لەوکاتەوەی برا گەورەکەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە رفێندراوە، خەم رووی لەیس مەجیدی 30 ساڵەی داپۆشیوە.
مەجید بە دیارونای وت دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەندامانی داعش مازنی بریان رفاند -- کە باوکی چوار منداڵە -- لە ماڵی خۆی لە گەڕەکی سۆمەری موسڵ.
وتی: "براکەم ئەفسەرێکی پێشتری پۆلیس بوو کە لەلایەن داعشەوە رفێندرا وەك بەشێك لە كردنه ئامانجی بەرپرسە ئەمنیەکان لەلایەن ئەو گروپە تیرۆریستیەوە." روونیشیکردەوە کە لە چەندین گەڕەکەوە کۆکرانەوە و خرانە زیندانی نهێنیەوە.
وتیشی داعش گومانی لەم کەسانە دەکرد، گومانی لەوەش بوو کە زانیاری دەبەخشن دەربارەی جوڵە و شوێنیان بە هێزە عێراقیەکان.
مەجید وتی هێشتا نازانێت "چی بهسهر براکەی هاتووه، ئایا زیندووە یان مردوو".
وتیشی: "گەر مردووە، پاشماوەکەی لەکوێیە؟"
هەزاران خەڵکی ونبوو
بەرپرسانی نەینەوا هەوڵدەدەن ژمارەی تەواوی خەڵکی ونبوو دیاریبکەن. خەمڵاندنەکان ئاماژە بە 15,000 کەس دەکەن، زۆربەیان لە کەرتی گشتی و دەزگا ئەمنییهكان کاریانکردووە پێش ئەوەی داعش لە ناوهڕاستی 2014 بێتە موسڵ.
بەڵام ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا خەڵەف حەدیدی بە دیارونای وت ئەمە خەمڵاندنە نەك ئامارێکی دهقاوقهق.
لە ناوەڕاستی کانونی دووەمدا، ئەنجومەنی خۆجێی هەوڵێکی جددی دەستپێکرد بۆ دروستکردنی داتابەیسێکی ورد بۆ هەموو کەسە ونبووەکان بۆ یارمەتیدانی لێکۆڵینەوەکان تا بەرەوپێش بچن.
وتی: "فۆرمێکمان دروستکردووە کە پرسیاری تێدایە دەربارەی شوناسی کەسانی ونبوو، ئەو رۆژەی تێیدا ونبوون و زانیاری زۆری دیکە دەربارەیان. بە هەزاران پۆستەر چاپکراوە و دابهشكراوه بهسهر خەڵكدا و ههروهها له کەمپی ئاوارەکاندا."
وتی لە هەفتەی یەکەمی هەڵمەتەکەدا، ئەنجومەن نزیکەی 600 فۆرمی پڕکراوەی بەدەستگەیشت.
حەدیدی وتی: "یەکەم وهجبهی ناوی کەسە ونبووەکان دەدەین بە پەرلەمانی عێراق تا هەنگاوی پێویست بنێن بۆ بڕیاردان لە چارەنوسیان."
ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە رفێندراون
لەوکاتەوەی داعش شەنگالی گرت لە 3 ئاب 2014، نوسینگەی کاروباری ئێزدییە رفێنراوەکان رفاندنی 6,417 ئێزدیی تۆمارکردووەکە نیوەیان هێشتا ونن، بەڕێوەبەری نوسینگە حسێن قەیدی بە دیارونای وت.
قەیدی وتی: "بەگوێرەی دوایین ئامارمان، تا 23 کانونی دووەم، 3,250 ئێزدی، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لەدەست داعش رزگارکراون."
وتیشی: "هەندێکیان لە ناوچەکانی سوریا ئازادکران، چونکە تیرۆریستان لەگەڵ خۆیان بردیانن کاتێك لە شەڕەکانی رزگاركردندا لە شارەکانی عێراق هەڵاتن. بەڵام ئێستا 3,167 کەسی ونبوومان هەیە کە هیچ دەربارەیان نازانین."
ههروهها وتی: "پێمانوایە لەو بەشانەی سوریان کە هێشتا لەژێردەستی داعشدان. بەردەوامدەبین لە گەڕان بەدوایاندا و بەهیواین بەزیندوویی بیاندۆزینەوە و بیانگەڕێنینەوە ماڵەوە."
فەرماندەی هێزە خێڵەکیەکانی حەدیسە شێخ عەواد سەعیدی جوغەیفی وتی داعش زۆر کەسی لە پارێزگای ئەنباریش دەستبەسەرکردووە.
جوغەیفی بە دیارونای وت: "هیچ ئامارێکی وردمان لەسەر ئەم قوربانیانە نیە." وتیشی کە "بێگومان ژمارەیەکی بەرزە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە خێزانەکانەوە دەستمانکەوتووە، کە هێشتا هیچ شتێك دەربارەی چارەنوسی خۆشەویستانیان نازانن".
وتی دهبێت لیژنەی کاری سەر بە حکومەت دابمەزرێنێرێت بۆ دۆزینەوەی هەموو کەسە ونبووەکان و کۆتاییهێنان بە مەینەتی خێزانەکانیان.