گەڕاندنەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی ئامانجێکی ستراتیژیە بۆ پارێزگای ئەنبار لە قۆناغی دوای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.
بۆ ئهم مهبهسته لیژنە هاوبەشەکان کە لە بەرپرسانی گشتی و سەرکردەی خێڵەکان و چالاکوانانی مەدەنی پێكدێن، پرۆژەیەکی گشتگیری ئاشتبوونهوه جێبەجێدەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاشتەوایی لە پارێزگاکەدا و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەلایەن داعشەوە سەریانهەڵداوە، بەرپرسانی نێوخۆیی بە دیارونایان وت.
پرۆژەکە لەسەر بنەمای پەیمانی خەڵکی ئەنبارە کە لەلایەن سەرکردە و کەسایەتیەکانی پارێزگای ئەنبارەوە پشتیوانیکراوە لە کانونی یەکەمی 2016.
عەقید سەبری عەبدوڵا عومەر لە بەڕێوبەرێتی کاروباری خێڵەکانی ئەنباری سەربە وەزارەتی ناوخۆ وتی: "پرۆژەکە چوارچێوەیەکی کاری دیاریکرد بۆ جێبەجێکردنی سەقامگیری لە ماوەی دوای لەناوبردنی تیرۆرستەکاندا."
عومەر بە دیارونای وت: "ئێمە دڵنیابووین کە لهناوچوونی داعش بهڵگهنهویسته و نزیكبووەتەوە و دەبوایە ئێمە ئامادەکاری بکەین لە رێی هەوڵێکی هەمەلایەنهوه لەسەر بنەمای ئامانجێکی ستراتیجی كه سهقامگیركردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی بوو."
وتیشی سهقامگیركردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت لە رێی "سزادانی تیرۆرستان و تاوانبارانهوه بەگوێرەی یاسا و لە چوارچێوەی دەستوردا و ههروهها قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆریزمیش."
پرۆژەی ئاشتەوایی گشتگیر
عومەر وتی بۆ خستنەگەڕی پەیمانەکە "پرۆژەیەکی گشتگیری ئاشتەوایی دانرا لەلایەن هەموو ئەو لایەنانەی پشتیوانی هێنانهكایهی سەقامگیری دەکەن لە ئەنبار".
پارێزگاری ئەنبار سەرۆکایەتی لیژنەی ناوەندی دەکات و لیژنەی لاوەکی ئیداریش -- یەك لیژنە بۆ هەر قەزایەك -- پێكدێت لە نوێنەرانی فیدراڵ و حکومەتی خۆجێی و رێکخراوە مەدەنیەکان و کەسایەتییهكانی خێڵەکان و مەلا و رۆشنبیران.
وتیشی لیژنەکان بەرپرسدەبن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی پرۆژەکە بەتایبەتی مادەیەك کە تایبەتە بە خێزانهكانی ئەندامانی داعشهوه کە خەڵکی ئەنبارن و بەشێوەیەکی کاتی قەدەغەکراون لە گەڕانەوە.
وتی ئەو خێزانانە رێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان بەهۆی نیگەرانییهوه سەبارەت بە گومانی هەبوونی چەند کەسێك لەنێویاندا کە بە ئایدۆلۆژیای گروپەکەوە کاریگەربوون.
وتیشی گەڕانەوەیان لەوانەیە ئاسایشی ئەنبار ناسەقامگیربکات و ئاماژەشیدا بەوەی سەلامەتی ئەو خێزانانە نیگەرانیەکی ترە کە لەوانەیە رووبەڕووی "پەرچەکرداری هەڵچوون و کۆنترۆڵنەکراو ببنەوە لەلایەن هەندێك لە قوربانیانی تیرۆریزمهوه."
ههروهها وتی: "لیژنەکان لە ئێستادا بە کەیسی ئەوانەدا دەچنەوە کە یاساكه دهیانگرێتهوه و کێشەکانیان یەکلاییدەکاتەوە بۆئەوەی رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگەکانیان."
وتی گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە بۆ ناوچەکانیان وەك هاوڵاتییهك کە پێشوازی لە میانڕەوی و پێکەوەژیان بکەن "ئەرکێکی سەختە کە پێویستی بە هەوڵی دژوارە لەلایەن لیژنەکانەوە."
'زمانی لێبووردهیی'
قایمقامی ئەنبار، ئەحمەد جیدیان دولەیمی، بە دیارونای وت بەرپرسیارێتی ئەو لیژنانە چڕبۆتهوه له "چارەسەرکردنی ئەو ناكۆكییانهی لەلایەن تیرۆریستانەوە هێنراونهتهكایهوه لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لە ئەنبار."
وتی: "بێگومان ئەمە کارێکی ئاسان نیە، بەڵام ئێمە دڵنیاین کە ئێستا دەتوانین زمانی گفتوگۆ بخەینە پێش توندوتیژی و تۆڵەکردنەوە."
وتیشی: "سەرکردە ناوخۆییە کاریگەرەکان کە قورساییان هەیە لەناو کۆمەڵگهکانیاندا" پەیوەندییان پێوەکراوە بۆ خزمەتکردن لەناو لیژنەکاندا و هیواشی خواست "لەكۆتاییدا بتوانین هەموو ئەو ناكۆكیانه چارەسەربکەین کە لەنێوان خێزان و خێڵەکاندا هەن كه بەهۆی تاوانهكانی تیرۆریستانەوە هاتوونهتهكایهوه."
هەروەها وتی لیژنە لاوەکیەکانیش دەستیانکردووە بە کۆبوونەوەی مانگانە بۆ وەرگرتنی سکاڵا لە هاوڵاتیان و تاوتوێکردنی چۆنێتی چارەسەرکردنیان و ناردنی ئەنجامی ئەو وتوێژانە بۆ لیژنە سەرەکیەکە.