بەرپرسانی عێراقی بە دیارونایان وت ئاوارە عێراقیەکانی شاری قائیمی رۆژئاوای ئەنبار داوایانلێکراوە ئامادەبن بۆ پشکنینی ئەمنیی ورد.
وتیان ئەو پشکنینانە دانراون بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بۆ ناو قائیم، کە لەسەر سنوورە و بەرامبەر سوریایە و لەوبەریش گروپەکە بوونی ماوە.
ستافی ئەمنی رۆژانە پشکنین بۆ سەدان ناسنامەی ئاوارەکان دەکەن لە کەمپەکانی رۆژهەڵاتی ئەنبار بەرلەوەی رێیانبدەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لە قائیم و ناوچەکانی دیکە.
پارێزگاری قائیم ئەحمەد جیدان دولێمی بە دیارونای وت پشکنینەکە زۆر "وردە" و وتیشی "رێی تێناچێت هیچ دزهكردنێك رووبدات".
ناوبراو وتی: "ئەفسەری تایبەت لە کەمپەکانی ئاوارەکانی قائیم دانراون لە رۆژهەڵاتی ئەنبار، وەك کەمپی عامریەی فەلوجە و کەمپی کیلۆ 18 لە رەمادی."
دولێمی وتی ئهو ئەفسەرانهی نوێنەرایەتی دهزگا ئەمیەکان دەکەن، وەك ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگریی دژەتیرۆریزم، پۆلیسی ناوخۆ و هەواڵگریی سەربازی، "لێکۆڵینەوە دەکەن لە مەترسیە ئەمنیەکانی هەریەك لە ئاوارەکان".
وتیشی ئەو کاتەی پشتڕاستدەبێتەوە ئاوارەیەك داوانەکراوە لەلایەن هیچ یهكێك لەو دهزگایانهوه، ئیتر ئەو کەسە مۆڵەتی ئەمنی پێدەدرێت و دەچێتەناو قافڵەکەی ئامادەکراوە بۆ گواستنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانەوە بۆ قائیم لەژێر پارێزگاریی هێزە ئەمنیەکاندا.
ههروهها وتی: "دوای ئەوەی ئاوارەکان دەگەن، مۆڵەتەکانیان دیسانەوە بە وردی دەپشکنرێت لە بازگەکان بەرلەوەی بچنەناو شارەکەوە."
بازنەی ئەمنی بهدهوری قائیمدا
دولێمی وتی قائیم دەورەدراوە بە بازنەیەکی ئەمنی توند لەلایەن چەندین یەکەی سەربازی و پۆلیس و هێزی بەرپەچدانەوەی خێرا و هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزە خێڵەکیەکانیشهوه، کە پێكڕا بە پشتیوانی هەوایی پاڵپشتیان دەکرێت.
وتی ئەو یەکانە "پارێزگاریدهكهن له ئاسایشی شاری قائیم لەگەڵ ئەو بەشە خاکەی سنووربەندە بە سوریاوە و رێگە بە هیچ دزەکردنێك یان بهزاندنی سنوورەکە نادرێت".
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار فەرحان محەمەد بەم دواییانە سەرکردە ئەمنیەکانی بینیوە بۆ باسکردنی ئهو راپۆرتە هەواڵگرییانهی نیشانیدەدەن چەکدارەکان دەیانەوێت دزەبکەنەناو قائیمەوه تا بتوانن پەیوەندی بە سەرکردەکانیانەوە بکەن لە سوریا.
محەمەد بە دیارونای وت: "داوای توندتركردنی پشکنینی ئهمنیمان كرد بۆ ئهو ئاوارانهی دەخوازن بگەڕێنەوە لهگهڵ بهدواداچوون بۆ ناسنامە و بەڵگەنامەکانیان بۆ دڵنیابوون لهوهی هیچ مەترسییهكیان نیە."
جهختیشیكردهوه لە پێویستی به بهردهوامیدان به هەوڵە هەواڵگریەکان بههاوکاری ئەو دانیشتوانەی نهیانتوانیبوو قائیم بهجێبهێڵن بەهۆی ئهو گەمارۆیهوه كه داعش سهپاندبووی.
وتی: "ئەو خەڵكە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زانیارین. دەتوانن دەستنیشانی بکەن کێ تیرۆریستە و کێ تیرۆریست نیە، هەروەها ئەوان زۆرتر بەپهرۆشن بۆ ئەمنیەتی شارەکە چونکە بەهۆی تیرۆریزمەوە زۆریان چەشتووە."
رۆژانە سەدان دەگەڕێنەوە
سەرۆکی ئهنجومهنی ناوخۆی قائیم نازم بەدران وتی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان لە قائیم "بەشێوەیەکی رێكوپێك بەڕێوەدەچێت و بەندە بە رێکاری ئەمنیی زۆر توندەوە کە مەحاڵە بتوانرێت ببهزێنرێت".
بەدران بە دیارونای وت گهڕانهوهی خهڵكهكه تابێت خێراتردهبێت و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه 8,000 خێزانی ئاوارە لە کۆی 30,000 گەڕاونەتەوە لەدوای رزگارکردنی شارەکە لە 23 تشرینی دووەم.
وتی: "رۆژانە سەدان کەس پشکنینی زانیاریەکانیان بۆ دەکرێت و چاوەڕێن سەرەیان بێت بگەڕێنەوە شارەکە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پرۆسەی گەڕانەوە سنووردارە و ئێستا تەنیا بۆ ئەوانەیە کە لە کەمپەکاندا دەژین.