شەڕی بەردەوام لە ئیدلیب و لەنێوان هاوپەیمانێتی تەحریر شام و بەرەی نوێی رزگاركردنی سوریا (هەیئەت تەحریر سوریا)ماوەیەکە هاوکاتە بە خۆپیشاندان دژی تەحریر شام لە چەندین شارۆچکە و گوند.
خۆپیشاندەران ئەو هەڵسوکەوتە رەتدەکەنەوە کە تەحریر شام -- کە هاوپەیمانێتیەکی توندڕەوە و لەلایەن بەرەی نوسرەوە کۆنترۆڵکراوە -- لە ناوچەکە پیادەیدەکات، چەوساندنەوەی دانیشتوان و مامەڵەی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە.
چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف، بە دیارونای وت وەك ئەنجامی شەڕ و خۆپیشاندانی بەردەوام، پێکدادانهكان چڕتربوونهتهوه لە بەشەکانی ئیدلیب.
وتی خۆپیشاندەران بەڕوونی ئەو مامەڵەیەی هاوپەیمانێتیەکە رەتدەکەنەوە کە لەگەڵ دانیشتوان و ناوچەکانی ژێردەستی دەیکات و ئاماژەیکرد بەوەی شەڕی زۆربەی ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانە دەکات کە لە ناوچەکەن.
![خۆپیشاندەران گرددەبنەوە لە شارۆچکەی کەفر نەبل لە باکوری سوریا و لە 26 شوبات بۆ خۆپیشاندان لەدژی تەحریر شام. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساف]](/cnmi_di/images/2018/02/27/11660-Kafr-Nabl-protest-600_384.jpg)
خۆپیشاندەران گرددەبنەوە لە شارۆچکەی کەفر نەبل لە باکوری سوریا و لە 26 شوبات بۆ خۆپیشاندان لەدژی تەحریر شام. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساف]
![ئەندامانی بەرەی ئازادی سوریا لە شاری دار عیزە دەبینرێن دوای دەستبەسەراگرتنی لەلایەن تەحریر شامەوە لە 26 شوبات. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساف]](/cnmi_di/images/2018/02/27/11661-Syria-liberation-front-600_384.jpg)
ئەندامانی بەرەی ئازادی سوریا لە شاری دار عیزە دەبینرێن دوای دەستبەسەراگرتنی لەلایەن تەحریر شامەوە لە 26 شوبات. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساف]
![ئەندامانی بەرەی ئازادی سوریا رادەوەستن بۆ وێنەیەك لە جەبەل شێخ بەرەکات دوای دەستبەسەراگرتنی لە شەڕە سەختەکانیاندا لەگەڵ تەحریر شام. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساف]](/cnmi_di/images/2018/02/27/11662-Jabal-sheikh-barakat-600_384.jpg)
ئەندامانی بەرەی ئازادی سوریا رادەوەستن بۆ وێنەیەك لە جەبەل شێخ بەرەکات دوای دەستبەسەراگرتنی لە شەڕە سەختەکانیاندا لەگەڵ تەحریر شام. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساف]
عەساف وتی خۆپیشاندان هەڵگیرسان کاتێک یەکەیەکی تەحریر شام هێرشیکردە نێو شارۆچکەی حەزانۆ لە ئیدلیب، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە رووبەڕوویان بوونهوه و رێیانگرت لە هاتنیان بۆ نێو شارۆچکەکە.
وتیشی: "خەڵکەکە داوایانکرد حەزانۆ بێلایەن بێت لەو شەڕانەی لە دەوروبەری روودەدەن، بەڵام تەحریر شام سووربوو لە چوونەناو شارۆچکەکەوە."
وتی لە وەڵامی هێرشکارییەکەدا، دانیشتوان داوای یارمەتی ناوچەکانی دراوسێیان کرد. تەحریر شام وەڵامیدایەوە بە تۆپبارانی شارۆچکەکە لە شەوی 25 شوباتدا و سێ مەدەنیان کوشت و ژمارەیەکی دیکەیان بریندارکرد.
خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەك
عەساف وتی کاتێك هەواڵی رووداوەکە بڵاوبووهوە، بانگهشهیهك بۆ خۆپیشاندان كرا دووشەممە (26 شوبات) لە چەند ناوچەیەك، لەنێویاندا شاری ئیدلیب، مەعرەت نوعمان و مەعرەت سین.
لە مەعرەت سین، دانیشتوان ئەندامانی تەحریر شامیان دەرکرد لە بازگەی دەروازەی شارۆچکەکە و بازگەکەیان رووخاند.
وتیشی خۆپیشاندان لە سەراقیب، کەفر نەبل و کەمپی ئاوارەکانی جەزیرەش ئەنجامدرا لە ناوچەی ئەتمای نزیك سنووری تورکیا.
ههروهها وتی: "ئەمەش وایکرد تەحریر شام خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ناوچەکە ببڕێت، لە هەوڵێکدا بۆ بڕینی پەیوەندی نێوان دانیشتوان و بەوجۆرەش کپکردنەوەی ناڕەزایی، بۆیە دانیشتوان لەجیاتی ئەوە بڵندگۆی مزگەوتەکانیان بەکارهێنا."
عەساف وتی هاوکات، تەحریر شام و بەرەی رزگاركردنی سوریا -- کە گروپەکانی نورەدین زەنکی و ئەحرار شامی تێدایە -- بەردەوامن لە شەڕکردن و تەحریر شام چەندین ناوچەی لەدەستداوە کە پێشتر کۆنترۆڵی کردبوون.
وتی سەرەڕای لەدەستچوونی ناوچەکانی ژێردەستی، هاوپەیمانێتیە توندڕەوەکە رووبهڕووی رەتکردنەوەی جەماوەری بووەتهوه، بەجۆرێك رکابەرەکانی پشتگیری له هەر لایەنێك دەکەن شەڕ دژی بکات.
وتیشی دووشەممە، بەرەی رزگاركردنی سوریا رایگەیاند جەبەل شێخ بەرەکاتی گرتووە -- كه خاڵێکی ستراتیژیی سەرەکییه لە خۆرئاوای حەلەب -- و دەستی بەسەر شارۆچکەی دار عیزەدا گرتووە.