هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

گواستنەوەی بریندار و نەخۆشانی غوتەی خۆرهەڵات دەستپێدەکات

وه‌لید ئه‌بولخه‌یر له‌ قاهیره‌

منداڵانی نەخۆش لە غوتەی خۆرهەڵات ده‌خرێنه‌ ئەمبولانسێكه‌وه‌ تا بگوازرێنەوە بۆ دیمەشق بۆ چارەسەر. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی دیمەشق]

منداڵانی نەخۆش لە غوتەی خۆرهەڵات ده‌خرێنه‌ ئەمبولانسێكه‌وه‌ تا بگوازرێنەوە بۆ دیمەشق بۆ چارەسەر. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی دیمەشق]

پرۆسەی گواستنەوەی ئەو نەخۆش و بریندارانەی زۆرترین پێویستییان بە چارەسەر هه‌یه‌ لە غوتەی خۆرهەڵاتەوه‌ بۆ نەخۆشخانەکانی دیمەشق سێشەممە (13 ئازار) دەستیپێکرد، لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و مانگی سووری سوریدا.

دکتۆرەکانی ئەو ناوچەیە بە دیارونایان وت یەکەم گروپی گوێزراوه‌كان تەنیا نەخۆشەکانی دومای تێدابوو، چونکە ئەو لایەنەی کۆنترۆڵی شارەکەی کردبوو دانوستانی لەگەڵ رژێمی سوریا ئەنجامدابوو لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە.

دکتۆر ئەنەس ئەبو یاسر کە لە نوسینگەی تەندروستی غوتەی خۆرهەڵات کاردەکات لە بەشی مارج، بە دیارونای وت 35 نەخۆش، كه‌ زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، بە بوونی یاوەرەوە لە دوماوە گوازراونەتەوە.

ئەبو یاسر پشتڕاستیکردەوە کە سەرەتا روویانکردە دەروازەی وافیدین و لەوێوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیمەشق.

یەکێك لەو ئەمبولانسانەی یەکەم گروپی نەخۆشانی لە غوتەی خۆرهەڵاتەوە گواستەوە بۆ دیمەشق. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی دیمەشق]

یەکێك لەو ئەمبولانسانەی یەکەم گروپی نەخۆشانی لە غوتەی خۆرهەڵاتەوە گواستەوە بۆ دیمەشق. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی دیمەشق]

وتی: "ئەمە تاکە گروپ بوو کە بڕیاربوو شارەکە جێبهێڵێت بەگوێرەی رێککەوتنێك بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان." ئاماژەشیکرد بەوەی رێککەوتنەکە داوای گواستنەوەی ژمارەیەك کەیسی کردبوو لە ناوچەکانی دیکەشەوە.

وتیشی: "ئەم گواستنەوەیە تەنیا بە ئاراستەی دیمەشق بوو."

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ دووشەممە نەتەوە یەکگرتوەکان وتوێتی زیاد لە 1,000 کەس، زۆربەیان ژن و منداڵ، پێویستییه‌كی زۆریان هه‌بوو بە گواستنەوە بەمەبەستی تەندروستی لە غوتەی خۆرهەڵات.

بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئۆپەراسیۆنەکەی سێشەممە 150 مەدەنی لە دوما هێنایە دەرەوە.

چاوەڕواندەکرێت دەیانی دیکەش -- هەموویان مەدەنی -- چوارشەممە بگوێزرێنەوە.

لیستی ناوی 700 کەس

ئەبو یاسر وتی لیژنە پزیشكییه‌كانی دوما لیستی ناوی 700 کەسیان ئامادەکردووە کە پێویستە بگوێزرێنەوە.

وتیشی: "لیستەکان لەلایەن مانگی سووری سورییەوە رێکخراون، کە هەموو رۆژێك بڕیاردەدات کێ بگوازرێتەوە." ئاماژەشیکرد بەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنه‌كه‌ ئەولەویەت ده‌دات بەو نەخۆشانە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

هه‌روه‌ها وتی ژن و منداڵ ئەولەویەتیان پێدەدرێت، دواتر بریندار و پیر.

ئەبو یاسر وتی: "رێککەوتنە مەدەنی نەخۆش و بریندارانی شاری دوما و ناوچەکانی دەوروبەری لەخۆدەگرێت، چونكه‌ لەنێوان جەیشی ئیسلام و رژێمدا ئەنجامدراوه‌ لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە."

هه‌ربۆیه‌ش ناوچەکانی دیکە رێککەوتنەکە نایانگرێتەوە چونکە هه‌رێمه‌كه‌ ئێستا پێکهاتووە لە سێ بەشی گەمارۆدراو و جەیشی ئیسلام تەنیا کۆنترۆڵی یەکێکیان دەکات.

هیچ پەیوەندیگرتنێك لەنێوان لیژنە دانوستانکارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەو گروپانەدا نیە کە کۆنترۆڵی دوو بەشەکەی دیکە دەکەن: حەراستە، کە لەلایەن ئەحرار شامەوە کۆنترۆڵکراوە و بەشی ناوەند، کە له‌ژێرده‌ستی فەیلەق رەحماندایه‌.

رێککەوتنێکی دیکە جێبەجێکراوە لە غوتەی خۆرهەڵات کە داوای ئەوە دەکات زیاد لە 60 خێزان کە لە شارۆچکەی میسرابە گیریانخواردووە، بگوازرێنەوە.

ئەبو یاسر وتی ئەم خێزانانە گوازراونەتەوە بۆ نێو کەمپێکی وەرزشی لە ناوچەیەکی ژێردەستی رژێم نزیك دیمەشق.

سەرپەرشتی تەندروستی دەستبەجێ

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند دوای ساڵێك لە چاوەڕوانی، راتیب شێخ بەکری سوری، كه‌ قاچی بڕاوەته‌وه‌، سێشەممە دومای جێهێشت بۆ چارەسەری پزیشكی لە دیمەشق کە بەهیوایە بتوانێت قاچە ماوەکەی رزگاربکات.

دوای گەیشتن بە بازگەی وافیدین کە لەلایەن رژێمەوە کۆنترۆڵکراوە لە کەناری هه‌رێمه‌كه‌ی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، ئەم پیاوە 56 ساڵەیە دەستیکرد بە گریان.

قاچی راستی لە نزیك سمتیەوە بڕاوەتەوە و ساڵ و نیوێكە چاوەڕوانی گواستنەوەیە بەمەبەستی پزیشكی لە دوماوە بۆ چارەسەركردنی قاچی چەپی.

وتی: "هاتووم تا لە دیمەشق چارەسەربکرێم پێشئەوەی قاچی چەپیشم لەکیسبچێت." بەڵام سێ کچەکەی و دوو کوڕەکەی هێشتا لەنێو دومادا گیریانخواردووە، لەژێر گەمارۆ و بۆمباراندا.

لە وافیدین، ئاپۆرایەك لە گوێزراوان گەیشتنە بنکەیەکی کاتیی خۆتۆمارکردن لە خوێندنگەیەك، زۆریان چەند قەمسەڵەیەکی زستانەیان لەبەردابوو، پێده‌چێت ویستبێتیان هه‌رچه‌ند ده‌توانن جل له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن.

بۆ ئەوانەی جێماون، دۆخەکە به‌ ناهەمواری ده‌مێنێته‌وه‌.

جێگری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، کەیت گیلمۆر، سێشەممە هۆشدارییدا لەوەی نزیکەی 125,000 منداڵ لە غوتەی خۆرهەڵات گیریانخواردووە، زۆریان توشی بەدخۆراکی بوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500