هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق کاردەکات بۆ رێگری لە دزەکردن لە سنووری سوریاوه‌

خالید تائی

هێزەکانی عێراق کە لەسەر سنوورەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە لەگەڵ سوریا دامەزراون، زۆر سەرکەوتوون لە بەرپەچدانەوەی هەوڵەکانی دزەکردنی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش). [خاوەنی وێنە پاسەوانانی سنووری عێراق]

هێزەکانی عێراق کە لەسەر سنوورەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە لەگەڵ سوریا دامەزراون، زۆر سەرکەوتوون لە بەرپەچدانەوەی هەوڵەکانی دزەکردنی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش). [خاوەنی وێنە پاسەوانانی سنووری عێراق]

فەرماندەیەکی سەربازی باڵای عێراقی وتی هێزەکانی سنووری عێراق زۆر سەرکەوتووبوون لە رێگرتن لە هەوڵەکانی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بۆ دزەکردن لە سوریاوە، كه‌ گروپەکە هێشتا بەردەوامە لە چالاکیەکانی لە چەند ناوچه‌یه‌كدا لەوێ.

فەرماندەی پاسەوانانی سنوور، لیوا حەمید عەبدوڵا ئیبراهیم، بە دیارونای وت رەوشی ئەمنی لەودیوی سنوورەکە لە سوریا ئارام نیە.

وتی چەند مۆڵه‌گه‌یه‌كی چەکدارانی داعش هەن لە شارۆچکەی سنووریی ئەلبوکەمال و دەیانەوێت دەستبکەنەوە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەو هەرێمە سنووریەی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا.

وتیشی: "لەدیوی ئێمەوە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پاراستنی ئەمنیەتی سنوورەکە و ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکانیش رۆژانە لە زیادبووندان بۆئەوەی رێگری بکرێت لە هەر جۆرە پێشێلکاریەکەی تیرۆریستەکان."

وتی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق بەشدارە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا و هێزە ئاسمانیەکانی عێراق و هاوپەیمانانیش بەرگری ئاسمانی دابیندەکەن.

هه‌روه‌ها وتی هێزە هاوبەشەکان توانیویانە "چەندین هەوڵی تیرۆریستەکان بۆ دزەکردن لە سنوورەکانەوە بەرپەچبدەنەوە" و پەیوەندیی هەوالگریشیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا گۆڕیوەتەوە.

وتیشی گورزی کوشندەیان لە داعش داوە و ئێستا چەکدارەکانیان "زۆر سەختە بۆیان سنوورەکە ببڕن کە بەتەواوەتی گیراوە".

هێزە هاوبەشەکانی عێراق 21 شوبات رێگرییانكرد لە 10 چەکداری داعش دزەبکەنەناو عێراقەوە لە سوریاوه‌.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنه‌كانی ئەنبار عەقید محەمەد دولەیمی بە دیارونای وت ئەوان هەوڵیانداوە بێنەناو عێراقەوە لە قائیمەوە لە رۆژئاوای ئەنبار، بە سوودوەرگرتن لە تاریکی و کەشوهەوای خراپ.

وتی: "شەش تیرۆریست کوژران دوای ئەوەی لەگەڵیان پێکدادان درووستبوو، ئەوانی دیکەش پاشەکشەیان کرد و گەڕانەوە ناو سوریا."

پته‌وكردنی هێزەکانی سنوور

ئیبراهیم وتی چەندین پلان هەیە بۆ پته‌وكردنی هێزەکانی سنووری عێراق وبنیاتنانی توانایان بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و چاودێری ئەنجامبدەن و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە تا ئێستا 27 یەکەی فەرماندەیی نێردراون بۆ ئەوەی بە درێژایی سنوورەکە دابمەزرێن.

وتی: "دەشمانەوێت سیستمی بەرگری سنوورەکە بەهێزبکەین بە نوێترین ته‌كنۆلۆژیای چاودێری و شه‌نوكه‌وكردن."

وتیشی بازگە گەڕۆکەکانی سنوور کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابینکراون توانای پاسەوانانی سنووری عێراقیان زیادکردووە و لە کانونی یەکەمیشدا پاسەوانانی سنوور "نۆ لە نوێترین بازگەکان"یان وەرگرتوە لە 100 دانە.

ئیبراهیم وتی بڕیارە بازگەکانی دیکە بە قافڵەی دیکە بگەنە دەستیان.

وتیشی: "ئەم بازگە سنووریانە ئامادەباشیمانی زۆر باشترکردووە چونکە کامێرا و ئامێرەکانی پەیوەندی و چاودێریکردنیان تیادان لەگەڵ ئۆتۆمبیلی سەربازی و ئامێری بینین بە شەو."

هه‌روه‌ها وتی هەر بازگەیەك توانای لەخۆگرتنی 30 شەرڤانی هەیە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی وتی هێزەکانی عێراق "سەرکەوتنی گەورەیان" بەدەستهێناوە لە هەوڵەکانیاندا بۆ پاراستنی سنووره‌كه‌ له‌گه‌ڵ سوریا.

فەهداوی بە دیارونای وت: "هیزەکانمان هەوڵی زۆر بێوێنە دەدەن و ئەمڕۆ ئەو ناوچە سنووریە لەگەڵ سوریا پارێزراوە و لەژێر کۆنترۆڵدایە." وتیشی چەکدارانی داعش چەندین کیلۆمەتر لە سنوورەکەوە دوورن و ناتوانن بیبڕن.

وتی لێدانی خەندەقێك و دروستكردنی تەپۆڵکە بە درێژایی سنووری عێراق و سوریا تەواوبوون بەڵام داوای پشتگیریی کرد بۆ هێزە ئەمنیەکان، وەك دابینکردنی بورجی چاودێری و فڕۆكەی چاودێریکردن.

خێڵە عێراقیەکان سنوور دەپارێزن

شێخ عەبدوڵا جوغەیفی، سەرۆك خێڵێك لە حەدیسە، کە سەرکردایەتی هێزی ئەحرار فورات دەکات، وتی خێڵەکانی رۆژئاوای ئەنبار چالاکانە بەشداردەبن لە پاراستنی سنوورەکەدا.

ناوبراو بە دیارونای وت پیاوانی خێڵەکان پشتگیری هێزەکانی عێراق دەکەن لە هەوڵەکانیاندا بۆ راوەدونانی چەکدارانی داعش و بەرپەچدانەوەی هێرشەکانیان.

وتی پاراستنی سنوورەکە ئاسان نیە و پێویستی بە هاوئاهەنگی سەربازی هەیە لە ئاستی باڵادا لەگەڵ دانیشتوانە ناوخۆییەکە.

وتیشی حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ "پاراستنی ئەمنیەتی بەشی رۆژئاوای وڵاتەکە بۆ بەرپەچدانەوەی تیرۆریستەکان و رێگرتن لە هەوڵەکانیان بۆ پێشێلکاری ئەمنی".

جوغەیفی وتی ئەم هەڵمەتە "زۆر گرنگە لەبەرئەوەی لە سێ ساڵی رابردوودا ناوچە سنووریەکە بنکەی چەکدارانی داعش بووە بۆ هێرشبردن" و وتیشی: "ئەمڕۆ دەبێت هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت بۆ ئەمینكردنی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500