ژنانی پارێزگای ئەنبار کە دەرکەوتن و مامەڵە و ئامادەییان لە شەقامەکاندا بەتوندی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کۆنترۆڵکرابوو، جارێکی دیکە لە بواری گشتیدا دەبینرێن لەوکاتەوەی گروپەکە دەرپهڕێنراوە.
هەندێك لە ژنان دهچنهوه پشت سوکانی ئۆتۆمبیلەکانیان.
وهك دانیشتوان وتیان ئەوانیدیش پهیوهندییان كردۆتهوه به هێزی كارهوه و دیسان بەشداریدهكهنهوه لەو چالاکییانهی پێشتر قەدەغەکرابوون، وەك ژەندنی ئامێری مۆسیقی.
هانا ئیبراهیم، 33 ساڵ، کە ژنێکی کارکەری رەمادییە، وتی زۆربەی خەڵکی ئەنبار خێڵەکی و ئایینین.
بەڵام ناوبراو بە دیارونای وت یاسای عێراقی رێ بە ئۆتۆمبیل لێخوڕینی ژنان دەدات و ئاماژەشیکرد بەوەی "هیچ یاسایەك ناشکێنین یان ئایینی خۆمان پێشێلناکەین" بە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل.
وتی: "من خۆم فێری ئۆتۆمبیل بووم، بەهۆی مێردەکەمەوە و ئۆتۆمبیلێکی بچکۆلەم کڕیوە تا پێی بچم بۆ سهر كار، لەگەڵ کارڕاییکردنی منداڵەکانم." وتیشی کە بەدڵنیاییەوە پەیڕەوی رێنماییەکانی هاتوچۆ دەکات.
ههروهها وتی: "ئۆتۆمبیل لێخوڕین لەلایەن ژنانەوە لە ئەنبار باوە و ئێستا دەتوانین لە بەڕێوبەرێتی گشتی هاتوچۆ مۆڵەتی شۆفێری وەرگرین دوای دەرچوون لە تاقیکردنەوەی لێخوڕین و سەلامەتی هاتوچۆ."
وتی ژنانی رەمادی و فەلوجە و خالیدیە، پێکەوە کاردەکەن بۆ دروستکردنی گروپێکی خۆبەخش لە شۆفێری راهێنراو کە وانەی شۆفێری بە ژنانی دیکە دەڵێنەوە بە نرخێکی کەم.
ژنانی شۆفێر سوکان دەگرنەوەدهست
نەجات خالید، 28 ساڵ، كه دانیشتووی خالیدیەیه، بە دیارونای وت: "شۆفێری ژنان لەسەردەمی داعشدا شتێکی ئاسایی نەبوو."
وتی: "بەڵام دوای ئەوەی رزگارکرا، خەڵکی گەڕانەوە و بنیاتنانەوە دەستیپێکردەوە، هەموو شتێکی جوان گەڕایەوە شوێنی خۆی وەك خالیدیە."
ناوبراو وتی لە بەغدا فێری شۆفێری بووە، ئەوکاتەی خۆی و خێزانەکەی بۆ ماوەیەك هەڵاتن لەدەست داعش.
وتیشی: "خێزانەکەم شۆفێریی منیان بەلاوە ئاساییە، بەڵام هەندێك پیاو سەرنجدەدەن کاتێك لەسەر شەقامەکان لێدهخوڕم. هەندێکیان رێگە ئەکەنەوە و مامەڵەیان جوانە، کە بۆ من هاندەرە."
ههوهها وتی: "من مامۆستام و ماڵەکەم كهمێك دوورە لە خوێندنگەکەمەوە. بوونی ئۆتۆمبیل یارمەتی داوم کاتم بۆ بگەڕێتەوە و تەرکیز بخەمەسەر شتە بەسوودەکان و خۆم بەدووربگرم لە دواکەوتن لە خوێندنگە. دەشتوانم خێزانەکەم ببەم بۆ بازاڕ و بۆ پارك."
موقەدەم خالید عەزاوی لە بەڕێوبەرێتی هاتوچۆی ئەنبار وتی شۆفێری تەنیا بۆ پیاوان نیە: "ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەمان ماف و بەرپرسیارێتی پیاوانیان هەیە."
عەزاوی بە دیارونای وت ئێستا دەتوانیت ژنانی شۆفێری کارامە ببینیت لە پارێزگاکەدا کە سەرکەوتوانە مۆڵەتی شۆفێرییان بەدەستهێناوە و "شۆفێری وریا"ن.
"یاساکانی هاتوچۆ روونن و بەسەر ههردوو شۆفێری پیاو و ژندا جێبەجێدەکرێن."
'دەکرێت دووبارە خەون ببینین'
لە رەمادی، ئهو دیمەنه کلتورییهی شارەکە كه سهردهمێك زیندووبوو، دووبارە دهبوژێتهوه، بەجۆرێك ژنان بەشداریدهكهن لە چالاکیەکانی وەك وێنەکێشان و وێنەگرییدا و ئامێری مۆسیقی دەژەنن یان فێریدەبن.
هونەرمەند مەنال دولەیمی بە دیارونای وت: "ژنانی لاو لە ئەنبار بەهرەمەندن و کارامەیی نیشاندەدەن لە بوارەکانی وەك وێنەکێشان و ژەندنی مۆسیقا و وەرزشەکاندا."
وتی زۆرێك لە ژنانی پارێزگاکە حهزیان لە فێربوونی عود و زۆر ئامێری مۆسیقی دیکەیه و وتیشی "لەئێستادا هەندێك خولی شیاوی مۆسیقا هەن کە لەلایەن هونەرمەندانی ئەنبارەوە دەوترێنەوە".
وتی: "نادادپەروەری، تیرۆریزم، توندڕەویی و دهمارگیری رێگریی لە ژنانی ئەنبار دهکرد لە دوو ساڵی رابردوودا کە تاکی بەرهەمهێنەربن."
وتیشی: "لەئێستادا کە پارێزگاکە رزگارکراوە و سەقامگیری و ئاسایش گەڕاوەتەوە، رێ بە مەدەنییهكان و پیاوان و ژنانی لاو دەدرێت کە دووبارە خەون ببینن. ئایدۆلۆژیای تیرۆریزم و توندڕەوی شوێنی لای ئێمە نەماوە."
دولەیمی وتی هونەر و کلتور و ئەدەب چەکی کاریگەرن دژی تاوان و تیرۆریزم و وتیشی "بە وێنەکێشان و گۆرانی و مۆسیقا دەتوانین ئاشتی و خۆشەویستی و کلتور بڵاوبکەینەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و جیهان".
دەمەوێت ژن ئازادبێت و بەشداربێت لە هەموو کارە مەدەنی و هونەریەکاندا.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت