی سەربازی لەلایەن رۆژئاواوەی بەدوای خۆیدا هێنا. .

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بژاردەکانی تاوتوێ دەکات، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاش تێریزا مەی داوای کۆبوونەوەی نائاسایی کابینەکەی کرد پێنجشەممە و سوپای سوریاش ئامادەکاری دژی هێرشی ئاسمانی رۆژئاوا دەکات بە شاردنەوەی شمەك و چۆڵکردنی بینا سەرەکیەکان.

جەیشی ئیسلام، کە چەندین ساڵ بوو کۆنترۆڵی شارۆچکە سەرەکیەکەی غوتەی رۆژهەڵاتی دەکرد، یەکەمجار بە رێکەوتنێکی روسیا رازینەبوو وەکو گروپەکانی تر کە بە پاس بەرەو باکوری سوریا گوازرانەوە.

پیاوێکی سوری کە لە ناوچەی دومای غوتەی رۆژهەڵات گواستراوەتەوە و گەیشتۆتە شاری سوریی باب لەسەر فەردەیەك دانیشتووە، پشوودەدات و چاوەڕێی دۆزینەوەی پەناگەیەکە له‌ 12 نیسان 2018 [نەزیر خەتیب/ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوێکی سوری کە لە ناوچەی دومای غوتەی رۆژهەڵات گواستراوەتەوە و گەیشتۆتە شاری سوریی باب لەسەر فەردەیەك دانیشتووە، پشوودەدات و چاوەڕێی دۆزینەوەی پەناگەیەکە له‌ 12 نیسان 2018 [نەزیر خەتیب/ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیسە سوریەکان لەبەردەم دەرگای کەمپی وافیدیندا چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو پاسانە دەکەن کە چەکدارانی جەیشی ئیسلام و ئەندامانی خێزانەکانیانی تیادان و لە شارۆچکەی دومای غوتەی رۆژهەڵاتەوە دەگوازرێنەوە له‌ 12 نیسان. [یوسف کاروەشان/ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیسە سوریەکان لەبەردەم دەرگای کەمپی وافیدیندا چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو پاسانە دەکەن کە چەکدارانی جەیشی ئیسلام و ئەندامانی خێزانەکانیانی تیادان و لە شارۆچکەی دومای غوتەی رۆژهەڵاتەوە دەگوازرێنەوە له‌ 12 نیسان. [یوسف کاروەشان/ئاژانسی فرانس پرێس]

سه‌ركرده‌ی سیاسیی گروپەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هێرشە کیمیاییەکەی رژێم وایلێکردن بە بەندەکانی روسیا رازیبن بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە.

یاسر دەلوان وتی "بە دڵنیاییەوە هێرشە کیمیاییەکە بوو پاڵی پێوەناین رازیبین" بە کشانەوە لە دوما.

ئەمە یەکەم پشتڕاستکردنەوەی جەیشی ئیسلامە بۆ رای گشتی لەسەر ئەوەی کە لە دوما گەیشتونەتە رێکەوتنێك. روسیا و حکومەتی سوریا یەکشەممە رێكه‌وتنه‌كه‌یان راگه‌یاند.

هێزەکانی رژێمی سوریا تا پێنجشەمەش دومایان نەگرتبوو بەڵام روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ یاخیبووەکان چەکە قورسەکانیان رادەستکردووە.

روانگەکە رایگه‌یاند: "چەکدارانی جەیشی ئیسلام چەکە قورسەکانیان رادەستی پۆلیسی سەربازیی روسیا کردووە لە شارۆچکەی دوما چوارشەممە."

راشیگه‌یاند كه‌ سەرکردە باڵاکەشیان عیسام بوه‌یدانی لە قافڵەیەکدا چۆتە دەرەوەی غوتە لەگەڵ هەزاران کەس کە پێکهاتبوون لە چەکدار و خزمەکانی.

دەلوان وتی: "تا ئێستا هەموو سەرکردەکان چۆڵیاننەکردووە و گواستنەوەیان بەردەوامە."

ئاڵا هەڵکرا

دانیشتوانی دوما وتیان ئاڵای نیشتمانیی سوریا کە سور و سپی و رەشە و دوو ئەستێرەی سەوزی تێدایە چوارشەممە لەسەر مزگەوتی سەرەکی هەڵکرا، ئەو مزگەوتە پێشتر نوسینگه‌ی ئەنجومەنی ئۆپۆزسیۆنیش بوو لە شارۆچکەکەدا.

دانیشتوانەکە وتیان ئاڵاکە لادرا دوای ئەوەی لەسەری دەمەقاڵە دروستبوو، چەند فیشەكێكیش تەقێنرا.

