دووشەممە (26 ئازار) گروپێکی نوێی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئامادەکارییان کرد بۆ جێهێشتنی غوتەی خۆرهەڵات دوای گەورەترین کۆڕەوی ئەو ناوچەیەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، لەکاتێکدا گفتوگۆکان دەربارەی دوایین پاشماوەکانی بەرگریکاران لەو ناوچەیە بە بنبەست گەیشتبوون.
پێنج هەفتە تێپەڕیوە بەسەر هێرشە توندەکەی حکومەتدا بۆسەر غوتە و لەئیستادا زیاد لەسهدا 90ی ئەو قهڵایهی ئۆپۆزسیۆنیان لهدهم دەروازەی دیمەشقدا لەژێردەستدایە کە ماوەیەکی زۆرە گەمارۆدراوە و كهوتۆته دهم.
ئێوارەی یەکشەممە کاروانێکی زیاد لە 5,400 چەکدار و مەدەنی ناوچەیەکی بچوکیان جێهێشت کە لەدەست فەیلەق رەحماندا بوو، بۆ رۆژی دواتر گەیشتنە باکوری خۆرئاوای سوریا.
ئەوە تائێستا گەورەترین تاكه گواستنەوە بوو كه له یەك رۆژدا ئهنجامدرا لە غوتەی خۆرهەڵات، دوای ئەوەی شەممە سەدان كهس به پاس لە هەمان ناوچە برانهدهرهوه.
![مەدەنیەکان و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و بریندارەکان چاوەڕوانی گواستنەوەن لە بهشی ناوەندی غوتەی خۆرهەڵات، دوای چوونەناو 15 پاسەوە، ئەوان لە کاروانێکدا بەرەو پارێزگای ئیدلیب یاوەری کران. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی دیمەشق]](/cnmi_di/images/2018/03/26/12015-Ghouta-evacuation-wounded-600_384.jpg)
مەدەنیەکان و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و بریندارەکان چاوەڕوانی گواستنەوەن لە بهشی ناوەندی غوتەی خۆرهەڵات، دوای چوونەناو 15 پاسەوە، ئەوان لە کاروانێکدا بەرەو پارێزگای ئیدلیب یاوەری کران. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی دیمەشق]
کاروانێکی 81 پاسی کە ئێوارەی یەکشەممە كهوتهڕێ، دوانیوەڕۆی دووشەممە گەیشتە شوێنی مەبەست لە دەروازەی ناوچەكانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری خۆرئاوای سوریا.
رۆژی دووشەممە گواستنەوەی زیاتر چاوەڕواندەکرا لە شارۆچکەکانی عهربین، زەمالکه و گەڕەکهكهی دراوسێی، جۆبار، کە هەموویان لەژێردەستی فەیلەق رەحماندان.
وتەبێژی گروپەکە، وائیل عەلوان، دووشەممە پشتڕاستیکردەوە کە "گواستنەوەکان ئەمڕۆ بەردەوامن"، بەڵام هیچ وردەکارییەکی بە ژمارە پێشکەشنەکرد.
بەگوێرەی میدیای دەوڵەت دووشەممە پاسی زیاتر ئامادەبوون بۆ گواستنەوەی نزیکەی 1,100 کەس، لەنێویاندا چەکداران و چەند سەد منداڵێك، لە هەمان شوێنەوە.
بارگرژیی بەردەوام
چالاکوانی بواری كۆمهك له غوتەی خۆرهەڵات، بەها سههلی بە دیارونای وت گواستنەوەکەی یەکشەممە دەبوو لە بەیانیدا رووبدات، بەڵام بارگرژییه بەردەوامهكان لە ناوچەکە دوایخست تا دوانیوەڕۆ.
وتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ئاگریان بەردایە بنکە سەربازییەکان و ماڵەکانیان لەکاتی جێهێشتنیاندا، کە بووە هۆی نادڵنیایی لەبارەی دۆخەکەوە.
وتیشی: "بەڵام لیژنەی میانگیر توانی دۆخەکە هێوربکاتەوە و خەڵکەکە لە چوار ناوچەوە گوێزرانەوە بۆ دەروازەی جۆبار، کە دیاریکرابوو بۆ گواستنەوەکە."
سههلی وتی گواستنەوە لە جۆبارەوە شەممە دەستیپێکرد بە 632 کەس، لەنێویاندا چەکداری ئۆپۆزسیۆن و مەدەنی، کە بەرەو ئیدلیب دەچوون لە باکوری خۆرئاوای سوریا لەنێو 10 پاسدا.
وتی دەرچوونی مەدەنیەکان بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی رژێمیش بەردەوامە و زیاد لە 500 مەدەنی یەکشەممە بەو ئۆتۆمبیلانە گوێزرانهوه کە بۆ ئەو مەبەستە دیاریکرابوون لەڕێگەی دەروازەی وافیدینەوە.
وتیشی: "خەڵکەکە گوێزرانەوە بۆ پهناگهیهك لە دهوروبهری دیمەشق تا بڕیاردەدرێت دەربارەی دۆخی [ئەمنییان]."
ههروهها وتی: "پشکنین بۆ فایلە ئەمنیەکانیان دەکرێت و ئەوانەی داواکراون بۆ ئەرکی سەربازی زۆرهملێ بانگێشت دەکرێن، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت تا دڵنیایی بدرێت لەوەی لایەنگریی سیاسییان نیە بۆ هیچ پارتێکی ئۆپۆزسیۆن."
دانوستانەکان لە دوما
روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند كه هاوکات گفتوگۆ دەربارەی چارەنوسی دوما، دوایین ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی خۆرهەڵاتی سوریا، وەستاوە بەهۆی دووبەرەکییەوە لەنێو ئەو لایەنانەدا کە ناوچەکەیان لەژێرەدەستە.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لەکاتێکدا دوو لایەنی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لەمدواییانەدا رێککەوتوون، دوای گفتوگۆ لەگەڵ روسیا بۆ ئەوەی بەشەکانی دیکەی غوتەی خۆرهەڵات جێبهێڵن بەرەو ناوچەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن لەگەڵ جەیشی ئیسلام.
بەپێچەوانەی ئەوانی دیکەوە، دوورنیە رێککەوتن وابکات جەیشی ئیسلام لە دوما بمێنێتەوە.
وتەبێژی جەیشی ئیسلام، حەمزە بەیرەقدار، وتی: "دانوستانی بەردەوام لەگەڵ روسیا بۆ مانەوەیە لە دوما، نەك جێهێشتنی،" بەبێ پێدانی وردەکاریی زیاتر.
بەڕێوبەری روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی دوورنیە رێککەوتنەکە وابکات جەیشی ئیسلام چەکه قورسهكانی دابنێت لەبەرامبەر گەڕانەوەی ئاو و کارەبای حکومەت بۆ شارۆچکەکە.
پۆلیسی سەربازیی روسی، نەك سوپای سوریا، لەو ناوچەیە جێگیردەبێت.
عەبدولڕەحمان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت بەڵام دووبەرەکی ناوخۆی ئۆپۆزسیۆن ببووە هۆی رێگر لە گفتوگۆکان.
وتی: "فەرماندەکانی جەیشی ئیسلام دابەشبوون و هەندێکیان دژی رێککەوتنەکەن."