هێزەکانی رژێمی سوریا لە هەندێك لە پێگەکانیان لە خۆرهەڵاتی قەلەمون، دەرەوەی دیمەشق، کشانەوە دوای ئەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن -- لەنێویاندا توندڕەوان -- هێرشێکی کتوپڕیان دەستپێکرد، چالاکوان و کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن یەکشەممە (18 ئازار) بە دیارونایان وت.
چالاکوانێكی ناوچەکە مەئمون هوەیدی بە دیارونای وت دوای هێرشەکە، کە دوای چەند مانگێك لە ئارامییهكی رێژەیی هات لە ناوچەکەدا، کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن توانییان پێگەکانی رژێم و جبەخانەکانی چەك و تەقەمەنییان بگرن.
وتی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرهەڵاتی قەلەمون هێرشێکیان دەستپێکردووە ناسراو بە "شەهید سوعاد کیاری" لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسهر غوتەی خۆرهەڵاتی نزیك بەو ناوچەیە.
وتی ناوەندی غوتەی خۆرهەڵات و ناوچەی دوما هێشتا بهگەمارۆدراوی ماونەتەوە و هێزەکانی رژێم بەردەوامن لە پێشڕەوی و فشارخستنە سەر ناوچەکە.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ هێزەکانی رژێم لهسهد 80 غوتەی خۆرهەڵاتیان گرتۆتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند ناوچە ماوەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنیان دابەشکردووە بۆ بەشی جیاواز، هەریەکەیان بە گروپێکی جیاوازی ئۆپۆزسیۆنەوە.
جەیشی ئیسلام له مۆڵگهیهكدا له بەشی باکور و دەوروبهری دوما گۆشهگیركراوه، لەکاتێکدا توندڕەوانی ئەحرار شام ناوچەیەکی بچوکیان لە دەوری شارۆچکەی حەسراتە لە خۆرئاوا لهژێردهستدایه. لە باشوریش فەیلەق رەحمان ناوچەی دەوری عهربین کۆنترۆڵدەکات.
هێرشێكی کتوپڕ لە مەحەسا
هوەیدی بە دیارونای وت كه هاوکات لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن توانییان پێشڕەوی بەرچاو بکەن دوای ئەنجامدانی هێرشێکی کتوپڕ لە ناوچەی مەحەسا لە خۆرهەڵاتی قەلەمون.
وتی: "هێزەکانی رژێم کشانەوە لە ناوچەکە دوای ئەوەی ژمارەیەك لە چەکدارانیان کوژران یان برینداربوون."
وتیشی ئەو لایەنانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە لەژێر ئاڵای تەحریر شامدان و "رابهرایهتی دەکرێن لەلایەن نەقیبی پێشوی سوپای سوریاوه، فیراس بیتار، کە لە رژێم جیابۆتهوە".
زۆربەی ئەم لایەنانە لەنێو شارۆچکەی روحەیبەدان و بەشدارییان کردووە لە شەڕەکانی پێشووی قەلەموندا لەدژی رژێم و میلیشیکانی ههواداری، بەتایبەتی حیزبوڵای لوبنانی.
تەحریر شام و ئەو گروپانەی هاوشانی شەڕدەکەن، لەنێویاندا ئوسود شەرقیە و هێزەکانی شەهید ئەحمەد عەبدو تانکێکی T-72 و جبەخانەی چەك و تەقەمەنییان دەستبەسەرداگرت کە لەلایەن رژێمەوە بهجێهێڵدرابوو.
وتی جیا لەوەش، فڕۆکەیەکی جەنگیی رژێم لە ناوچەی خۆرهەڵاتی قەلەمون خرایەخوارەوە لەکاتی هەوڵدانیدا بۆ هێرشکردنەسەر پێگەکانی تەحریر شام و وەستاندنی پێشڕەوییان.