هەرچەندە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەرپەڕێندراوە لە کێڵگە نەوتیەکانی باکوری عێراق کە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی دابیندەکرد، ئەو کێڵگانە هێشتا لەژێر مەترسی خراپبەکارهێناندان، شارەزایان و بەرپرسان بە دیارونایان وت.
مامۆستایهكی دارایی و بانك لە زانکۆی موستەنسریە، سادق بەهادلی، لە 2016 بە دیارونای وت داعش لەترۆپکی دەسەڵاتیدا بڕێکی زۆری نەوتی لەژێردەستدابوو کە نزیکەی سێ یەکی یەدەگی نەوتی عێراق لە باکوری عێراقدایه.
گروپەکە ملیۆنان دۆلاری دەستکەوت لە دزین و بە قاچاخبردنی نەوت.
بەگوێرەی بەرپرسانی نێوخۆ و راپۆرتە میدیاییە عێراقیەکان دوای رۆیشتنی داعش کێڵگە نەوتیەکانی باکوری عێراق هێشتا رووبهڕووی دزین و بەقاچاخبردنی نەوتێکی زۆر دەبنەوە.
ئەو راپۆرتانە پەنجەی تۆمەت رادەکێشن بۆ چەند میلیشیایەکی دیاریکراو کە لەژێرچاودێری حەشدی شەعبیدا کاردەکەن کە زۆربەی ناوچەکە کۆنترۆڵدەکات لە باشوری موسڵەوە بۆ چیاکانی حەمرین.
ئەو ناوچانە بریتین لە کێڵگە نەوتیەکانی گەیارە و نەجمە لە پارێزگای نەینەوا و عەلاس و عەجیل لە رۆژهەڵاتی تکریتی پارێزگای سەڵاحەدین.
وتەبێژی خێڵهکانی نەینەوا، مەزاحیم حوەییت، بە دیارونای وت: "ئەو کێڵگە نەوتیانە بەبەردەوامی نەوتیان لێدەدزرێت، یەکەمجار لەسەر دەستی تیرۆریستان و ئێستاش لەسەردەستی حەشدی شەعبی. سامانی سروشتی خەڵکەکە بەفیڕۆدەدرێت."
هەندێك هێز دەسەڵاتیان خراپ بەکاردەهێنن
حوەییت وتی هەندێك هێزی "دهسهڵاتدار" کە لەڕاستیدا ناوچەکەیان لەژێردەستدایە وەكو گومانلێکراو دادەنرێن، جەختیشیکردەوە کە هەموو هێزەکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبارنین.
وتیشی دزیکردن رۆژانە روودەدات کە تانکەری گەورە رێژەیەکی زۆر نەوت بەقاچاخ دەبەن بۆ ئێران لە نەینەوا و کەرکوك و سەڵاحەدینهوه.
ههروهها وتی ئەم چالاکییەش لەلایەن ههندێك هێزهوه ئاسانکاری بۆ دەکرێت کە "باڵادەستیی دەسەڵاتی سەربازییان خراپبەکاردەهێنن و کۆنترۆڵی رێگاکانی بە قاچاخبردنی نەوت دەکەن."
وتی: "دانیشتوانهكه باش ئاگاری دزیەکەن بەڵام دەترسن لە ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتداران." ئاماژەشیدا بەوەی كه هەندێك له دانیشتووان كاربهدهستانیان ئاگاداركردۆتهوه، بهڵام بۆتههۆی دەستگیرکردنیان لەلایەن ئەندامانی ئەو هێزانەوە.
حوەییت داوای لە حکومەت کرد دەستوەردانێکی خێرا بکات دژی ئەوەی ناوی لێنا به "چالاكییهكی تاوانی رێکخراو" و داواشیکرد "کۆتایی بەو دزیەی نەوتی عێراق بهێنێت".
وتیشی: "داعش سودی لە یەدەگی نەوتی ئێمە وەرگرت بۆ پارەدارکردنی چالاكییه تاوانكارانەکانی و ئەو هێزانەش هەمان شت دەکەن."
وتی ئەگەر ئهو ئەهێزانە بەبێ وەستان بەردەوامبن وڵاتەکە توشی دەرەنجامی ترسناك دەبێت کە دوایی سەخت دەبێت بۆ "دابینکردنی سەقامگیری و بوژانەوەی ئابوری لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە".
بهقاچاخبردنی نەوت نیگەرانییەکی دووبارەبووەوە
تۆمەتبارکردن سەبارەت بەقاچاخبردنی نەوت پێشتریش کراوە.
لە کۆتایی 2016، بەگوێرەی چهندین راپۆرت، شەڕکەرانی حەشدی شەعبی توانییان رۆژانە 40,000 بەرمیل نەوت بەنایاسایی بگوازنەوە بۆ ئێران لە کێڵگە نەوتیەکانی عەجیل و عەلاسی سەڵاحەدینەوە کە بەکەمتر لە نرخی بازاڕ دهیانفرۆشت.
تۆمەتەکانی ئەمدواییانە ئاراستەی چوار باڵی حەشدی شەعبی ههواداری ئێران دەکرێن: لیواکانی ئیمام عەلی، لیواکانی سەید شوهەدا، عەسائیب ئەهلی حەق و موماحەدون.
راپۆرتە نوێکان ئەوە پیشاندەدەن کە لهسهدا 70 نەوتی خاوی بەقاچاخبراو لە نەجمە و گەیارەوەیە و کارەکان لە درەنگانی شەودا ئەنجامدەدرێن بەڕێژەی 30 تانکەر رۆژانە کە هەموو هەفتەیەك نزیکەی 15,000 بەرمیل دەگوازنەوە.
شارەزای بواری نەوت، هومام شهماع، بە دیارونای وت دزین و بەقاچاخبردنی نەوت پێش هێرشی داعشیش هەبوو لە 2014.
وتیشی: "تیرۆریستان نەوتیان دزی بەڵام هەندێك گروپی چەتەش هەبوون کە لەو دزییهوه تێوەگلابوون، واته ئهمه پێشهاتێکی نوێ نیە." ئاماژەشیدا بەوەی هێزە ئەمنیەکان بەردەوام تێکدانی بۆری و خراپەکارییان ئاشکراکردووە.
زیانگەیاندن بە ئابوری و تەندروستی گشتی
شهماع وتی: "هەندێك کات چەتەکان نەوتی قاچاخ لە ئهمباردا هەڵدەگرن یان بەشێوەیەك نەوتەکە دەدزن کە زیان بە کێڵگەکە دهگهیهنێت و ئاگر دهخاتهوه."
وتیشی ئاگرەکە ژیانی خەڵك دەخاتە مەترسیەوە و هەوا و ئاو و خاك پیسدەکات بەهۆی نەشیاوی مامەڵەكردن و هەڵگرتنی نەوتەکەوە.
وتی: "بهڵام گەورەترین زیان بەر ئابوری دەکەوێت." ئاماژەشیدا بەوەی لەدەستدانی نەوت مانای لەدەستدانی داهاتی دەوڵەتە.