هێرشه ئاسمانییه نوێكانی رژێمی سوریا لە هەرێمی غوتەی رۆژهەڵات دەدهن هەینی (9 شوبات) لە پێنجەمین رۆژی هەڵمەتێکی بۆردومانکردندا کە تا ئێستا زیاتر لە 230 مەدەنی کوشتووە.
لە دووشەمەوە فڕۆکە جەنگیەکانی سوریا شارۆچکەکانی هەرێمەکەیان بۆردومانکردووە و هەزاران خێزان گیریانخواردووە لە ژێرزەمینە دەستکردەکاندا و فەرمانبەرانی فریاکەوتنیش توانایان نەماوە.
زلهێزەکانی جیهان نەیانتوانی پشتگیری داوایەکی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتوەکان بکەن بۆ ئاگربەستێکی یهك مانگی لە سوریا، بۆئەوەی رێگەبکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییه یهكجار پێویستهكان و گواستنهوهی نەخۆشەکان.
گروپە کۆمەكبەخشەکان دەڵێن هەڵمەتی بۆردومانەکە رێیگرتەوە لەوەی هاوکاریە مرۆییەکان بگەنە ناوچەکە و هۆشدارییانداوە لەوەی قەیران دروستدەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە پێنجشەمە ئەمریکا داوایکرد رژێم و روسیا هێرشە ئاسمانیەکان راگرن.
![ئەندامانی هێزی بهرگری میللی سوری ناسراو بە کڵاو سپیەکان، قوربانییەکی هێرشە ئاسمانیەکە دەردەهێننهوه لە ناوچەی عەربینی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا لە غوتەی رۆژهەڵات، پێنجشەممە (8 شوبات). [عامر موحیبانی/ئاژانسی فرانس پرێس]](/cnmi_di/images/2018/02/09/11438-Syria-civil-defence-600_384.jpg)
ئەندامانی هێزی بهرگری میللی سوری ناسراو بە کڵاو سپیەکان، قوربانییەکی هێرشە ئاسمانیەکە دەردەهێننهوه لە ناوچەی عەربینی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا لە غوتەی رۆژهەڵات، پێنجشەممە (8 شوبات). [عامر موحیبانی/ئاژانسی فرانس پرێس]
هێرشە ئاسمانیەکان سەرلەبەیانی هەینی دەستیانپێکردهوە بۆسەر شارۆچکەکانی غوتەی رۆژهەڵات.
دانیشتوانەکە ئەو چەند کاتژمێرەی وەستانی هێرشە ئاسمانیەکانیان قۆستبووهوە بۆ پاککردنەوەی داروپهردووی بەردەم دەرگاکانیان و گسكدانی شوشە شکاوەکان.
لە دوما، هەندێك خەڵك دهبینران بۆ ئەو شتانەیان دەگەڕان کە بەتەواوەتی لە کار نەکوتبوون، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە بەپەلە بەرەو بازاڕەکە دهچوون بۆئەوەی خواردن و پێداویستی دیکە بکڕن.
بەڵام دەمەونیوەڕۆ لە منارەی مزگەوتەکانەوە هۆشداریاندا کە هێرشی ئاسمانی بەڕێوەیەوە و بانگەوازکرابوو: "فڕۆکەی چاودێری لە ئاسمانە. شەقامەکان چۆڵ بکەن."
دواتر دوو هێرشی ئاسمانی پێنجشەممە عەربینی پێکا و چەندین کەسی کوشت.
کارمەندانی تەندروستی لە شارۆچکەکە وتیان توانایان نەماوەبە هۆی بۆردومانە بەردەوامەکەوە.
حەمزە، یەکێك لەو دکتۆرانهی تیماری بریندارەکانی دەکرد، وتی: "لە 2011هوه تا ئێستا هەرگیز بۆردومانی بەو شێوەیە نهبووه وەك ئەوەی له 96 کاتژمێری رابردوودا بینیمان."
'کارەساتی مرۆیی'
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند كه پێنجشەممە لانیکەم 75 کەس کوژراون، سیانیان بەهۆی برینەکانیانهوه کە لە هێرشەکەی رۆژی پێشتردا بەرکەوتبوون، ئەمەش ژمارەی کوژراوە مەدەنیەکانی لە رۆژی دووشەممەوە گەیاندە زیاتر لە 230 کوژراو.
نزیکەی 400,000 کەس دانیشتووی غوتەی رۆژهەڵاتن و لە 2013ەوە لە ژێر گەمارۆیەکی توندی رژێمدا ژیان بەسەردەبەن.
رێکخراوی منداڵپارێز وتی زیاتر لە 4,000 خێزان لە ژیرزەمیندا دەژین لە ترسی هێرشی ئاسمانی.
بهرپرسی منداڵپاریز لە سوریا، سۆنیا خوش، وتی: "گەمارۆکە مانای ئەوەیە هیچ رێگایەك نیە بۆ دەربازبوون. شەڕەکە دەبێت هەر ئێستا بوەستێت و گەمارۆکەش کۆتایی بێت."
رێکخراوی کەیر ئینتەرناشناڵ وتی چڕی هێرشە ئاسمانیەکان وایکردوە کارەکانی کارمەندانی گەیاندنی هاوکاریەکان بەوانەی پێویستیانە زۆر سەختبێت.
سەرۆکی پەیوەندیەکانی گروپەکە لە سوریا، جوێل باسول پرسی: "زۆر سەختە بۆ هاوکارەکانی ئێمە لێرە و لەوێ بجوڵێن ئینجا دەبێت بۆ خەڵكی هەژار چۆن بێت؟"
وتیشی: "گەر ئاگربەست نەکرێت و گوێ لە ههموو ئهمانە نەگیرێت، ناتوانین وێنای ئاستی ئەو کارەساتە مرۆییە بکەین."