مافی مرۆڤ

داعش کێلی گۆڕەکان تێكده‌شكێنێت لە دەشتەکانی ئیدلیب و حەما

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

ئەندامێکی حەسبه‌ ('پۆلیسی ئاینی') "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کێلی گۆڕێك دەشکێنێت لە دەشتی ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: موعته‌ز عومران]

چالاکوانان بە دیارونایان وت چەتەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چەندین کێڵی گۆڕیان شکاندووە لەو گوندانەی بەم دواییانە گرتویانن لە دەشەتەکانی ئیدلیب و حەما.

بەوتەی ئەوان ئەو کارە بە ئاشکرا دەکەن بەبەرچاوی خەڵکەوە، هەرچەندە زۆربەی مەدەنیەکان لە ناوچەکە هەڵهاتوون.

چالاکوان موعته‌ز عومران لە حەلفایا لە پارێزگای حەما بە دیارونای وت: "سەرەتای ئەم هەفتەیە داعش دەستیکرد بە تەختکردنی گۆڕەکان لەو گوند و شارۆچکانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوون لە باشوری دەشتی ئیدلیب و باکوری دەشتی حەما."

عومران بە دیارونای وت گروپەکە سەرەتای ئەم مانگە هاتە ئەو ناوچەیە بە سودوەرگرتن لە شەڕەکانی نێوان رژێم و هاوپەیمانەکانی لەلایەك و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەکی دیکەوە.

image

"دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بوونی خۆی دەسەپێنێت لە دەشتی ئیدلیب و لەوێ ئەندامەکانی کۆمیتەی حەسبه‌کەی کێلی گۆڕەکان تەختدەکەن. [خاوەنی وێنە: موعته‌ز عومران]

image

چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سودیان لە پێکدادانە بەردەوامەکانی باکوری سوریا وەرگرتووە بۆ ئەوەی شوێنپێی خۆیان بکەنەوە لە ناوچەکەدا. [خاوەنی وێنە: موعته‌ز عومران]

گروپە دژبەیەکەکانی ئۆپۆزسیۆن لەژێر زەبری تەقەی رژێمدا لە ناوچەکە کشانەوە.

دوای چوونیان بۆ ئەو ناوچانە، کۆمیتەی حەسبه‌ی داعش ئەشکەنجەی دانیشتوانی گوند و شارۆچکەکانی دەستپێکرد بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ بوونی گروپەکە لە ناوچەکەدا، دوای ئەوەش گەڕان بە دوای هەر پێشێلکاریەكی ئەو لێكدانه‌وه‌ توندەی ئەوان دەیکەن بۆ شەریعەت.

کۆمیتەکە ده‌ستیكرده‌ گه‌ڕێكی پشكنین لە گوندەکانی ئوم کوسور، ئوم شەریج، موسەیبتە، ئەبو دهور، ئەبو حەبە، عنوز و ئەبو عەجوە.

چەکدارانی حەسبه‌ گوندەکان گەڕان بۆ ئەو شتانەی قەدەغەن، وەك جگەرە و نێرگەلە و خواردنەوە کحولیەکان و سەحنی سەتەلایەتیشیان لەسەر سەربانی هەندێك لە ماڵەکان شکاند.

عومران وتی گەڕانەکەیان لە گۆڕستانەکەدا تەواوکرد و لەوێ کێلی گۆڕەکانیان تەختکرد و وتیان قوتبوونه‌وه‌یان لەسەر زەوی "پێشێلکاریی شەریعەت بوو".

توڕەیی خەڵك دژی داعش

عومران وتی: "بەم کارانە داعش دەیەوێت پەیامی ئەوە بداتە دانیشتوان و لایەنه‌کانی دیکەی لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە کە سەرباری ئەو شکستە سەختەی تووشیهاتوون هێشتا دەتوانن ناوچەی دیکە بگرن و یاساکانیانی تیادا بسەپێنن."

وتی کاری گروپەکە توڕەیی لەناو خەڵكدا درووستکردووە -- هه‌م لای ئەوانەی لە ناوچەکەدا ماونه‌ته‌وه‌ کە زیاتر پیر و هەژارەکانن، هه‌م لای ئەوانەش کە هەڵهاتوون بۆ ئەو ناوچانەی ئارامترن لە باشوری دەشتی ئیدلیب.

وتیشی: "گروپەکە به‌ هێڵێكی رێك بە ئاراستەی شاری ئیدلب كشاوه‌" و لە سەعن و باکوری رۆژهەڵاتی حەماوە پێشڕەویدەکات و ئەو گوندانە داگیردەکات کە دێنە سەر رێی.

عومران وتی گروپەکە هێشتا مەترسیەکی گەورەیە، "چونکە زۆر ناوچەی جیاکردۆتەوە لە هەرێمەکە و مەدەنیەکانیش گیریانخواردووە و پێکدادانە بەردەوامەکان بۆیان جێگای سەرسوڕمان بوو، ئێستاش خەریکە بەتەواوەتی گەمارۆدەدرێن".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500