ئاساییش

هەڵمەتێك لە بەسرە دژی تاوانی رێکخراو

خالید تائی

image

هێزە هاوبەشەکانی عێراق هەینی دەستیانکرد بە هەڵمەتێك بۆ هەڵکوتانە سەر تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو لە پارێزگای بەسرە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە]

هەڵمەتێکی ئەمنی کە بەمدواییانە به‌رپاكرا دژی تاوانی رێکخراو و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای بەسرە تا ئێستا هه‌ندێك ئەنجامی به‌ده‌ستهێناوه‌، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

حکومەتی عێراق نزیکەی 20,000 کارمەندی ئەمنی ناردە بەسرە بۆ پشتگیریکردنی هێزەکانی ناوچەکە وەك بەشێك لەو هەڵمەتە، کە 21 شوبات دەستیپێکرد.

ئەمەش سوپا، دژە تیرۆر، هەواڵگری، پۆلیسی ناوچەکە و فیدراڵیش لەخۆدەگرێت.

هەڵمەتەکە وەڵامێك بوو بۆ ئەو داواکارییەی کە دەیویست حوکمی یاسا جێبەجێبکرێت.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە جەبار ساعدی وتی: "حکومەت وەڵامی داواکارییەکانمانی دایەوە و هێزێکی سەربازی گەورەی نارد بۆ پارێزگاکەمان کە دەستیانکردوە بە ئەنجامدانی ئەرکەکەیان."

ساعدی بە دیارونای وت: "ئەم هێزە، لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان، رۆیشتوون بەرەو ئەو ناوچانەی کە کەسانی داواکراو و پشێویی لێیە و گەمارۆیان داون."

وتی گەڕان و دەستبەسەرکردن لەم ناوچانە ئه‌نجامدراوه‌.

وتیشی هەڵمەتەکە بەگوێرەی پلانه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئاماژەیکرد بەوەی زیاد لە 20 ده‌ستگیركردن له‌ چەند رۆژی یەکەمدا ئەنجامدراون بە تۆمەتەکانی کوشتن، دزی، قاچاخچێتی ماددە هۆشبەره‌كان و خستنەوەی پشێوی جەماوەری.

ئۆپەراسیۆنه‌ دەستپێشخەریه‌كان

ساعدی وتی زۆربەی ناوچە بەئامانجکراوەکان لە باکوری بەسرەن، لەنێویاندا قه‌رنە، حاریسە، کەرەمە، لەگەڵ چەند ناوچەیەك لە ناوەند وەك قۆبلە.

وتیشی: "بەهیواین ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنیانە بەردەوامبن و به‌شێوه‌یه‌كی جێگیر نەك جار نا جارێك ئەنجامبدرێن." داوای زیادکردنی هەوڵە هەواڵگریەکان و ئۆپەراسیۆنە دەستپێشخەرییەکانیشی کرد.

پێکدادانی خێڵەکان بۆتە جێگەی نیگەرانی لە بەسرە، بەجۆرێك رکابەریەکان و پێكدادانەکان لەسەر چەندین کێشە سەریکێشاوە بۆ پێکدادانی چەکداری.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە شێخ ئەحمەد سولەیتی وتی ئەمە بۆتە مۆدێك کە هەڕەشە لە ئەمنی خەڵك و ژیانی بێتاوانان دەکات و پێکدادانە خێڵەکییەکانی لەم ناوچانە بە "گەورەترین ئاستەنگی ئەمنی" له‌قه‌ڵه‌مدا.

وتی یاخیەکان سودیان لە کەمیی کارمەندە ئەمنیەکان بینیوە، چونکە زۆرێك نێردراون بۆ شەڕی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

وتیشی: "داواکاریی سەرەکیمان ئەوەیە هێزە ئەمنیەکان بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان، بەتایبەتی دوای رزگارکردن."

بەڵام ئاماژەیکرد بەوەی هەنگاوە کاتیە ئەمنیە نوێیەکان لەلایەن دانیشتوانەوە پێشوازی باشی لێکراوە، "چونکە بەشێوەیەکی شیاو و ئاستێکی باڵا له‌ نه‌رمونیانی ئەنجامدەدرێن، بەبێ کاریگەری دانان لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی ناوچەکە".

هەرە داواکراوترین تاوانباره‌كان

ئامانجی سەرەتایی هەڵمەتەکە دەستگیرکردنی ئه‌و تاوانبارانه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر داواکراون.

توێژەر هیشام هاشمی کە تایبەتمەندە لە بزوتنەوە توندڕەوەکاندا وتی: "1,200 بڕیاری دەستگیرکردن هەیە بۆ تاوانبارە زۆر مەترسیدارەکان."

هاشمی بە دیارونای وت ئەو کەسانە هێرشیانکردۆتە سەر دەزگاکانی دەوڵەت وەك بەندەرەکان، دەروازە سنوریەکان، دەزگاکانی وزە و نەوت، بینا و رێگا گشتییەکان.

وتیشی تاوانه‌كانی تر "دروستکردن و مامەڵەکردن بە مادە هۆشبەره‌كانه‌وه‌، مامەڵەکردن و هەبوونی چەك لەگەڵ پڕکردنی بازاڕی ناوچەکە لە شتومەکی بەسەرچوو" له‌خۆده‌گرن.

هاشمی جەختیکردەوە لە گرنگی کردەی سەربازی بۆ هێشتنەوەی سەقامگیری.

وتی: "بەسرە پارێزگایەکە دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوە سروشتیەکان و دادەنرێت بە رەگی ژیانی ئابوری عێراق."

وتیشی بەئامانجکردنی ئەم مافیایانە کۆتاییهێنان بە پێکدادانی سەربازیی مەترسیدار و تاوان گرنگە بۆ هێنانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی ئابوری نیشتیمانی.

دانیشتویه‌كی بەسرە، رەسوڵ حەکیم، بە دیارونای وت پێشوازی لەو دەستپێشخەریە ئەمنیە دەکات.

وتی: "ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی شتێکی لەمشێوەیەین. دەمانەوێت هەموو ئەوانە لەناوبەرین کە ئەمنیەتی پارێزگاکەمان تێکدەدەن. خاکەکەمان لە تیرۆریستان رزگارکرد و ئێستا پێویستمان بە پاککردنەوەیەتی لە باندە تاوانکارەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)