هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

شرۆڤەکاران دەڵێن بەغدادی توانای نەماوە سەرکردایەتی بکات

خالید تائی

سەرۆکی داعش ئەبو بەکر بەغدادی لە 2014 بۆ یەکەمجار لەناو خەڵكدا دەرکەوت ئەو کاتەی بەناو "خەلافەتەکەی" راگەیاند لە مزگەوتی نوری له‌ موسڵ. [وێنەیه‌ك كه‌ به‌ فراوانی له‌سەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

سەرۆکی داعش ئەبو بەکر بەغدادی لە 2014 بۆ یەکەمجار لەناو خەڵكدا دەرکەوت ئەو کاتەی بەناو "خەلافەتەکەی" راگەیاند لە مزگەوتی نوری له‌ موسڵ. [وێنەیه‌ك كه‌ به‌ فراوانی له‌سەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

سەرۆکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەبوبەکر بەغدادی توانای راستەوخۆ سەرکردایەتیکردنی گروپەکەی لەدەستداوە، بەوتەی شارەزایانی عێراقی، کە ئاماژەدەکەن به‌وه‌ی ناوبراو دەسەڵاتیشی نەماوە بۆ ئەوەی لە دەستەی سەرۆکایەتی گروپەکەدا بمێنێتەوە.

بەغدادی، کە لەلایەن جیهان و دەوڵەتی عێراقەوە داواکراوە بە تاوانی تیرۆریزم، دەوترێت لە ناوچەیەکی سنووریی سوریا خۆی شاردۆتەوە.

شانەی هەواڵگری هه‌ڵۆكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق 12 شوبات وتی بەسەختی برینداربووە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا و لەوانەشە توانای جوڵەی نەمابێت.

شارەزای ئەمنی سەعید جه‌یاشی بە دیارونای وت راپۆرتە هەواڵگریەکان دەستنیشانیان کردووە سەرۆکی داعش لە ژیاندا ماوە و لەوانەیە برینداربووبێت لە هێرشێكی ئاسمانیدا کە ئامانجی کوشتنی بووە.

وتی راپۆرتی دیکەی هەواڵگری ئاشکرایانکردووە بەغدادی لە هەرێمی (بیابانی) بادییەی سوریا خۆی شاردۆتەوە، کە نزیك سنووری عێراقە.

لاوازە بەڵام هێشتا مەترسییە

جه‌یاشی وتی: "دڵنیاین ئەو تاوانبارە كێشه‌ی هەیە و لاوازە، چونکە ژمارەیەکی زۆر ناوچە و پارە و فەرمانداری لە گۆڕەپانەکەدا لەدەستداوە."

وتی بەڵام "ئەو هێشتا خەڵكی لە دەورە و یارمەتیدەدەن خۆی بشارێتەوە و هاوکاریدەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ئەندامەکانیان و گروپە تیرۆریستەکانی دیکەوە بکات کە هاوکاریانن".

هه‌روه‌ها وتی ئەوانەش بریتین لە بۆکۆ حەرام لە نێجیریا و هەوادارانی داعش لە ویلایەتی سینا لە میسر و ئەبو سەیاف لە فیلیپین.

داعش کەمتر چالاکە لە گۆڕەپانەکەدا بەڵام ئایدۆلۆژیا و بانگەوازکردنی هێشتا کاریگەرییان ماوە لەو وڵاتانەی گروپەکە و هەوادارەکانی لێن.

جه‌یاشی وتی سەرباری پاشەکشە و لێکترازان، گروپەکە هێشتا چەند ماڵپەڕ و بڵاوکراوەیەکی سەر ئینتەرنێتی چالاکن، وەك هەواڵنامەی نەبه‌ء و ئاژانسە پروپاگەندەییەکەی ئەعماق، هەرچەندە هەردووکیان بڵاوکردنەوەیان چەند جارێك پێشتر وەستاوە.

جه‌یاشی هۆشدارییدا کە سەرۆکی داعش کاریگەریی راگەیاندن دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ژیان بۆ گروپەکە بگەڕێنێتەوە، بۆیە داوای خۆڕاگری و هەوڵی زیاتری کرد بۆ ئەوەی بەغدادی و فەرماندەییە باڵاکەی لەناو ببرێن.

داواکراوترین تیرۆریست

دەسەڵاتی عێراق 6 شوبات لیستێکی "سەرکردە تیرۆریستەکانی لە جیهاندا داواکراون" بڵاوکردەوە و بەغدادی یەکەم بوو لە لیستەکەدا.

لێکۆڵەر هاشم هاشمی، کە شارەزای خوێندنی بزووتنەوە توندڕەوەکانە، وتی ئێستا وا دیارە بەغدادی راستەوخۆ بەرپرسیار نیە لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی داعش.

بە دیارونای وت: "ئەوە گومانی لەسەر نییە کە لە ژیاندا ماوە و لە هەرێمی بادییەی سوریا دەگەڕێت لەژێر پاراستنیکی تونددا، کە یارمەتی دەدات ئاشکرا نەبێت. بۆ رۆڵی لەناو گروپەکەشدا، ئەو تەنیا سەرپەرشتی دەکات لەڕێگای کۆمیتەیەکی باڵاوە."

هاشـمی وتی ئەو کۆمیتەیە، کە بە کۆمسیۆنی نوێنەران ناسراوە، "ئێستا بەرپرسیارە لە هەر یەك لەو 25 بەشە جیهانییەی گروپەکە و کاروباری سەربازی و دارایی و یاسایی و راگەیاندن رادەپەڕێنێت."

وتی ئەمەش نیشانەی کۆتاییهاتنی سەرکردایەتی راستەوخۆی بەغدادییە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە سەرۆکی بەشەکانی دیکە "تەمەشای بەغدادی دەکەن وەك کارتێك و سەرۆکێکی رۆحی".

'ناتوانێت سەرکردایەتی بکات'

ئەندام پەرلەمانی عێراق ئەسکەندەر ویتویت، کە ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئەمنیی پەرلەمانە، وتی: "ئەو ناڕۆشنیەی لەسەر قەدەری بەغدادی هەیە رێگامان پێنادات گوێندەینە هەندێك گریمانە لەسەر ئەو، وەك کەسێك."

بە دیارونای وت ئەوەش ئەو ئەگەرانە لەخۆدەگرێت کە لەوانەیە "وەلانرابێت یان لابرابێت لە دەسەڵات" بەهۆی شکستی گروپەکە یان بەهۆی برینداریی سەختەوە و "نەتوانێت چالاکانە سەرکردایەتی شوێنکەوتوانی بکات".

بەگوێره‌ی ویتویت، ئەگەری زۆر هەیە بەغدادی لە سوریا خۆی شاردبێتەوە.

وتی: "دواجار هیوادارین ژیانی ئەم تاوانبارە کۆتایی بێت بەم نزیکانە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

وڵاته‌ گه‌وره‌كان هانی بارگرژی ده‌ده‌ن له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا له‌ڕێی بیرۆكه‌ی پوچ و بێماناوه‌. 53932.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

بیرمچوو بڵێم كه‌ ئه‌و سیخوڕی مۆسادی ئیسرائیلییه‌ وهاتووه‌ وێنه‌ی ئیسلام ناشیرینبكات.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