بە وتەی دانیشتوانەکە پۆلیسی سەربازیی روسیاش، کە بەپێی رێکەوتنەکە دەستیانكردبوو بە چوونەناو شارۆچکەکەوه‌ و ڕێیاندابوو به‌ چەند چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆن چەك دابنێن و لە دومادا بمێننەوە، ئه‌وانیش دوای کێشەکە رۆیشتن.

روسیا كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا هێرشی ئاسمانی ئه‌نجامده‌دا و دانوستانی ده‌کرد و چاودێریی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکانی ده‌کرد، رۆڵی سەرەکیی هه‌بوو لەو هێرشەکەدا کە 1,700 مەدەنی تێدا كوژرا.

سوپای روسیا دەڵێت 160,000 کەس گوازراونەتەوە لە رۆژهەڵاتی غوتە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکەوە بۆسه‌ر شارۆچكه‌كه‌ له‌ 18 شوبات.

رژێم و هێزە هاوپەیمانەکانی دواتر چاویان لەسەر ئەو ناوچانەی باشوری دیمەشقە کە مەدەنییان تیادا نەماوه‌ بەڵام هێشتا لەژێر دەستی "دەولەتی ئیسلامی" (داعش)دان.

ئەوانەی دەگەڕێنەوە غوتە ناناسنەوە

پشێوی و شڵەژان شەقامەکانی دومای گرتۆتەوە و مەدەنیەکانیش وا دەردەکەون زانیاری زۆر کەمیان هەبێت لەسەر دوا رووداوە سیاسییەکان.

زۆربەی دانیشتوانەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بچنە دوایین ئەو پاسانەوه‌ کە ناوچەکە جێدەهێڵن بەرەو باکوری سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی سوری کە نەیویست ناوی بهێنرێت وتی: "80 پاس ئەمڕۆ دەردەچن و 70 لەوانه‌ لە خاڵی کۆبوونەوە ئامادەن و چاوەڕێی ئەوانی دیکە دەکەن."

بەرپرسەکە وتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەبابەکانیان سوتاندووه‌ کە دەبوو رادەستی بکەن بەر لە گواستنەوەیان.

ژمارەیەك مەدەنی بە وریاییه‌وه‌ دەستیانکردووە بە گەڕانەوە بۆ غوتەی رۆژهەڵات بەڵام دەبینن گەڕەکەکانیان بە تەواوەتی رووخاون.

ئوم محەمەد بە ناوچه‌وانی گرژه‌وه‌ خانوە بەتاڵەکانی زەمالکەی دەپشکنی و هەوڵیدەدا شتێك بدۆزێتەوە کە ئاشنایەتیی پێی هه‌بێت لەو شارۆچکە وێرانکراوەدا.

ئه‌م ژنە 50 ساڵەیە کە زەمالکەی لە 2012 بەجێهێشتووە دوای زیاتر له‌ ده‌ ساڵ ژیان له‌وێ، وتی: "هێشتا ماڵەکەی خۆم نەدۆزیوەتەوە. روخساری گەڕەکەکە زۆر گۆڕاوە و هەموو نیشانەکانم لێوونبووه‌."

"ماڵەکەم نزیكە لە قوتابخانەی دواناوەندی لە شەقامی قابون بەڵام قوتابخانەکە و تەنانەت شەقامەکەشم نەدۆزیەوە."

ریز له‌دوای ریز شوقە چۆڵوهۆڵه‌كان بە تەپۆڵکەی داروپه‌ردو و ئاسنی چه‌ماوه‌ به‌ریان گیراوه‌. زۆربەی ئەو بینایانەی ماون سەقف و بالەکۆنه‌ یان دیوارەکانیان له‌ده‌ستداوه‌.

لەکاتی تێپه‌ڕین بەناو عەربیندا، کە شارۆچکەیەکی وێرانی دیکەی غوتەیە، کچێكی منداڵ لە ماڵێکی تێکدراوەوە تەماشای دەکرد.

ئەبو عەزیزە، 34 ساڵ، کە کچە تەمەن هەشت ساڵەکەی چاوی هه‌ڵبڕی، وتی: "کچەکەم ئۆتۆمبیلی نەبینیوە بۆیە بەلایەوە سەیرە."

بەر لە هێرشەکە، غوتە لەژێر گەمارۆیەکی پێنج ساڵەی دژواردا بوو کە وایکرد دەستکەوتنی خواردن و دەرمان و پێداویستیە سەرەتاییەکان تاڕاده‌یه‌ك مەحاڵ بێت.

ئەبو عەزیزە وتی: "هەر ئۆتۆمبیل نیە -- کچەکەم ناشزانێت سێو ییە. دوو رۆژ لەمەوبەر مۆزی بینی و هەمووی خوارد بە توێکڵەکەیەوە."

"نەیدەزانی دەبێت توێکڵی مۆزەکە لێبکەیتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500