چالاکوانان بە دیارونایان وت هاوپەیمانێتی تەحریر شام دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی چالاکوانانی کۆمەكی مۆریی چونکە رەتیانکرددۆتەوە کاربکەن لەگەڵیاندا، هەروەها ئەو مەدەنیانەش کە دژیانن لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵیاندایە لە دەشتی ئیدلیب.
چالاکوانێكی بواری راگەیاندن، هەیسەم ئیدلیبی، وتی هاوپەیمانێتیە توندڕەوەکە، کە زۆرینەی پێکهاتووە لە بەرەی نوسرەی پێشتر، خەڵکێکی زۆری بە ئاستێکی بەربڵاو دەستگیرکردووە.
ئیدلیبی بە دیارونای وت چەکدارانی تەحریر شام پێنجشەممە (1 ئازار) چالاکوانێکی مرۆییان دەستگیرکرد لە شاری کەفر نەبل لەسەر ئەوەی ناسراوە بە رەتکردنەوەی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکە لەسەر ئەو کاروبارانەی پەیوەندییان بە چالاکیەکانیەوە هەیە تایبەت بە کۆمەكی مرۆیی.
وتی رۆژێك پێشتر چەکدارانی تەحریر شام دوو چالاکوانی دیکەیان گرت، محەمەد نور تەحان و سلێمان تالیب، کە سەر بە تیمی خۆبەخشی مولهیم بوون لە شاری ئیدلیب و دەستیشیانگرت بەسەر ئۆتۆمۆبیلی خۆبەخشێکی دیکەی ئیدلیبدا.
ئیدلیبی ئاماژەی کرد بەوەی "ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی بەتەنیا کۆنترۆڵی کاری کۆمەکبەخشین بکەن بۆ ئەوەی پێداویستیە مرۆییەکان دابەشبکەن بهگوێرهی لیستەکانی خۆیان، بەتایبەتی لیستی ئەوانەی هەواداریانن".
وتی: "دیارنیە دەستگیرکراوەکان لەکوێن یان لەسەر چی گیراون." وتیشی ژمارەی گیراوە مەدەنیەکان چەند ناوچەیەکی شاری ئیدلیب و پارێزگاکەی تێدایە.
شەڕ بە سەختی بەردەوامە
ئیدلیبی وتی هێشتا شەڕ بە سەختی بەردەوامە لە نێوان تەحریر شام و بەرەی رزگاری سوریادا، کە هاوپەیمانێتیەکی نوێیە لەنێوان گروپی نورەدین زەنکی و ئەحراری شامدا لە چەند ناوچەیەکی دەشتی ئیدلیب، وەك حەما.
وتی هەردوولا دەستیانکردووە بە هێرشی پارتیزانی لە دژی یەکتر، چونکە هەر لایەك دەیەوێت باڵادهستی بهدهستبهێنێت.
چەند راپۆرتێکیش ئاماژەیانکردووە کە تەحریر شام چەندین دیلی بەرەی رزگاری سوریای لە گۆڕەپانەکەدا کوشتووە، بەتایبەتی دوای شەڕەکەی مەعرەت مەسرین کە کەوتە دەست تەحریری شام.
ئیدلیبی وتی لە هەمانکاتدا ناڕەزایەتی گشتی دژی تەحریر شام لە زیادبووندایە و خۆپیشاندانەکانیش بەردەوامن لە دژی تەحریر شام لە شارۆچکە و شارەکاندا.
وتیشی ئەو خۆپیشاندانانە پتەوتربوون دوای ئەوەی هاوپەیمانێتیەکە چەندین شارۆچکەی کردە ئامانج بە تۆپبارانی راستەوخۆ کە کوژراو و برینداربوونی خەڵك و ئاوارەبوونی لێکەوتەوە بۆ ئهو ناوچانهی کە ئارامترن.