پێشبینیدەکرێت دووبارە کردنەوەی پلانبۆدانراوی دەروازەی سنوری قائیم دوای زیاد لە سێ ساڵ پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و بازرگانیەکانی ناوچەکە ببوژێنێتەوە، بەرپرسانی ناوچەکە بە دیارونایان وت.
سەرەکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، باسی لە "هەوڵەكان بۆ هەماهەنگی" کرد بۆ دووبارە کردنەوەی دەروازەی سنورییهكه لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار، لەکاتی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ شاندی حکومەتی سوریا لە 7 شوبات.
وەزیری ناوخۆ، قاسم ئەعرەجی، لە 12 شوبات پشتڕاستیکردەوە کە عەبادی مۆڵەتی داوە بە کردنەوەی دەروازەکە.
بەرپرسان وتیان گەر ئەمە بەوجۆرە بێتەدی کە پلانی بۆ دانراوە، سەرکەوتنێکی گرنگ دەبێت بۆ عێراق، کە لەململانێدایە بۆ باشترکردنی روکاری ئابوری شارە رزگارکراوەکان لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
ئەم شارانە تووشی زیان بوون بەهۆی داخستنی دەروازەکەوه بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ، دوای ئەوەی داعش بەشێکی گەورەی لە باکوری عێراق داگیرکرد لە حوزەیرانی 2014.
دەروازەکە بەوێرانی بهجێهێڵرابوو
کاتێك هێزەکانی عێراق گەیشتنە شارۆچکەی سنوریی قائیم لە ئەنبار، هیچیان نهبینیهوه داروپەردوو نەبێت و لە 3 تشرینی دووەم دەستیانگرت بەسەر دەروازەکەدا لهسهر سنووری سوریا.
قائیمقامی قائیم ئەحمەد دولهیمی بە دیارونای وت داعش بیناکانی تەختکردبوو و دەروازەکە ببووە ناوچەیەکی جێهێڵراو.
وتی دوای ئەوەی داعش چووە ناو سوریاوە، هەموو وێستگەکانی پۆلیسی ناوخۆ و دەروازە و ئاماژە سنورییەکانی رووخاند تا جاڕی بەناو خەلافەتەکەی بدات.
دولهیمی وتی بنیاتنانەوەی دەروازەکە دەبێتە "ئاستەنگێکی گەورە" بۆ حکومەت چونکە پێویستی بە بنیاتنانەوەی تەواوەتی هەیە، کە کاتێکی زۆری دەوێت و پێویستی بە بڕە پارەیەکی بەرچاوە.
وتی: "وەك هەنگاوێکی کاتی، بینای پێشتر بنیاتنراو لە شوێنەکە دانراون تا بنیاتنانەوەی تەواودەبێت و دەروازەکە بەتەواوی دەخرێتەوەکار، لهجیاتی ئهوهی ههر وهك دۆخێكی کتوپڕ [لهگهڕدابێت]."
وتیشی دەروازەکە بەندەرێکی لەڕووی بازرگانیەوە چالاك بوو پێش ئەوەی داعش بێتەناو دیمەنەکەوە و ئاماژەشیکرد بەوەی کردنەوەی دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ئابوری ئەنبار و عێراق بەگشتی.
بوژانهوهی سهرچاوهیهكی بازرگانی
هاتوچۆی خەڵك و شمەك لەنێوان عێراق و سوریادا روودەدات لەڕێگەی شاری قائیمەوە لە بەری عێراق و شاری ئەلبو کەمال لە بەری سوریا.
پێش داگیرکاری داعش، داهاتی بازرگانی ساڵانە بە پێنج ملیار دۆلار دەخەمڵێنرا. بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە 2011، ئەو ژمارهیه دابهزی و کاتێك داعش دەرکەوت، چالاکی بارزگانی تووشی راوەستان بوو.
وتەبێژی پارێزگای ئەنبار عید عەماش بە دیارونای وت دەروازەی قائیم دووەم رەگی گرنگی ژیانه بۆ ئەنبار، دوایدەروازەی ترێبڵ لەسهر سنووری ئەردەن.
وتی گەڕانەوەی چالاکی بازرگانی سنوربڕ یارمەتی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان دەدات لە پارێزگاکە و بەوجۆرەش دامەزراندن زیاد دەکات.
وتیشی دووبارە کردنەوەی دەروازەکە یارمەتی لێشاوی هاتوچۆ و پەیوەندییهكانیش دەدات لەنێو دانیشتوانی ناوچەکەدا و ئاماژەشیکرد بەوەی خێڵەکانی خۆرئاوای ئەنبار پەیوەندی خوێنییان لەگەڵ خێڵەکانی ئەلبو کەمال و دێرەزوور هەیە لە بەری سوریا.
عەماش هۆشداریی دا لەوەی بنیاتنانەوەی دەروازە سنورییەکە ئەرکێکی ئاڵۆز دەبێت، چونکە داعش ژێرخانی دەروازەکەی روخاندووە لە هەوڵێکدا بۆ گۆڕینی ناسنامەی سنوورەکە بەگوێرەی ئایدۆلۆژیای خۆی.
پێویستی به وریایی لە سنوور
عەماش وتی ئاستەنگێكی تر دۆخی ئەمنی دەبێت.
وتیشی: "لهوه نیگەرانین. ئێمه سنورەکەمان لەبەری خۆمانەوە پاراستوە، بەڵام شتەکان لە بەری سوریاوە هێشتا ناجێگیرن."
وتی داعش هێشتا لە هەندێك ناوچەی سوریا و بەدرێژایی باکوری فورات بوونی هەیە و وتیشی گروپەکە هێرشی هاوەنی هەڕەمەکی دەكاتەسەر شارۆچکە سنورییەکان.
سەرکردەیهكی خێڵەکی، سەباح مەحەلاوی، وتی ئەندامانی خێڵی ئەلبو مەحەل له قائیم رۆڵێکی چالاکیان هەبوو لە رزگارکردنی ناوچەکەیان لەدەست داعش.
مەحەلاوی بە دیارونای وت: "تەنانەت باشتریش ئامادەین بۆ یارمەتیدانی حکومەت گەر پلانی دووبارە کردنەوەی دەروازەی قائیمیان هەبێت. ئامادەین بۆ پشتگیریی هێزە ئەمنیەکان و یارمەتیدانیان لە پاراستنی دەروازەکە و رێچكە بازرگانییهكه."
وتیشی: "بەهیواین حکومەت هەنگاوبنێت بۆ بنیاتنانەوە و کردنەوەی دەروازەکە بەنزیکترین کات، چونکە دەروازەیەکی گرنگە و بەهایەکی ئابوری بەرچاوی هەیە."