پارێزگاری هیت موهەنەد عوبێدی هەینی (2 ئازار) وتی هێزەکانی عێراق سەرکەوتوانە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی پێشتر پلانبۆکراویان ئەنجامداوە بۆ لەناوبردنی حەشارگەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە بیابانەکانی چواردەوری شاری هیت لە پارێزگای ئەنبار.
عوبێدی بە دیارونای وت: "بیابانەکە ئیتر شوێنێکی ئارام نیە بۆ تیرۆریستەکان دوای ئەوەی لە شەڕەکانی رزگاریدا شکستیانخوارد."
وتی هێزە هاوبەشەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و فیرقەی حەوتی سوپا و پیاوانی خێڵەکان، بە شەو و رۆژ ناوچە بیابانیەکان دەپشکنن بە پشتگیری هێزە ئاسمانیەکانی عێراق و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان.
وتیشی: "زیاتر لە سێ رۆژە توانیویانە چەندین ئۆپەراسیۆنی پێشتر پلانبۆكراو ئەنجامبدەن، کە هاوکاربوون لە پوچەڵکردنەوەی پلانی تیرۆرسیتەکان بۆ هێشرکردنە سەر شارەکە."
ههروهها وتی یەکێك لە سەرکەوتنە سەرەکەیەکان "لەناوبردنی حەشارگەیەکی گەورەی داعش بوو لە قوڵایی بیابانەکەدا کە 10 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی کەبیسە [لە باشوری رۆژئاوای هیت]ەوە دوورە".
عوبێدی وتی حەشارگەکە "100 پشتێنی تەقەمەنی و 175 ئامێری تەقەمەنی و مینێکی ئامادە بۆ تەقاندنەوەی تێدابوو، لەگەڵ چەك و ئامێری دیکە و پێداویستی لۆجیستی تیرۆریستەکان".
وتی ئەوەش هاوکاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی دیکە بوو کە لەلایەن هێزیکی بەرێوبەرێتی هەواڵگری سەربازیەوە ئەنجامدراوە بە یارمەتی شەرڤانەکانی خێڵی ئەلبونەمر و خێڵەکانی دیکە لە ناوچەی وادی سووەیب لە هیت له باکوری رۆژهەڵات.
عوبێدی وتی شەڕڤانەکان 26 شوبات هەڵیانکوتایەسەر حەشارگەیەك لە بیابانەکە و سێ چەکداری تیادابووە کە پلانیان بۆ هێرشی تیرۆریستی هەبوو.
وتیشی هێزەکانی عێراق چەکدارەکانیان کوشت و دەستیانگرت بەسەر چەك و ئامێرەکانیاندا.
چوار تونێل و 44 تەقەمەنی دەستکردیش لەناوبران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا.
ئەمنیەتی هیت 'چەند مانگێکە ئارامە'
عوبێدی وتی هۆکاری ئەو سەرکەوتنانە پشتگیری دانیشتوانەکە بووە کە "ئێستا زانیاری خێرا دەدەن بە هێزە ئەمنیەکان لەسەر هەر رەوشێك کە گومانیان لێی هەبێت."
وتی دانپیانانی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی شانە نوستووەکانیش هاوکاربوون بۆ دۆزینەوە و گرتنی توندڕەوی دیکە و لەناوبردنی چەکەکانیان.
وتیشی هێزەکانی عێراق لە سەرانسەری هیت و رۆخی شارەکە و بیابانەکانی چواردەوری بڵاوهیانپێکراوە.
ههروهها وتی: "رەوشی ئەمنی چەند مانگێکە ئارامە له دهرهنجامی خۆڕاگری و هەوڵە چالاکەکانی هێزە ئەمنیەکانماندا بۆ دۆزینهوه و لەناوبردنی کونەكانی خۆحهشاردانی داعش."