کۆمەڵگا

بەیارمەتی خۆبەخشان دوکانێکی سەرتاشی لە موسڵ دەکرێتەوە

عەلا حسێن لە بەغدا

image

خۆبەخشانی رێکخراوی (سەرەتا نەینەوا) سەرتاشی عومەر لە موسڵ چاکدەکەنەوە وەك بەشێك لە پرۆژەی باب رزق. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی رێکخراوی سەرەتا نەینەواوە وەرگیراوە]

دانیشتووی خۆرئاوای موسڵ عومەر موسڵی گەڕاوەتەوە نێو سەرتاشخانەکەی، بەهۆی هەوڵەکانی خۆبەخشانی ناوچەکە.

سەرتاشخانەکەی موسڵی لە شەقامی نەبی شیت ئاگری تێبەردرا لەکاتی شەڕەکانی دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لەم شارەی پارێزگای نەینەوا.

ئێستا بەتەواوی چاککراوەتەوە و راخەر و ئامێری نوێ لە دوکانەکە جێگیرکراوە، بەهۆی گەنجانی خۆبەخشی رێکخراوی سەرەتا نەینەواوە.

رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی هاتەناوەوە بۆ چاککردنەوەی دوکانەکە و کۆمەکی دارایی به‌خشی به‌ موسڵی تا ئامێری نوێ بکڕێت.

image

خۆبەخشێك سەرتاشخانه‌كه‌ی عومەر موسڵی بۆیە دەکات، کە لە کاتی شەڕی دەرکردنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە موسڵ دەرکرا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی رێکخراوی سەرەتا نەینەواوە وەرگیراوە]

image

خۆبەخشانی موسڵ سەرتاشخانه‌ی عومەر موسڵی نۆژەندەکەنەوە، کە جارێکی دیکە وایکرد بتوانێت پشتگیری خێزانەکە بکات بە داهاتێکی بەردەوام. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی رێکخراوی سەرەتا نەینەواوە وەرگیراوە]

بە دیارونای وت: "600 دۆلاریان خەرجکرد بۆ ئامێره‌كان و خۆم یەك فلسم خەرجنەکرد."

وتی دووبارە کردنەوە و کارکردنی سەرتاشخانەکە پاراستمی لە کارەساتی دارایی و وتیشی ئێستا دەتوانێت پاڵپشتی خێزانە بچوکەکەی بکات بە داهاتێکی بەردەوام.

سودمەندانی باب رزق

هەماهەنگیکاری رێکخراوی سەرەتا نەینەوا، لەیس راشدی، بە دیارونای وت موسڵی یەکێکە لە دەیان سودمەندی پرۆژەی باب رزقی رێکخراوی سەرەتا نەینەوا.

وتی پرۆژەکە ئامانجێتی پرۆژەی بچوك بۆ خەڵکی ئاوارە دابمەزرێنێت کە دەگەڕێنەوە بۆ خۆرئاوای موسڵ و ئاماژەشیکرد بەوەی کە تائێستا یارمەتی 30 کەسی داوە لە شارەکەدا.

ئەم پرۆژانە هەموو شتێکیان تێدایە لە دابینکردنی عەرەبانەی دەستگێڕییه‌وه‌ بۆ گەنجان تا فرۆشتنی خۆراك بۆ نۆژەنکردنەوەی دوکان و کافێکان.

وتیشی نرخی هەر پرۆژەیەك لە 500 بۆ 600 دۆلارە.

هه‌روه‌ها وتی هەموو پشتگیری دارایی پرۆژەکە لەو ئەندامانەی کۆمەڵگەوە دێت کە دەتوانن بەشداریبکەن و وتیشی 30 خۆبەخشیان خەڵکی موسڵن، بە یارمەتی خۆبەخشی زیاتر لە دەرەوەی پارێزگاکە.

پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەت

قائیمقامی موسڵ، زوهه‌یر ئەعرەجی، وتی پرۆژەی باب رزق و هاوشێوه‌كانی ستونی سەرەکی پشتگیریین بۆ دەزگا حکومیەکانی شارەکە.

ئەعرەجی بە دیارونای وت: "کاری خۆبەخشان لە موسڵ زۆر کاریگەریی هەبووە لە شێوازی دابینکردنی خزمەتگوزاری و کارەکانی شارەوانیەکەدا."

وتی ئەمەش پاککردنەوەی شەقام و خوێندنگەکان، بۆیەکردنی دیوار و نەهێشتنی پۆستەرەکانی پروپاگەندەی داعش لە خۆدەگرێت، تا پاککردنەوە و بنیاتنانەوەی زانکۆی موسڵ و پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ خێزانە خاوەن دەرامەتە کەمەکان.

ئەعرەجی ئاماژه‌شیكرد به‌ بەشداری ژنانی خۆبەخش و وتی یەکەمجارە لە خەڵکی موسڵ روودەدات.

وتی: "هەوڵەکانی گەنجە چالاکوانەکان و ژنان بەشداربووە لە سوککردنی باری سەرشانی دەزگا خزمەتگوزارییەکاندا، کە ئاستەنگی زۆریان لەبەردەمدایە بەهۆی کەمیی ئامراز و ئامێرەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)