ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك بەم دواییانە دروستکردنی لیژنهیهكی راگەیاند بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسانهی پەیوەندییان ههیه بە تیرۆریزم و مافەکانی مرۆڤەوە لە پارێزگاکەدا.
لیژنهکە 26 کانونی دووەم پێكهێنرا لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادەوەرییەوە و لە سەرۆكێك و سێ ئەندام پێکهاتووە -- دوو دادوەر و داواکارێكی گشتی -- جگە لە چەند لێكۆڵەرێك و شارەزایانی یاسایی.
بەرپرسان وتیان هەنگاوەکە بەشێکە لە پلانەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و رێساكان و پشتگیریکردنی ئارامی و یەکبوون لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کەرکوکدا.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له پارێزگای کەرکوك، بورهان عاسی، بە دیارونای وت لیژنهکە کاردەکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی کەركوك و دەزگا ئەمنیەکان.
وتی دەستیكردووه بە کار لەسەر کەیسەکانی تیرۆریزم و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی گومانیان لێدهكرێت.
وتیشی: "لیژنهکە بەپێی پرۆسهی لێكۆڵینهوه له تاوان و یاسای سزادانی عێراقی کاردەکات."
ههروهها وتی ئەمە وایکردووە کەسە داواکراوەکان و ئهو گومانلێکراوانهی لەکاتی هەڵمەتی ئەمنی و سەربازیدا دهستگیركراون مافی تەواوی یاساییان پێبدرێت بە هەبوونی پارێزەری بەرگری و پێداچوونەوەی یاسایی کەیسەکان بەرلەوەی بچنە دادگا.
چاودێریکردنی ئهو ئاوارانهی پەیوەندییان ههیه بە داعشەوە
لیژنهکە هەروەها سەیری كهیسی ئەو ئاوارانەش دەکات کە وهك پشتگیریكهرانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دهستنیشانكراون.
لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکات و شانسی ئەوەشیان پێدەدات کەیسەکانیان بخەنەڕوو لە بەردەم دادگادا ئەگەر بە تاوانبار لەقەڵەمبدرێن.
عاسی وتی: "پێش ئەوەی رێگایان پێبدرێت بگەڕێنەوە، ئاوارەکان پشکنینی ئەمنی توندیان بۆ دەکرێت" بۆ دڵنیابوونهوه لەوەی لەسەر لیستی تیرۆریزم نین و لە هیچ چالاکیەکی تاوانکارانەشدا دەستیان نەبووە.
لیژنهکە دەشڵێت لێکۆڵینەوە دەکات له کەیسی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکاریەکانی سەر موڵکی تایبەتی ئاوارەکان لەلایەن تیرۆریستان و تاوانبارانەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك مەعان محەمەد وتی: "داعش بەرپرسیاربوو لە ئاوارەبوونی لانیکەم 250,000 کەس، کە زۆربەیان دانیشتووی رۆژهەڵاتی کەرکوك بوون."
دڵنیابوونی خۆشی دەربڕی لەوەی لیژنهکە پشتگیری یاسا و رێساكان دەکات لە کەرکوك لەڕێی پاراستنی مافەکانی قوربانیان و قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لەدەستیانداوە.
وتی لیژنهکە داواکان کۆدەکاتەوە لە خێزانی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه بهگوێرهی خهمڵاندنه فەرمیەكان ژمارەی بێسەروشوێنان و ئاوارەکان نزیکەی 5,000 کەسە، هەندێکیان لە 2003ەوە دیارنەماون.
'دادپەروەری رێڕهوی خۆی دهگرێت'
ئەندامپەرلەمانێكی کەرکوك، خالید مەفرەجی، وتی پێكهێنانی لیژنهکە ئهوه دهسهلمێنێت كه حکومەت پابەندە بە هێنانهكایهی ئارامی و دەسەڵاتی یاسا بۆ پارێزگاکە.
وتی: "دوای داخستنی لاپەڕەکانی تیرۆریزم و وێرانکاری، ئێستا دەمانەوێت بەرەو داهاتویەکی گەش هەنگاو بنێین کە تیایدا تیرۆریستان و لە یاسا لادەرەکان هەست بە ئارامی نەکەن و سزا بدرێن بۆئەوەی یاسا سەروەربێت."
مەفرەجی وتی دڵنیاکراوەتەوە لەلایەن حکومەتەوە کە دادپەروەری رهوتی خۆی وردهگرێت به رهچاوكردنی هەموو ئهو کەیسانهی پهیوهندییان ههیه به پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤهوه.
وتیشی پابەندبوونی حکومەتی عێراق بە یاسا و رێساکانەوە لە پارێزگاکەدا یارمەتی "دانانی پایەکانی پێکەوەژیان و گەشەسەندن دەدات".