رژێمی سوریا به موشەك و تۆپ بۆمبارانی غوتەی خۆرهەڵاتی کرد رۆژی پێنجشەممە (22 شوبات)، 19 مەدەنی دیکەی کوشت لەکاتێکدا فشاری نێودەوڵەتی زیادیکرد بۆ وەستاندنی ئەو وێرانکارییە لەو ناوچەیەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن.
داواکاریی ئاگربەستی مرۆیی لە یەکێك لە خوێناویترین قۆناغەکانی شەڕی حەوت ساڵەی سوریادا فەرامۆشکرا و ئاماری مردووان لە هێرشە کتوپڕە پێنج رۆژییەکەی دیمەشقدا بەرزبووهوه بۆ 368 كهس.
سهرۆكی نەتەوە یەکگرتوەکان وتی کوشتاری هێرشه ئاسمانییهكان غوتەی خۆرهەڵاتیان کردووە بە "دۆزەخی سەرزەوی" لەکاتێکدا راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکڵ داوای کۆتاییهێنانی کرد بەو "رەشەکوژی"یە.
دانیشتوان خۆیان لە ژێرزەمینەکاندا مۆڵدابوو لەکاتێکدا هێزەکانی حکومەت تۆپبارانی ئەو ناوچە گەمارۆدراوەیان دهكرد بە موشەك و بۆمب، شارەکەیان کردبووە مەیدانی وێرانە و تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیشیان دا.
بەگوێرەی پزیشکانی بێسنوور، لەماوەی سێ رۆژدا 13 دەزگا کە لە غوتەی خۆرهەڵات پشتیوانی دەکردن زیانیان بەرکەوتوە یان رووخاون، وایکردووە ئەو ستافەی کە ماون شتێکی ئەوتۆیان لەبەردەست نەبێت بۆ چارەسەری سەدان بریندار کە رۆژانە بۆیان دێت.
لە مردووخانەی نەخۆشخانەکەی دوما، شارۆچکەی سەرەکی ئەو ناوچەیە کە لە خۆرهەڵاتی دیمەشقە، جەستەی پێچراو لە خامی سپییەوە لەسەر زەوییەکە ریزکرابوون، دوانیان منداڵ بوون.
بۆمبارانی هەڕەمەکی
بەڕێوبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رامی عەبدولڕەحمان وتی: "ئەم بەیانیە موشەکباران کۆتایی نەهات. نزیکەی 200 موشەکی زەمین بە زەمین تەنیا لە دومای دا."
بارانی بەیانی واپێدەچوو فڕۆکە جەنگیەکانی دوورخستبێتەوە بەڵام کە نیوەڕۆ ئاسمان ساماڵی کرد، فڕۆکەکان، کە بەگوێرەی روانگەکە هەندێکیان رووسی بوون، زوو گەڕانەوە.
تائێستا روسیا نکۆڵیدهكات لە دەستوەردان لە هێرشی غوتە، بەڵام رۆژنامەی وەتەنی سەر بە رژێمی سوریا پێنجشەممە رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و راوێژکارانی پەیوەندییانكردووه بە شەڕەکەوە.
رژێم و هێزە هاوپەیمانەکانی لە دەوری ناوچەکە کۆبوونەتەوە، کە بە خەمڵاندن 400,000 کەسی تێدا دەژی، پێش ئەگەری هێرشێکی زەمینی.
ئەو پشووە کورتەی بارانەکەی پێنجشەمە فەراهەمیکرد، وایکرد هەندێك لە دانیشتوان بێنە دەرەوە لە ژێرزەمین و پهناگاکانیان بۆ کڕینی خۆراك و پشکنینی شتومەکەکانیان و ئەحواڵپرسیی خزمان و هاوسێكانیان.
لە شارۆچکەی حەمورییە، ریزێك خەڵكی برسی لە دەرەوەی دوکانێك وەستابوون بۆ کڕینی کاڵا بەڵام موشەکێك ترسی بڵاوکردەوە و هەمووان رایانکردەوە بۆ پهناگاکانیان.
لە دوما، کوڕێکی لاو هەوڵیدا چەرخ بفرۆشێت لەسەر شەقامەکە بەڵام موشەکێك خێرا ناچاریکرد رابکات بۆ خۆشاردنەوە.
پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس شایەتی ئەوەبوو فریاگوزارانی ناسراو بە "کڵاو سپیەکان" ناچاربوون هەوڵەکانیان بووەستێنن لە دەرهێنانی ژنێکی بریندار لەژێر داروپەردووی ماڵێکی رووخاودا کاتێك هێرشە ئاسمانیەکان دەستیانپێکردەوە.
کاتێك گەڕانەوە بۆ شوێنەکە، ژنەکە مردبوو.
بۆمبارانی هەڕەمەکی و هێرشەکان بۆسەر دەزگا تەندروستیەکان توڕەیی جیهانی لێکەوتەوە.
مێرکڵ وتی: "کوشتنی منداڵ، رووخاندنی نەخۆشخانە -- هەموو ئەمانە كۆمهڵکوژین کە دەبێت سەرکۆنە بکرێن و دەبێت بە نەخێرێکی روون وەڵامیان بدرێتەوە."
روسیا داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە و خاچی سوور داوای کرد رێگەی پێبدرێت بچێتە ناوچە گەمارۆدراوەکە بۆ یارمەتیدانی ئەو دکتۆر و پەرستارانەی فشارێکی زۆریان لەسەرە لە چارەسەرکردنی بریندارەکاندا.
وڵاتانی کەنداو داوای کۆتایی توندوتیژی دەکەن
وڵاتانی کەنداو پێنجشەممە داوای کۆتایی ئەو هێرشە کوشندەیەی سەر غوتەی خۆرهەڵاتیان کرد و داوای ئاگربەستی دەستبەجێیان کرد.
سعودیە داوای کۆتاییهێنانی کرد بە توندوتیژی و تکایكرد لە دیمەشق کە پەیڕەوی بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بکات، کە داوای ئاگربەستی گشتی و قۆناغی گواستنەوەی سیاسی دەکات.
وەزیری دەرەوەی سعودیە لەسهر تویتەر وتی: "جەختدەکەینەوە لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەلایەن رژێمی سوریاوە، بۆ رێگەدان بە کۆمەکی مرۆیی و گرتنەبەری جدی رێگەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەکە."
ئیماراتی عەرەبی نیگەرانی دەربڕی لە زیادبوونی توندوتیژی و داوای "ئاگربەستی دەستبەجێ"ی کرد بۆ وەستاندنی خوێنڕشتن و پاراستنی مەدەنیەکان. هەروەها داوای رێگەدانی كرد بە کۆمەکی مرۆیی و تەندروستی بۆ مەدەنیەکان.
قەتەر هێرشیکردە سەر هەنگاوەکە و بە "كۆمهڵکوژی"یهكی راستهقینه ناویبرد.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا نوسی: "دەوڵەتی قەتەر سەرکۆنەی توندی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو كۆمهڵکوژییه و بۆمبارانە ئاسمانییە چڕهكان."